رامین حسێن‌پەناهی پاش تێپەڕینی ٩٣ رۆژ لە دەستبەسەر کردنی چارەنووسی نادیارە

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵی کومیتەی داکۆکی لە مافە مەدەنی، سیاسی و یاساییەکانی رامین حسێن‌پەناهی، پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٩٣ رۆژ لە دەستبەسەر کردنی رامین حسێن‌پەناهی زیندانی سیاسی کورد بە برینداری، تا ئێستا لە چارەنووسی ناوبراو هیچ هەواڵێک لە بەر دەستدا نییە.

رامین حسێن‌پەناهی رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە جەریانی تێکهەڵچوونێکی نێوان تیمێک پێشمەرگەی کۆمەڵە و هێزەکانی سپای پاسداران لە گەڕەکی شاڵمانی شاری سنە بە برینداری دەستبەسەر و پاش دەرمانێکی سەرەتایی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

هەواڵەکان باس لە دۆخی نالەباری تەندروستی رامین لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعات دا دەکەن و دەڵێن رامین مەترسی گیانی لە سەرە.

پاش رووداوەکەی ٢ی پووشپەڕ و دەستبەسەرکردنی رامین بە برینداری، شەپۆلی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی دەستی پێکرد و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە شەش ئەندامیتری ئەو بنەماڵەیە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعات کران کە پاش ماوەیەک پێنج کەسیان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران بەڵام تا ئێستاش ئەفشین حسێن‌پەناهی برای رامین و یەکێکیتر لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە زیندانی سنەدا بە سەر دەبات.

تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرجەم هەوڵەکانی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و دۆخی تەندروستی رامین بێ ئاکام ماوەتەوە.

PM:11:49:23/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌