دوو سزای سێدارە، سێ گیانبەختكردوو، بریندارێک، پەنجا ساڵ زیندان و دەستبەسەر كردنی پتر لە ٦٠ كەس؛ بەشێكە لە ئازارەكانی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی

راپۆرت: ئەمجەد حسێن‌پەناهی "چالاكی مافی مرۆڤ و ئەندامی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی"

لە چل‌وچوار رۆژی رابردووەوە بە گشتی دە جار بنەماڵەم بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و قوروە كراون، لە چوار حاڵەتیاندا هێزە ئەمنیەتییەكان شەوانە بە شێوەیەكی دڕندانە هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی باوكم، ١٨ جار هێزەكانی سپا، ئیتلاعات و هێزە ئینتزامییەكان سەردانی ماڵی ئێمەیان كردووە.

لەو ماوەیەدا ماڵی باوكم بە تەواوی لە ژێر چاوەدێری ناوەندە ئەمنیەتییەكان دابوون؛ تا بە ئەمڕۆش لە رێگای كامێرای چاوەدێریەوە هەموو هاتووچۆیەك بۆ لای بنەماڵەكەمان بە وردی كۆنتڕۆڵ دەكرێت.

باوكم ٨٠ ساڵی تەمەنە و پاش نەهامەتییەكانی ئەم دواییانە بۆ سەر بنەماڵەكەمان نەخۆشینەكەی پەرەی سەندووە و دیتن و بیستنی تووشی كێشەی جیددی بووەتەوە، بە وتەی قسەكانی دایكم لەم چەند رۆژەی دواییدا دۆخی تەندروستی خراپتر بووە و بانگهێشت كردنەكەی رۆژی دووشەممەی ئیدارەی ئیتلاعاتیش نەخۆشییەكەی لێ قورستر كردووەتەوە و ئێستاكە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

تا ئێستا زانیارییەكی دروستمان لە باروودۆخی رامین بە دەست نەگەیشتووە؛ سەردان و هەوڵە بەردەوامەكانی بنەماڵەكەم بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و سپا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەندامانی بنەماڵەكەمان كە ئێستا لە گرتووخانەكانی ئیتلاعاتدا دەستبەسەرن بێ ئاكام ماوەتەوە، ئیدارەی ئیتلاعات دەڵێ رامین لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەرە و ئیتلاعاتی سپاش هەمان قسە روو بە ئیدارەی ئیتلاعات دەكاتەوە، بۆیە تا ئێستا نازانین رامین لە دەستی كام ناوەندی ئەمنیەتی دایە و لە كوێ دەستبەسەرە.

زیاتر لە ١٢ ساڵە بنەماڵەكەمان بە شێوەی جۆراوجۆر "دەستگیری، كوشتن، دوورخستنەوە و جۆرەها گوشاری دەروونی و جەستەیی" خراونەتە ژێر گوشار و ئەزیەت و ئازاری دڕندانەی كۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ئەم ساڵانەدا دەرد و نەهامەتی زۆرمان بە سەر هاتووە كە باس كردنی لە نووسراوەیەكی ئاوادا ناگونجێ، ئەزموونی تاڵی گیانبەختكردنی ئەندامانی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی"ئەشرەف، سەباح و مەسعوود" و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی ئەنوەر حسێن‌پەناهی لە ماوەی حەوت ساڵ دەستبەسەربوون لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندان بۆ بنەماڵەی حسێن‌پەناهی بیرەوەرییەكی ناخۆش و پڕ لە ئازار و مەینەتە كە هەرگیز لە بیری ناكەین.

بۆ ئاگاداری رای گشتی پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم لە ١٢ ساڵی رابردووەوە زیاتر لە ٦٠ كەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی دەستبەسەر كراون و بە رۆژ و مانگ و ساڵ لە گرتووخانەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ماونەتەوە كە دەتوانین ئاماژە بەو كەسانەی خوارەوە بكەین:

ساڵی ١٣٨٤: فوئاد حسێن‌پەناهی ٦ مانگ زیندان، تۆفیق حسێن‌پەناهی ساڵێك زیندان، عەباس حسێن‌پەناهی ساڵێك زیندان، مەهدی حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، عابدین حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، عوسمان حسێن‌پەناهی پێنج ساڵ زیندان، ئەسەد حسێن‌پەناهی ساڵێك زیندان، مەسعود حسێن‌پەناهی دوو ساڵ زیندان.

ساڵی ١٣٨٥: فاتح حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، سابیر حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، یەعقوب حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، سەلمان حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، سیروان حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان.

ساڵی ١٣٨٦: ئەفشین حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، سیروان حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، بەدیع حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، ئیقباڵ حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندان، فەرزاد حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، مەسعود حسێن‌پەناهی بۆ جاری دووهەم شەش مانگ زیندان، ئارمان حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، هادی حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان.

كۆتاییەكانی ساڵی ١٣٨٦: ئەنوەری برام "حسێن‌‌پەناهی" سەرەتا سزای ئیعدامی بە سەرداسەپا كە پاشان كەم كرایەوە بۆ حەوت ساڵ، ئەسەد حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات؛ تۆفیق حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، ئیسماعیل حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، ئەفشینی برام"حسێن‌پەناهی"دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، سیروان حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، رامینی برام"حسێن‌پەناهی" دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، ئەرسەلانی كوڕە خاڵم سزای ئیعدامی بە سەر داسەپا كە دواتر بۆ شەش ساڵ كەم كرایەوە، ئەشرەفی برام"حسێن‌پەناهی" دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات كە سەرئەنجام بە دەستی هێزەكانی رژیم تیرۆر كرا، فایەق حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان، هادی حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بەدیع حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات.

ساڵی ١٣٨٧: پەروانەی خوشكم "حسێن‌پەناهی" مانگێك زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات و پێنج ساڵ سزای تەعلیقی

ساڵی ١٣٨٧: عیرفان حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان، ئەسعەد حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان، كەیوان حسێن‌پەناهی دوو مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، پەیمان حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان، مەسعود حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان، سەباح حسێن‌پەناهی چوار مانگ، رەمەزان حسێن‌پەناهی دوو مانگ.

ساڵی ١٣٨٧: بەدیع حسێن‌پەناهی پێنج ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانەكانی باشووری ئێران.

ساڵی ١٣٨٩: ئەفشینی برام ساڵ و نیوێك زیندان، بەدیع حسێن‌پەناهی ساڵێك و دوو مانگ زیندان، مامۆستا فەیزوڵڵا حسێن‌پەناهی دوو ساڵ زیندان، محەمەدی كوڕی مامۆستا فەیزوڵڵا دوو ساڵ زیندان، مەسعود حسێن‌پەناهی ساڵێك و دوو مانگ زیندان، شەمسەدین حسێن‌پەناهی ساڵێك و دوو مانگ زیندان، فەردین حسێن‌پەناهی پێنج مانگ زیندان.

ساڵی ١٣٩١: سەباح حسێن‌پەناهی ساڵ و نیوێك زیندان، سیروان حسێن‌پەناهی ساڵێك و دوو مانگ زیندان، شێرزاد حسێن‌پەناهی ساڵێك و دوو مانگ زیندان، فایەق حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان.

ساڵی ١٣٩٤: عەلی حسێن‌پەناهی "مامۆستای قوتابخانە" شەش ساڵ زیندان؛ ئێستاكە بۆ تێپەڕاندنی حوكمەكەی لە زیندانی سنە دایە.

ساڵی ١٣٩٥: سەلمان حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان، پویا حسێن‌پەناهی شەش مانگ زیندان و دوو ساڵ سزای تەعلیقی، پویا موقەدەم چوار مانگ زیندان، ئەفشین حسێن‌پەناهی مانگێك زیندان لە گرتووخانەی ئیتلاعات، ئارەش حسێن‌پەناهی چوار مانگ زیندان.

ساڵی ١٣٩٦: عەباس حسێن‌پەناهی، كەیوان حسێن‌پەناهی، ئەنوەر حسێن‌پەناهی، ئەفشین حسێن‌پەناهی، زوبەیر حسێن‌پەناهی و ئەحمەد حسێن‌پەناهیش پاش رووداوەكەی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران كە ئەنوەر، زوبەیر، ئەحمەد و كەیوان پاش ماوەیەك راگیران لە گرتووخانەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتی ئازاد كران و تا بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە عەباس و ئەفشین حسێن‌پەناهی لە گرتووخانەكانی ئیتلاعات راگیراون و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە.

هەر ئێستا مەترسی ئەوەش هەیە كە رامین بە هۆی ئازار و ئەشكەنجەی ناوەندە ئەمنیەتییەكان و بە لە بەرچاوگرتنی ئەم مێژووە رەشەی كە كۆماری ئیسلامی لە هەڵسووكەوت لە گەڵ زیندانیانی سیاسی بوویەتی، دۆخی تەندروستی مەترسیدار بێت.

هەر لێرەوە نەك وەك چالاكێكی مافی مرۆڤ بەڵكوو وەك برای رامین و ئەفشین حسێن‌پەناهی لە سەرجەم ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای نێونەتەوەیی داواكارم لەم بارەیەوە هەڵوێستی جیددی بگرن و رێگری بكەن لە روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراویتر بۆ بنەماڵەی حسێن‌پەناهی.


PM:03:48:06/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌