ناوەندی ڤەژین روونکردنەوەیەکی روو بە رای گشتی بڵاوکردەوە

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، رۆژی رابردوو، ٢٠ گەلاوێژ، هەواڵی ئاگرتێبەردانی بنکەی سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی هونەری ڤەژین لە شاری مەریوان لە ئاسۆی رۆژهەڵات بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری ئەم ناوەندە لە مەڕ ئەم رووداوە روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕوونکردنەوەیک بۆ ڕای گشتی لەمەڕ سووتێنرانی بنکەی سەرەکیی ناوەندی ڤەژین

بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین داخراو بوو، لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و...) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.

 

ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەی کە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێب‌سووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بە پشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بە پشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێ دەکاتەوە.

ناوەندی فەرهەنگی‌-‌هونەریی ڤـەژین مەریوان


AM:10:52:12/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 143 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌