لە جەریانی پێشوازی خەڵکی بۆکان لە گشتپرسی باشووری کوردستان تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رژیم روویدا + وێنە و فیلم

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک کە لە شاری بۆکانەوە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، سەرەڕای کەشێکی ئەمنیەتی توند کە ئەمڕۆ هەینی، ٣١ خەرمانان بە سەر شاری بۆکان دا زاڵ کرابوو، خەڵکی شاری بۆکان پێشوازییان لە گشتپرسی کوردستانی باشوور کرد و لە جەریانی ئەم پێشوازیەدا تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رژیم لە پارکی ساحلی بۆکان روویدا و چەند کەسیش لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستبەسەر کران.

تێکهەڵچوونەکە کاتێک روویدا کە هێزە ئەمنیەتییەکان لە پارکی ساحلی پەلاماری چەند لاوی ئەو شارەیان دا و خەڵکی بەشدار لە پارکەکەش بەرەنگاری هێزەکانی رژیم بوونەوە کە سەرئەنجام تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنیەتییەکان روویدا و چەند کەسیش دەستبەسەر کران.

پێویستە ئاماژە بکرێت، لە سەر داوای ژمارەیەک لە لاوانی شاری بۆکان بڕیار وابوو ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی خەڵکی شاری بۆکان لە پارکی ساحلی ئەو شارە لە دەوری یەک کۆبنەوە کە بە هۆی زاڵکردنی کەشێکی ئەمنیەتی توند بە سەر شاردا نەیانتوانی لە شوێنی دیاریکراو کۆببنەوە بەڵام لە چەند شوێنیتری شار بە شێوەی جۆراوجۆر لەوانە "کردنەوەی ئاگر لە بەردەزەرد، رەنگین کردنی ئاسمانی شار و هەڵپڕکێ" رێزیان لەم پڕیارە مێژووییەی کوردستانی باشوور گرت.


PM:10:16:22/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1623 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌