رێگری کرا لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی هونەری لە بۆکان

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، کۆنسێرتی شەوانی فلکلۆری بۆکان کە بڕیار ئەمشەو و سبەی شەو واتە شەوانی شەممە و یەکشەممە، ٢١ و ٢٢ گەلاوێژ، لە هۆڵی سیمۆرغی بۆکان بەڕێوە بچێت لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی بۆکانەوە پێش لە بەڕێوەچوونی گیرا و بە سەرپەرەستی کۆنسێرتەکە "شۆڕش ئەبووبەکری" راگەیەندرا: لە بەر هۆکاری ئەمنیەتیی نابێ کۆنسێرتەکە بەڕێوە بچێت.

شۆڕش ئەبووبەکری لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕێکی ناوخۆیی راگەیاندووە: زیاتر لە ساڵێکە خەریکی وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیم بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆنسێرتە و دوای ماندوو بوونێکی زۆر و فرۆشتنی بلیت سەرئەنجام ئیدارەی ئیرشاد رازی بوو بەوەی کە شەوانی ٢١ و ٢٢ گەلاوێژ، ئەم کۆنسێرتە بەڕێوە بچێت و ئێستاکەش ئەمڕۆ پێش دەستپێکردنی بەرنامەکە لە لایەن ئیرشادەوە پەیوەندیم پێوە گیراوە کە دەبێ کاتی بەڕێوەبردنەکەی دوا بخرێت بۆ کاتێکی دیارینەکراو و بە هۆی هەندێک هۆکاری ئەمنیەتی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتەکە هەڵوەشاوەتەوە.

کۆنسێرتی شەوانی موسیقی فلکلۆری بۆکان بڕیار بوو ئەمشەو و سبەی شەو واتە، ٢١ و ٢٢ گەلاوێژ، بە بەشداری زیاتر لە بیست هونەرمەند، ئەدیب و شاعیری ناوداری موکریان لە هۆڵی سیمۆرغی شاری بۆکان بەڕێوە بچێت.

جێگای ئاماژەیە، 
بڕیار وابوو ئێوارەی رۆژی هەینی، ٢٠ گەلاوێژیش، یارییەک لە نێوان دوو یانەی وەرزشی سەرداری بۆکان و سەید سادق"کوردستانی باشوور" لە یاریگای بۆکان بەڕێوەبچێت بەڵام بە هۆی دژایەتی شورای تەئمینی شاری بۆکان کە پێکهاتووە لە "نوێنەری ناوەندە ئەمنیەتیی و ئینتزامییەکانی رژیم" و فەرمانداری شار بە بیانووی پاراستنی ئەمنیەت یارییەکە راگیرا و پێش لە بەڕێوەچوونی گیرا.

PM:11:58:12/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌