یادی گیانبەختکردووانی ٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی یۆنان بەرز راگیرا

ئاسۆی رۆژهەڵات: دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە، ١٦ی جولای، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەت لە شاری ئاتێنی وڵاتی یۆنان، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێز لە گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵی کۆمەڵە لە شاری سنە گیرا.

پێشكەشكاری ڕێوڕەسمەكە، هاوڕێ شەیدا مستەفا، ڕێوڕەسمەكەی بە سروودی "بانگەواز"، سروودی ڕەسمی كۆمەڵە و چەند ساتێك بێ دەنگی بۆ یادی گیانبەختكردووانی ٢ی پووشپەڕ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد دەست پێكرد. 

لە درێژەی ڕێوڕەسمەكەدا هاوڕێ "سیروان مەجیدی" ، ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی بە بۆنەی گیانبەختکردووانی دووی پووشپەڕ خوێندەوە. 

دواجار، هاوڕێ "شاهۆ مەحموودی" وتەیەكی سەبارەت بە بەرز راگرتنی یادی هاوڕێیانی سێڕیانی شاڵمان پێشکەش كرد، كورتەیەک لە ژیاننامەكانیان و  هەروەها ئاماژەی بە دۆخی جەستەیی نالەباری كاك ڕامین حسێن پەناهی كرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا كۆمەڵێک پەیام و پەیامی هاوسۆزی و هاوخەمی و هاوخەباتی لە لایەن حیزب و ڕێكخراوە سیاسییە كوردستانیەکان بە دەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمە گەیشتن كە بریتی بوون لە:
حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران 
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
حیزبی دیمۆكراتی كوردستان  
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
پارتی كرێكارانی كوردستان.

لە بەشێکیتری رێوڕەسمەکەدا هاوڕێ "میدیا ئیزەدی(هەژیر)" بە ئیجرای سروودێك بە یادی ئەو هاوڕێیانە ڕێزی لە خۆنەویستی و گیانبازی ئەو تێكۆشەرانە گرت.

لەكۆتاییدا كاتێك بۆ وێنەگرتنی میوانان و پەیوەست بوونیان بە كەمپەینی پشتگیری لە كاك ڕامین حوسێن پەناهی تەرخان كرا و بەم شێوەیە ڕێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران_ 
تەشكیلاتی یوونان
٢٠١٧.٧.١٦

AM:12:22:17/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌