لە هەرەسی دەریا و دونیا

هاوڕێ یوسفی

ڕەنگە یەكەم كەسەم لە گومانەوە دەست پێ ئەكات
چما دونیا خەیانەتێكە لە گشت مرۆڤەكان ئەكرێ
بڕیار بوو دونیا باڵی مرۆڤەكان هەڵگرێ و 
ڕێگە نەدات نوقتەكان هەرەس بێنن
بەڵێ... حەقیقەتی دونیابوو
(دونیا هەمیشە پەڕانتزێكی هیلاكە)
دونیا زەمینەیەكە بۆ غوربەت
(عەرزێكە ئاخری گشتمانە)
خانم پێویست بوو دونیا زەبوونترین كاكەشان بێت؟
دووڕیان بوو
بەدووبەرەكیدا كەوتین
دوودڵی سێوەكانی پێ لەتكردین
دونیا لێوڕێژە لە جادە و كەوش و...
كەوش؟
ئەرێ كەوش/ چ وشەیەكی ماندووە
هەر كەوش ئەندازەی دونیای لەبەر بوو
كەس لە قسەی كەوشەكان تێناگات
هەمیشە كەوشەكان دنیایان پێعەجیبە
تۆبێژی كەوشەكان تاقەتی كەویر بن؟
چ كات دونیا بیری لە كەویرەكانی كردۆتەوە كە كەوش لەخۆی؟
تۆ هیچ مەڵێ با كەویر هەر فێری سەبووریمان كات
با تەنیا كاروانەكان بزانن كەویر چەنێ تێرە لەخۆی
دونیا تاكوێ ئەگەڕێ؟
بڵێی ڕێگە بدات پەنجەرەیەك دیاری بكەین؟
پەنجەرەیەك بۆ بینینی ئەو كچانەی هیچكات نەیانزانی دوای ئەوان پیرتر ئەبین
ڕاستە دونیا دەریاوانێكە باوەڕی بە لەنگەر نەماوە؟
ئەرێ، قەت دەریامان پێوەنایەت
عەرز ئەزانێت مرۆڤەكان نركەیان لێوە نایەت
(هەمیشە گشت گیانمان كەشتیە نەوەك ڕۆژێ لە دونیا و لە خۆماندا چەند نوقتەی تریش...)
خانم؟ بنووسم؟ چەند نوقتەی تریش بنووسم؟
بنووسم خاك حەشری پێكردین؟
خاك فێری جەنگی كردین؟
خۆ خاك هەمیشە پڕیەتی لە یادگار
یادگار؟
یادگار پێی وتین: (ئەوكاتەی ڕەنگی دونیا سارد ئەبێ
ژیان بەرەبەرە كامڵبوونی مردنە)
ڕۆڵە مناڵی درۆیەكی گەورەیە
دونیا ئێوارەیەكە
ئێوارەیەكی نارنجی
(نارنجیتر لەو ماڵانەی سەعاتێكیان نیە دیوارەكانی پێبسپێرن،
چاوێكیان نیە گریانێكی پێ بسپێرن)
هەمیشە گریان كاتی دابڕانی مرۆڤ بووە لەسەر زەمین
بۆیە دونیا شەوێكە هیچ ئەستێرە و ئۆستوورەیەكی تیا نییە بۆ دڵتەنگی
(ئاخ خوایە ئاخ، ئەم لاپەڕە چەنێ عەزیەتم ئەكا)
من ئێژم ئەنووسم / ئەشێ بنووسم
ناتوانم بنووسم / نازانم بنووسم
دەبێت بنووسم
هەموو شوێنێكی دونیا ماڵی كەوشەكانە
كەوشەكان بڕێكی دونیان
كەس سێحری كەوشەكان تێناگات
 دەی با بەكەوشەكاندا بزانین چەنێك دەریا و دونیامان بڕیوە
هەتا دونیا مەنفای هەموومان بێت
چی لە یادگار
چی لە دونیا
چی لە كەوش و كەویر
چی لە هەرەسی نوقتەكان...
ڕاستە جیهان ئاشووبێكە لەسەر ئاو؟
ئاو لە كوێی دونیادا ماتڵە؟
ئاو یانی بەرماڵ؟
دایكم ئێژێ: بەرماڵ ڕێگەی هەڵاتنی مرۆڤە لەسەر ئەم دونیایە
بەڵێ، دەریا هەموو شتێكی دونیا ئەخنكێنێت
ئاو بەتەنیا غەریبترین شتی سەر دونیایە
ئەرێ، ئاو نەهایەتی دونیایە
بۆیە؛ (لافاو بێباكترین هێرشە بۆسەر دونیا)
نۆبەرەی هەناسەكانی دونیا بەسەر ئێواراندا ئەكشێ
كە دونیا پڕبەدڵ بێتاقەتە لە ماڵەكان، لە مناڵەكان
خۆ وتم گەنجێتی گەمەیەكی تازەیە
خۆ وتم میوەكان بۆنی خۆیان نەهێناوە
گوناهی ئێمە نەبوون بوو
گوناهی ئێمە سەبووری بوو
بەڵێ: هەمیشە مرۆڤ پاشماوەی جەهەنەم و ئاوە
ساڵێكیان / مانگێكیان / ڕۆژێكیان
كوڕێك لە ئاو و دەریا و دونیا و جەهەنەمدا خنكا
ئەو كوڕەی پێشتر وتمان
(كوڕێكە خوماری مردنە)
لاسارترین گۆرانیی سەرزەمینە
بەڵێ، خۆ وتت:(حیكمەتی دونیا ژیانێكی هەراسانە)
باوكم ئێژێ:(هەمیشە دونیا جەبرێكە پڕیەتی لە "ئەشێ")
تكایە؛ چەند ساڵە وەیلانم
كوڕەكەی منتان نەدیوە لە شوێنێكی ئەم شیعرەدا مردبێت؟
بەخوا من و دایكی سەرمان لە دەریا و دونیا دەرناچێ.


PM:04:29:05/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌