٣٨ ساڵ دوای رووداوی قاڕنا و قەڵاتان






 
 ن: مستەفا زاهیدی

در این برف      چه می خواهی به من بدهی خوشبختی جان ؟
           از كجای این زیبایی سرد       لذت ببرم ؟
           در این برف      حلبچه ام را كجایم جا داده ام
                                                    كه جا شوم در تو فصل ؟
           قَرنا و قَلاتان      در قنداق سه ماهه ای جاماند  
                         كه لوله ی تفنگ را به جای پستان      مكید تا مغز
           چه می خواهی به من بدهی خوشبختی ؟

(مریم هولە)

هانا بۆ كوێ‌ ببەم ، كە هانام بۆ هیچ كوێ‌ ناگات، وێنەی ئەو مناڵە سێ مانگەیەی كە لوولەی تفەنگ خراوەتە دەمی و ئەو بە جێی مەمكە مژە ، تا مۆخ دەیمژێ‌ و سەرەنجام مۆخی دەپژێنێ‌، ببەمە بەردەم كامە دادگا، هەێ‌ داد، هەی بێداد، دادم ببەمە لای كامە بێ دادگا، كە كەس مەرگی من، مەرگی قاڕنا نابینێ‌. كەس تەرمی لەت و پەت كراو و جەستەی دەست بڕاو و سەر بڕاوی ئەم گوندە نابینێ‌. كەس نەیبینی  و نایبینێ‌، ئەو رۆژە لە بەر تاوی گەرمی هاوینەدا، چۆن قاڕنا بوو بە جەهەنەم، چۆن گوندێ‌ كرا بە قوربانی، كەس نەیدی چۆن سەربازانی ئیمام زەمان بە خوێنێ‌ مناڵانی ناو لانك و دایكانیان دەست نوێژیان گرت و شوكرانەیان بژارد بۆ فەتحی نوێیان. 
28ی گەلاوێژی 1358ی هەتاوی و 6 مانگ دوای بە دەسەڵات گەیشتنی رژیمی ئیسلامی، خومەینی پیری جەماران فەرمانی هێرش بۆ سەر كوردستانی دەكرد. خومەینی فەرمانی بە هەموو هێزە زەمینی و ئاسمانی و تەنانەت دەریاییەكانیش دا بەوەی كە هێرش بكەنە سەر كوردستان تا بە قەولی خۆیان كوردستان لە چنگی كافران دەربهێنن. هەر زۆر زوو ئەم فەرمانەی خومەینی لە لایەن هێزە نیزامییەكانی رژیمەوە جێ‌ بە جێ‌ كراو و هێرش كرایە سەر كوردستان و لە بەرامبەریشدا خەڵكی كورد كە دەیانزانی مافەكانیان پێشێل دەكرێ‌ دژ بەم رژیمە وەستانەوە. 
رژیم هەر لە یەكەم ساتەكانی هێرش بۆ كوردستاندا، لە هیچ جینایەتێك دەستی نەپاراست و بۆ سەركوت كردنی بزووتنەوەی كوردستان دەستی دایە خولقانی زۆر جینایەتی نامرۆڤانە. كوشتنی 11 كەس لە شاری پاوە، رۆژی 28ی گەلاوێژی 58 و یەكەم رۆژی ئەم فەرمانەی خومەینی، سەرەتای ئەم جینایەتەی رژیمی ئیسلامی بوو، هەر لەو ساتەوەو تا ئێستا رژیم بە زەبری تفەنگ و چەك و كوشت و كوشتار ، ویستوویەتی و دەیهەوێ‌ دەسەڵاتی خۆی لە كوردستان دابسەپێنێ‌ و خۆی بكات بە ئەمری واقێع. هەر بەم بۆنەوە خولقێنەری زۆر جینایەتی نائینسانی و نامرۆڤانە بووە، كە بۆ خەڵكی كوردستان لە بیر ناكرێن و بەردەوام لە بیرەوەرییەكاندا دەمێننەوە.
رۆژی 11ی خەرمانانی 1358ی هەتاوی ، بەرامبەر بە 2ی سێپتامبر یەكێك بوو لەو رۆژانەی كە رووداوێكی تراژیك لە كوردستان رووی دا. لەم رۆژەدا و 14 رۆژ دوای فەرمانی شوومی هێرشی خومەینی بۆ سەر كوردستان، جینایەتكارانی رژیمی ئاخووندی، بە هاوكاری كۆمەڵێك لە خەڵكی ساویلكە و دەمارگرژ، بە فەرماندەهی ئاخووند مەلا حەسەنی هێرشیان كردە سەر گوندی قارنا سەر بە شاری نەغەدە و جینایەتێكیان خولقاند كە دەكرێ‌ ببرێتە خانەی جینۆسایدەوە.
كاتژمێر 1ی دوا نیوەڕۆی 11ی خەرمانانی 1358ی هەتاوی، ئاوایی "قاڕنا" هەڵكەوتوو لە 10 كیلۆمەتری نەغەدە و لە سەر رێگای نەغەدە- خانێ‌، كەوتە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەتی و پاسدارەكانی كۆماری ئیسلامی و 68 كەس لە دانیشتوانی بێ تاوانی ئەم گوندە بە نامرۆڤانەترین شێوە شەهید كران ، زۆربەی ئەو كەسانەی لە لایەن رژیم و دەست و پێوەندییەكانیانەوە شەهید كران، ژنان و مناڵان و بە ساڵا چوان بوون. 
لەم هێرشەدا، بۆ كوشتنی خەڵكی قاڕنا لە هەموو چەشنە چەكێكی سارد و گەرم كەڵك وەرگیرا. سەید ئەحمەد دانیشتوویەكی ئەو گوندە دەگێڕێتەوە :
" چەند كەسێكیان بە چەكی گەرم و كوشت و چەند كەسێكی تریان بە چەقۆ و كارد سەربڕی و مێشكی مناڵانیشان بە زەبری پۆتینەكانیان پژاند. :"
سەربازانی ئیمام زەمان ئەو كات لە هیچ جینایەتێ دەستیان نەپاراست و ئەوەی بۆیان كرا دەهەق بە خەڵكی قاڕنا كردیان. ئەو كاتەش خەڵكی ئێران و كوردستان، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم جینایەتە نامرۆڤانەیە دەربڕی، بە قەولی خۆی لێژنەیەكی دانا بۆ ئەوەی لایەنەكانی ئەم جینایەتە، بەڵام تا ئێستاش ٣٨ ساڵە، ئەم لێژنەیە هیچ وەڵامێكی بۆ خەڵك نەبوە و بێدەنگەكراوە بەرامبەر بەو جینایەتە. ئەمە لە حاڵێكدایە هەمووان دەزانن هۆكاری ئەو جینایەتە جەنابانی بەرپرسی كۆماری ئیسلامین و ئەگەر بێت و دادگاییەكی عادڵ دابمەرزێ‌ كە لە لایەنەكانی ئەو جینایەتە بكۆڵێتەوە، ئەوەی كە دەبێ وەك تاوانبار سزا بدرێ‌ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامین. 
بە هیوای ئەوەی رۆژێ‌ ببێ‌ كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە دادگایەكی عادڵدا لە سەر ئەو تاوانانەی دژبە گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی كورد ئەنجامیان داوە دادگایی بكرێن، وەك چۆن بەپرسانی رژیمی بەعس لە سەر جینایەتەكانیان دژ بە گەلی كورد دادگایی كران. دەبێ تاوانی ئەو مناڵەی لە ناو لانكدا مێشكی دەپژێندرێ‌ چی بێ‌؟ خەڵكی قاڕنا بە كامە گوناه وەها قەتڵی عام كران؟ 
هەڵبەت رژیم هەر بەم جینایەتەوە نەوەستاو چەن رۆژ دواتر دەستی دایە هێرش بۆ سەر گوندەكانیتر لەوانە، ئیندرقاش، قەڵاتان، سەوزی، سەرچنار و....  .
ئێستاش لە ساڵیادی ئەو رووداوە دڵتەزێنەدا تاجە گوڵینە لە سەر گلكۆی ئەو قوربانیانە دادەنین و نفرەت دەكەین لەو رژیمەی كە ئەو جینایەتەی خولقاند. جینایەتێ‌ كە بوو بە هۆی مەرگی 68 كەس لە خەڵكی ئەو گوندە.


PM:09:55:28/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌