دۆخی سیاسی و ئەمنیەتیی ئێران و پاشماوەكانی

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە مانگرتنی زندانیانی سیاسی و كۆلبەران
ئامادەكار: شاهۆ مەحموودی

ئاستی كردەوەی هەر سیستەم، حكوومەت یان شێوەی كردەوەی سیتەمێك باشترین هۆكارە بۆ ناسین و لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو سیستەم یان حكوومەتە. لەم نووسراوەیەدا تێدەكۆشم بە كەڵكوەرگرتن لە كۆمەڵێك ئێلێمانی پراتیكی و بابەتی، هەروەها دەستچینێك لە كردەوە مەیدانیەكانی كۆماری ئیسلامی  بۆ لێكەوتە و دەرەنجامی  ئاستی دۆخی  ئەمنیەتی و دەسكەوتەكانی لەپەیوەند لەگەڵ گرووپ و چالاكانی سیاسی و هەروەها بارودۆخی ئابووریی ئێستا و پیلانەكانی بەدەستەوە بدەم بۆیە لێكۆڵینەوەكەم بە هەڵبژاردنی ٢ بۆنەی تایبەت، واتە: "زیندانیانی مانگرتوو" و "كۆڵبەران و كاسبكاران" كە هەركام پەیوەندیان بە دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات و سیستەمەوە هەیە و نموونەیەكی زیندوو و لەبەرچاون دەسپێ دەكەم.

بازنەی چالاكیی سیاسی:
ژمارەیەك لە سیستەم و حكوومەتەكان، خاوەنی ڕادەیەكی تاقەت و بازنەیەكی لانیكەم چكولە و تەنگن و دوورن لە هەرجۆرە پێكهێنانی دۆخێكی ئازاد و دێمۆكراتیك، هەر كردەوەیەكی سیاسی و تەنانەت مافی مرۆڤانە لەلایەن هەر تاك و گرووپێكەوە بە هەوڵێكی دژە سیستەمەكەیان دەزانن و هیچكات وەكوو هەوڵی سیاسی و مافی مرۆڤی چاوی لێناكەن بەڵكوو وەك مەترسیەك چاوی لێدەكەن و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.  ئەو حزب، گرووپ، دەستە و مرۆڤانەی كە دەیانەوێت بۆ ژیانێكی باشتر چالاكی و هەڵسووڕانی سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیان ببێت ئیزن بە هیچ دەرفەتێك  و چالاكیەكیان پێ نادرێت، ئەم سیستەم یان حكوومەتانە جگە لەوەیكە ئیزنی چالاكیی سیاسی بە هیچ گرووپ و تاكێك نادەن تەنانەت دەبێ هەموو بڕیارێك دەبێ خۆیان بیدەن  و ڕێگە نادەن جگە لە خۆیان و ژمارەیەكی كەم لە ئەندامانی سیستەم یان حكوومەتەكەیان كەسێك یان گرووپ و حزبێك تێبكۆشێ كاریگەری لەسەر گۆڕان یان هەڵسووڕانێكێ دیكەیان دابنێت. كاربەدەستان و نەفەرە یەكەم تا چەندۆمەكانی ئەم جۆرە حكوومەتانە زۆرینەیان بە شێوەی تەزویر و ساختەچی كردن و... دەستنیشان دەكرێن، دژبەرە بەناوبانگ و كاریگەرەكانیان تێرۆر دەكەن، داهاتی كەڵانی ئابووریشیان تەنها دەڕواتە گیرفانی چەن كەس  و ئورگانی تایبەت لەو سیستەم یان حكوومەتە.
ئەم جۆرە حكوومەتانە خاوەنی گەورەترین زیندانەكانن و چالاكە سیاسیەكانیان دەسبەسەر دەكەن، بۆیە چالاكانی سیاسی لە ڕووی ناچاری و ڕاكردن لە زیندان و كوشتن و بڕینیان پەنا بۆ وڵاتانی دیكە دەبەن.
یەكێك لە ژمارەكانی گۆڤاری ناسراوی "فرۆن پالیسی" دەڵێت هەر حكوومەت و سیستەمێك ئەم جۆرە كردەوانە بەكار بهێنێت دەڕواتە خانەی حكوومەتگەلی دیكتاتۆر و تۆتالیتەر و ئاماژەن بەچەندین فاكت كە حكوومەتێك دەباتە ئەو خانەوە  كە لێرەدا ئاماژە بە چەندین خاڵی بەرچاوی دەكەم:
ترساندن و كۆنتڕۆڵی دام و دەزگا ڕاگەیاندنەكان، پەرەپێدانی هاوئاهەنگیی پەیامی دام و دەزگا ڕاگەیاندنەكان لەگەڵ سیاسەتەكانی حكوومەت لە زۆرینەی پرۆگرامەكانی، سیاسیكردنەوەی ناوچە نەتەوەییەكان، سیاسیكردنەوەی ئەرتەشی نەتەوەیی، نێوخراپكردنی دژبەرە سیاسیەكانی خۆی، ڕێگری و وەلانانی كەسانی سیاسی لە ئیدارە و ئۆرگانە حكوومەتیەكان، بوونی داهاتی زۆر لە سەرچاوە سرووشتیەكان و نەرەخساندنی هەلی كار، جیاكردنەوەی ڕەگەزی و ئایینی و...

دەسبەسەركردنی چالاكانی سیاسی و باوڕمەند و دۆخی نالەباریان لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی: 
لەكۆی شارەكانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا یەك تا چەندین زیندان بوونی هەیە، بەڵام لە كۆی ناوەندی پارێزگاكان زیندانی گەورە دابینكراوە، واتە زیاتر لە ٤٠ زیندانی گەورە لە ئێراندا بوونی هەیە و یەكێك لە ئێلێمانی دێڕەكانی سەرەوەیە، لەم زیندانانە زیندانی سیاسی لە خراپترین بارودۆخەكاندا بوونی هەیە.
"مانگرتنی ١٥ زیندانیی سیاسی و باوڕمەند لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران" ئەمە سەرتیتری سەرجەم سایت و ماڵپەڕە هەواڵنێریە فارسی و كوردیەكانە كە هەموو ساڵێك روودەدات و بە لێكۆڵینەوە لە ئەرشیڤی هەر ماڵپەڕێكی مافی مرۆڤی دەتوانن بەباشترین شێوە بیخەنە بەر دیدەی خۆتان.

بەپێی هەواڵەكان ١٥ كەس لە زیندانیانی سیاسی و باوڕمەند لە زیندانی ڕجایی شاری كەرەج، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە: "ڕێگریكردنیان لە حەوانەوە لە هەواخۆریی زیندان، بوونی كامێرای چاوەدێری لە شوێنە شەخسیەكانیان و نەدانی تەواو و كەماڵی ئەو كەرەستە ئیزن پێدراوانەی كە لەلایەن بنەماڵەكانیانەوە بۆیان دەچێت و هەروەها كۆمەڵێك هۆكاریی دیكە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. زۆربەی ئەم ١٥ كەسە بۆ جاری چەندەمە كە مانیان لە خواردن گرتووە و ساڵانێكە لە زیندانن. بەپێی هەواڵە بڵاوكراوەكان، تیمی تایبەتی ئەمنیەتیی زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج، ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو ٨ گەلاوێژ، زیندانیە سیاسی و باوڕمەندەكان كە لە بەندی ١٢ ئەو زیندانەدا بوون بەبێ ئەوەیكە پێشتر ئاگاداریان بكنەوە و هیچ لە كەرەستە شەخسیەكانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، بەتوندوتیژی دەیانگوازنەوە بۆ بەندێكی دیكە لەو زیندانە گەورە. بەپێی هەواڵی ژمارەیەك لە ماڵپەڕەكان بەتایبەتی كەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەم زیندانیە سیاسی و باوڕمەندانە لە بەندە نوێكەیان كامێرای چاوەدێری و ژمارەیەك كەرەستەی تایبەت بە كۆنتڕۆڵی دەنگیان تێدا بەكاربراوە، هیچ شوێنێكی بۆ حەوانەوە نیە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هیچكام لە بەندەكانی دیكەی زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج بەو شێوە دیزاین نەكراوە.
بەدوای ئەم هەوڵەی كاربەدەستانی زیندانی ڕەجایی شار، هەر لە هەمان ڕۆژدا ١٨ كەس لەو زیندانیانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن و ١٥ كەسیان تا چەند ڕۆژ پێش داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە درێژەیان بە مانگرتنەكەیان داوە و تاكوو داڕشتنی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەكە هیچ هەواڵێكی نوێ بڵاو نەبووەتەوە.
 ئەو زیندانیە سیاسی و باوڕمەندانە بریتین لە: جەعفەر (شاهین) ئێقدامی، سەعید ماسوری، قاسم فولادوەند، حەسەن سادێقی، ڕەزا ئەكبەری، مۆنفەرێد قازیانی و ئەمیر قازیانی بەشێوەی ڕەسمی لە نامەیەكدا بەرپرسی زیندانیان لە مانگرتنەكەیان ئاگادار كردووەتەوە و زانیار مورادی، لوقمان مۆرادی، سەعید شیرزاد، شاهین زۆقیتەبار بەرپرسی زیندانیان ئاگادار نەكردووەتەوە و مانگرتنیان دەسپێكردووە.
بەوتەی ئەندامی بنەماڵەی یەكێك لە زیندانیە سیاسیەكان تاكوو ئێستا هیچكام لە جل و بەرگ، كەرەستە شەخسیەكان، دەوا و دەرمان و تلێڤیزیۆن و... كە پێشتر زیندانیەكەیان خۆیان كڕێبوویان و لە بەندی پێشوویان بەجێ مابوو تەحویلیان نەدراوە. لەهەمان كاتدا موحەممەد سەیفزادە، پارێزەری دادگوستەری لەپەیوەند لەگەڵ دامەزراندنی دەزگای كۆنتڕۆڵی دەنگ لە بەندی نوێی زیندانیە سیاسی و ئەمنیەتیەكان ڕایگەیاندووە: "بوونی دەزگای كۆنتڕۆڵی قسە و دەنگ لەو بەشە نایاساییە. جێگای ئاماژەیە زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج ژیان بەسەر دەبەن كە زۆربەیان لە چالاكانی مەدەنی و كرێكاری، بەهاییەكان، ئەندام و لایانگرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هەروها كورد بوون و هیچ جۆرە دەرفەتێك بۆ هاتنە دەرەوە چ بەشێوەی كاتی و چ بەشێوەی تەواویان پێ نادرێت. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ڕەزا شەهابی، ئەندامی سەندیكای كرێكارانی شركەت واحێدی ئوتووبووسڕانیی تاران زیاتر لە ١٠ ڕۆژە مانگرتن لە خواردنی دەستپێكردووە، ڕەزا شەهابی لە دوسیەی نوێی كە سەندیكای كرێكارانی شركەت واحێد پێیان وایە دۆسیەی نوێیان بۆ سازكردووە  بە یەك ساڵی دیكەی زیندانی تەعزیری مەحكووم كراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ٥ مانگ ڕەزا شەهابی بەبۆنەی نەخۆشینەوە و بە دەنگی ئەرێنی دوكتور مەرەخەسی پێدرابوو بەڵام دوای تەواوبوونی دەرفەتەكەی دادستانیی تاران وەكوو نەهاتنەوی بێهۆكار باسی كردووە. لە ساڵانی ڕابردوو و تەنانەت بەدرێژایی تەمەنی كۆماری ئیسلامی، بەردەوام لە زیندانەكاندا بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و باوڕمەند و تەنانەت زیندانیەكانی دیكەش مانگرتن لە خواردن بوونی هەبووە و تەنانەت ژمارەیەكی بەرچاو لەو كەسانەی مانیانگرتووە گیانیان لەدەستداوە كە دەكرێت بە ناوەكانی هودا سابر و ئەكبەر موحەممەدی، ئاماژە بكرێت.

ئەمنیەتی ئابووری و دۆخی مرۆڤ:
"باری بوزان" یەكێك لە ئابووریزانانی ناسراو دەڵێت: ئەمنیەتی ئابووری خاوەنی ٣ بەشە: ئەمنیەتی ئابووریی تاكەكان، گرووپەكان و چینەكان، كە لێرەدا تەنها بەشی یەكەمی شیدەكەینەوە. ئەمنیەتی ئاستی تاكەكان بریتیە لە دەسپێڕاگەشیتی ئاسایی هەر تاكە مرۆڤێك بە خواردن، ئاو، سەرپەنا و شوێنی خەون، دام و دەزگای فێركاری و فێربوون و لەئاستی بەرزتر تێزی ئەمنیەتی ئابووری بەربەرینتر و تێكڵاو بە كۆمەڵێك پرسی سیاسی دەبێت كە پەیوەندی بە كاری بەردەوام، گەڕانی پووڵ لە بازاڕەكان، نەمانی دزیی حكوومەتی و دابینی كەرەستە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەی عادڵانە، ئاستی حەقدەست و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری یاسایی بۆ هەموو خەڵك و... پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە  هەڵسووڕانی چالاكانی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە هەیە. لە نەبوونی ئەمنیەتی ئابووریدا چالاكانی سیاسی و كرێكاری دەبنە تریبوونی خەڵكی مەدەنیی بێكار و بێنان و بێماڵ. بەپێی ئەم دەستوورە، ئەمنیەتی ئابووری بریتیە لە دابینكردنی پێداویستیە بنەڕەتیە مەعیشەتیەكانی هەر تاكە مرۆڤێك بەشێوەی  عادڵانە و بەرابەر و بەجۆرێكە مرۆڤ و داهاتی ئابووری بە شێوەی تەمام و كەماڵ یان لانیكەم (كۆی پێداویستیی مەعیشەتی و سرووشتی) ئارامش و ئاسایشی بەبێ هیچ مەترسیەك بەدەست بێنێت و بە یارمەتی یاسا تێبكۆشرێت بۆ نەمانی هەژاری، كاری مەترسیدار و نایاسایی، بوونی خواردنی ئێستاندارد، بێهداشت و تەندرووستی، ئامادەكاری بۆ كاری سەربەخۆ و...
"كۆڵبەرێك بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا" ئەمە هەواڵێكە كە لانیكەم ٢ ڕۆژ جارێك سەرتیتری ماڵپەڕەكانە. بەپێی ئەو فاكتانە وا لە دێرەكانی سەرەوە ئاماژە كرا ئەمنیەتی ئابووری نەك بوونی نیە بەڵكوو تەكۆشانێكیش بۆ دابینكردنی ئەمنیەتی ئابووری بوونی نیە، داهاتی بەهێزی نەوتی ڕەش دەتوانێك پردێك بێت بۆ نەمانی ئەم جۆرە كارە مەترسیدارانە، بەڵام لە ئەگەری باسكردنی دەڕواتە خانەی پرسە سیاسیەكان. لە دێڕەكانی خوارەوەدا ئاماژە بە ٢مانگ لە كاری مەترسیداری كۆڵبەری و كردەوەی بەراببەری حكوومەت دەدرێت كە هەموو ئەم نموونانە دەتوانێ ببێتە مەبەست بۆ خوێنەرانی 
ڕاپۆرتەكە.

٨ڕۆژی گەلاوێژی ڕابردوو، هێزە ئینتزامییەكانی رژیم لە نزیك گوندی دۆڵەبیی شاری سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كرد و لە ئاكامدا كۆڵبەرێك بەناوی "ئازاد مینە عەبدولی"، خەڵكی گوندی "دەرمان‌ئاوێی" سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی ئەم هێزانە  بە سەختی بریندار بوو. ئەو كۆڵبەرە كوردە بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە بۆ ناوەندێكی دەرمانیی شاری ورمێ گواستراوەتەوە و ئێستاكە لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشكی دایە. هەینیی ڕابردوو، ١٣ی گەلاوێژ، هێزە ئینتزامییەكانی رژیم لە پاسگای گوندی چیانەی سەر بە شاری پیرانشار تەقەیان لە ماشینی كاسبكارێكی كورد كرد و لە ئاكامدا شۆفێری ماشینەكە ب ناوی "فەرهاد زەردی"، كە خاوەنی دوو منداڵ بووە، گیانی لە دەستدا. جەلال باڵان، ئەو كۆڵبەرە كوردەی هەفتەی رابردوو لەلایەن هێزەكانی سەرسنووری پیرانشارەوە تەقەی لێكرا و لەلای سەریەوە بە سەختی برینداربوو، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد، سەر لە بەیانیی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژ، بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە گیانی لە دەستدا. جەلال باڵان، كوڕی محەمەد باڵان، رۆژی ٦ی گەلاوێژ، لەلایەن پاسگای گوندی سنووریی كونە مشكێی پیرانشارەوە تەقەی لێكرا و لەلای سەریەوە بە سەختی بریندار و پاشان بە هۆی قورسی برینەكەی بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد گواسترابووەوە. پێویستە ئاماژە بكرێت، جەلال باڵان لە كاتێكدا كراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەكانی رژیم، كۆڵبەرێكیتریشی لەگەڵ بووە بەناوی "مەنسوور رەسوڵی ئازەر" كە ئەویش بەهۆی تەقینەوەی مین لاقی راستی پەڕیوە.
١٨ی گەلاوێژی ڕابردوو، هێزە جێگیركراوەكانی سەرسنوور لە سنووری "دۆڵ مەیدان" هەڵكەوتوو لە نێوان كێوەكانی كێلەشینی سەر بە شاری شنۆ، تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كرد كە لە ئاكامدا كۆڵبەرێك دەستبەجێ گیانی لە دەستدا. ناسنامەی ئەم كۆڵبەرە كوژراوە "فەرهاد جەسیمی"، خەڵكی گوندی سیدانی سەڵماس راگەیاندرا. هەینیی رابردوو، ٢٠ی گەلاوێژ، كۆڵبەرێكی كورد بەناوی "عیزەدین خالدی"، لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رژیم لە سنووری شنۆ تەقەی لێكرا و كوژرا. پێنجشەممەی رابردوو، ٢ی خەرمانان، هێزە ئینتزامیەكانی رژیم لە نزیك شاری بانە تەقەیان لە ماشینی كاسبكارێكی كورد كرد و لە ئاكامدا كاسبكارەكە بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی ئەم كاسبكارە كوردە "نژاد فەرەج پووریان"، خەڵكی گوندی كێلێی سەر بە شاری بانەیە. ئەم كاسبكارە كوردە چوار فیشەكی بەركەوتووە و بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سنە گواستراوەتەوە. هەینیی ڕابردوو ، ٣ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەكانی رژیم لە نزیك گوندی سنووریی "هەشتیان"ی سەر بە شاری ورمێ تەقەیان لە كۆڵبەرێك بەناوی "عەزیز ئەمین پوور"، ٢١ ساڵ تەمەن، كرد و برینداریان كرد.
عەزیز بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی شاری ورمێ گواستراوەتەوە و لەژێر چاوەدێریی وردی پزیشكی دایە.
لەچەند رۆژی رابردوودا و لە درێژەی كوشتن و برینداركردنی كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد لە سنوورەكانی كوردستان بە تەقەی هێزەكانی رژیم، ژمارەیەك كۆڵبەر لە ناوچەی سنووری شلێری سەر بە شاری مەریوان كەوتنە كەمینێكی هێزە ئینتزامییەكان و لە ئاكامدا كۆڵبەرێكی خەكی شاری سەقز بە ناوی "ئەمیر"، بە تەقەی راستەوخۆی ئەم هێزانە بە سەختی برینداربوو.
هێزە ئینتزامییەكان لەم هێرشەیان بۆ سەر كۆڵبەران دەستیان بە سەر كەلوپەلی ١٥ كۆڵبەریشدا گرتووە.
جێگای ئاماژەیە، ئەمیر بە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی بۆ ناوەندێكی دەرمانیی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.

PM:08:05:09/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌