ئاکسیۆنێک بۆ پشتیوانی لە رامین حسێن‌پەناهی لە ئۆسلۆ بەڕێوەچوو

ئاسۆی رۆژهەڵات: ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی ١١ی٨ی٢٠١٧ی زایینی لە سەر بانگەوازی كۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات كۆمیتەی نۆروێژ و كۆمەڵەی كولتووری نەوان/نۆروێژ، ئاکسیۆنێک بۆ پشتیوانی لە رامین حسێن‌پەناهی لە بەر دەركی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوەچوو.

سەرەتا هاوڕێ ڕامیار ئیزەدی بەخیڕهاتنی ئامادەبووانی كرد و مەبەستی ئەو گردبوونەوەی باسكرد.

هاوڕێ ئازاد شەریفی بە نوێنەرایەتی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵەی لاوان و ژنانی ڕژهەڵات، كۆمەڵەی كولتووری نەوان و كۆمیتەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە نۆروێژ پەیامی پشتیوانی لە ڕامین حوسەین پەناهی خوێندەوە.

كاك زانیار كرماشان بە زمانی فارسی وتارێكی لە بابەت پشتیوانی لە خواستەكانی بنەماڵەی ڕامین و سەرجەم زیندانیانی سیاسی پێشكەش كرد.

هاوڕێ جەلال هانیسی چەند  شێعر و پەخشانی لە هۆنراوەكانی خۆی خوێندەوە، مریەم مەهدەوی وتارێكی بۆ پشتیوانی لە ڕامین حوسەین پەناهی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

دواتر هونەرمەندی دەنگ خۆش كاك شێركۆ مەریوانی سروودێكی پێشكەش بە یادی هاوڕێیانی گیانبەختكردووی دووی پووشپەڕ كرد.

پاشان هاوڕێ ڕامیار ئیزەدی بە درووشم دان بە زمانەكانی فارسی و نۆروێژی لە دژی كۆماری ئیسلامی، پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و خواستەكان بۆ ڕامین حوسەین پەناهی درێژەی بە بەرنامەكەدا.

لە كۆتاییدا هاوڕێ ئیبراهیم كۆنەپۆشی سوپاسی ئامادەبووانی كرد و كورتەیەك لە گرینگی ئەو كۆبوونەوەیە و هەستی هاوكاری وهاوخەباتی و گوشارەكانی ڕژیم بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بە تایبەت بنەماڵەی ڕامین حوسەین پەناهی باس كرد و ماڵ ئاوایی لە ئامادەبووان كرد.

شایانی باسە كۆمەڵێك لە چالاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان باكوور، پارتی ئازادی كوردستان باكوور،پارتی ئازادی وێڕای تێكۆشەرانی سەر بە خۆ بەشداری ئەو خۆ پیشاندانە بوون.

هاوڕێ ئاسۆ قادری لە بەشی ڕاگەیاندنی كۆمەڵە لە نۆروێژ وێنە و فیلمی لەم ئاكسیۆنە هەڵ ئەگرتەوە.

كۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات كۆمیتەی نۆروێژ
كۆمەڵەی كولتووری نەوان/نۆروێژ

PM:11:55:11/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌