نووسەر وەك مرۆڤێكی دووكەرت

غەمگین بۆڵی

  نووسەر بۆ نووسین پێویستی بەوەنییە مۆڵەت لە كەس وەرگرێت و هەرگیز مۆڵەتم لە كەس وەرنەگرتووە بۆ نووسین، بەتایبەت نووسینی شیعر. ئاخر شیعر نووسین نە پێویستی بە مۆڵەتە، نەپێویستی بەكاتێكی دیاریكراو. هەمیشە نووسینی شیعر وەك یەكەم ڕۆیشتنی لافاو وەهابووە، هیچ ڕێچكە و فۆڕمێكی دیاریكراو و پێشوەختەشی نەبووە و نییە. بۆیە دەنووسم، چونكە ئەزموونی نەنووسینم تاقیكردۆتەوە و سەركەوتوو نەبوومە و نەمتوانیوە بەسەرخۆمدا زاڵبم. هەمیشە ئەوانەی قووڵبوونەتەوە بەناو دونیای ئەدەبیاتدا، ئەگەر نەنووسن و نەخوێننەوە، نەخۆش دەكەون. هەست دەكەن ناتەندروستن، هەست دەكەن لە كاروانی ژیان بەجێدەمێنن. هەست دەكەن بە باشی هەست بە شتەكانی دەورووبەریان ناكەن. بۆیە منیش هەست دەكەم خودێكی گەورە لەناوەمدا هەیە، كە خودێكە تایبەت بە نووسین و مرۆڤێكی دیكەیە لەناوەمدا دەژیت و گەورە دەبێت. ئەم خودە هەمیشە لە كێشكردن و گەشەكردندایە، خودێك وەك موگناتیس، هەموو ئەو شتانە كێش دەكات كە لەڕێگەی تێهزرین و دیدگە جیاوازەكانەوە دەكەوێتە پێشی و بەپێی توانستی كێشكردنەكەیەوە، بۆ خودی خۆی كێشیان دەكات. گومانیشی تێدانییە، كاتێك كێشی دەكات و ئەم كێشكردنە بەردەوام دەبێت، كردەی گەشەكردنەكەش كە پەیوەستە بە كێشكردنەكەوە، گەشە دەكات و هەمیشە بەسەر خودەكانی دیكەمدا سەركەوتوو دەبێت و قەبارە و بارستایی گەورەتر دەبێت. پێموایە یەكێك لە هۆكارەكانی نووسین لە لقەكانی دیكەی ئەدەبیات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
من دەنووسم و ناتوانم نەنووسم! دەنووسم بۆ ئەوەی بزانم دەتوانم دژی مەرگ بوەستمەوە، تاوەكو زیاتر بژیم. چۆن گەیشتوومەتە ئەو ڕایەی كە بۆ ئەوەی بژین یان دەبێ ملكەچی بارودۆخ و سیستەمە پڕ بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات ببین، یان دەبێت بجەنگین. نووسەر بەبێ جەنگان لەگەڵ خۆی و دەورووبەری خۆیدا، نووسەرێكی مردووە. ژیان بۆ نووسەر جەنگێكی گەورەترە لە زەمین، بۆیە دەبێت ئاقڵ بین و پەلە نەكەین لەم جەنگەدا. ئارامگرتن و بەردەوامی، باشترین هێزێكە دژی هەموو بەربەستەكان. هەرگیز بڕوا بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە ناكەم، كە لایانوایە دەرئەنجامی ئەم جەنگە، یان دۆڕانە، یانیش براوە. ئەم جەنگە، جەنگێكی بەردەوام و بێبڕانەوەیە و هەرگیز كۆتایی نایەت. جەنگی نووسەر جەنگێگە سەرەتا لەگەڵ خۆی و دواتریش لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا. بۆیە نووسین جۆرێكیشە لە سڕینەوەی كەسایەتیی نووسەر و گەشەكردن و پەروەردەكردنی ئەو خودەیە، كە لەناو خودی نووسەردایە. دیارە زۆرێك لە نووسەرانیش لەمبارەیەوە كاریان لەناو خۆیاندا كردووە و نووسەر دوو پارچەبووە. پارچەیەك وەك مرۆڤێكی ئاسایی، پارچەیەكیش وەك مرۆڤێكی نووسەر. ڕۆمانی (قەڵای سپی) ئۆرهان پاموك دەشێت نموونەیەكی جوانی ئەم دوو كەرتبوونە بێت، یان ڕۆمانی (شەوانی هیندی) ی ئەنتۆنیۆ تابووكی كە نووسەر لەڕێگەی كەرتێكییەوە بەدوای پارچەكەی دیكەیەوە وێڵە و بەناو شارەكانی هیندستاندا دەگەڕێت.



PM:07:54:13/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌