"سەباح" هێمای شەرم و شكۆ

سۆران پاڵانی

رێك دوو ساڵ لەمەوبەر، لە فێرگەی پیشمەرگایەتی كۆمەڵە، كە وەك مامۆستا، لە خولی پێگەیاندن و پەروەردەی سەرەتایی خوازیارانی پێشمەرگایەتی دەرسم دەوتەوە. بە كۆمەڵێك لاوی خوێن گەرم و تێكۆشەر و پڕ لە هەستی كوردایەتی ئاشنا بووم. وەك عادەتی هەمیشەیی خۆم بۆ ئاشنا بوون وزانینی ئاستی هۆشیاری و خوێندن و ...  داوام لێدەكردن، یەك بە یەك خۆیان دەناساند. لەوێ بە كورێكی باڵابەرزی رەش ئەسمەر، خوێندەواری بواری زانستی كۆمپیوتەر، تەشیكلاتی نهێنی كۆمەڵە، بەڵام تا بڵێی شەرمن و ئارام بە ناوی "سەباح حوسێن پەناهی" ئاشنا بووم. ئەو كوڕە خۆنەویستە كە بە شەهید بوونی بوو بە هەوێن بۆ  بەردەوام بوونی تێكۆشانی ئێمەو هاوسەنگەرانی.
من لە یەكەم نیگاكانەوە خۆشم ویست. هەر بۆیە دوای تەواو بوونی خولی سەرەتایی پێشمەرگە. كە چەكی پرَ لە شانازی پێشمەرگەی كۆمەڵەی لە شانكرد. پێشنیارم بۆ بەرپرسانی سازماندەیی كرد كە لە تەلەفزیۆن ئەركی پێ بسپێرن. ئەوانی وایان كرد. لەو ماوەیەدا لە تەلەفزیۆن بوو بە هێمنی و ئارامی، بە شەرمنی و خۆنەویستی، خۆشەویستتر بوو.
سەرەتایی ساڵی  2016، كۆمەڵە بۆ رێكخستنەوەو گەشەپێدانی راگەیاندن، كۆمیسیۆنی راگەیاندنی دامەزراند. ئەركی ئەو كۆمیسیۆنە بە من درا. هەر بۆیە دوای داخرانی تەلەفزیۆنیش داوا لە من كرا بۆ ئەو گەڵالە نوێیەی راگەیاندن لەو پێشمەرگانەی كە لە تەلەفزیۆن كار دەكەن. چەند كەسێك هەڵبژێم. من خۆم ئەوم لە بەرنامەدا دانابوو، پرسیشم بە هەر هاورێیەكیش دەكرد، دەموت كێ باشە؟ دەیوت سەباح زۆر زۆر شارەزاو كارییە. بەڵێ سەباح وابوو. 
دەستەیەك لە  گەنجترین، باشترین و چالاكترین پێشمەرگەكانی كۆمەڵە كە پێكهاتبوو لە سەباح حسێن پەناهی، سۆران ئازەربار، سمكۆ بەنەفشی، ئارام محەممەدی، شاهۆ مەحمودی، شەیدا مستەفا، عادڵ بەهرامی.... جگە لە چەند هاورێیەكی تر كە لە بەشی راگەیاندن بوون. سازمان دران. ئیتر لێرەوە من و سەباح یەكترمان زیاتر دەدی و یەكترمان زیاتر دەدواند.
هەر لە سەرەتای كارمانەوە، ژینگەیەكی هاورێیانەمان خوڵقاند. بۆیە بە ماوەیەكی كەم كاری بنیاتیمان كرد. توانیمان ببین بە نموونەی ئۆرگانی هاوئاهەنگ و هاوپێوەند، توانیمان ببین بە نموونەی هاورێ و هاوسەنگەرو دۆست و برا و خەمخۆرو جێ متمانە و خەمرەواندنەوەی یەكتر. هەر ئەوە بوو وای كردبوو. دیاریكردنی كاتی كار بۆ ئێمە ئەهەمییەتی سفر بێ، لە دوای هەموو شوێنەكانی تر دەرگامان دادەخراو كە دەچووینەوە بۆ ماڵ، لەوێوە جارێكیتر دەستمان پێدەكردەوە. 
بە هۆی شارەزایی و لێزانینی، كرا بە بەرپرسی كاروباری تەكنیكی و مۆنتاژی كارەكانمان. ئەو لە دروست كردنی كەناڵ و پەیج و ئەكاونتی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان شارەزا بوو. هەر زوو لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكانی وەك فەیس بۆك و ئەنستاگرام وتیلیگرام و یوتیووب و ... بە ماوەیەكی زۆر كەم چەندین كەناڵ و لاپەرەی كردەوەو ژمارەیەكی زۆر هاوڕێشی بۆ دۆزییەوە. ئەوەندە خۆ نەویستانە كاری ئەكرد. شەو و رۆژی نەدەناسی. خراپ بوونی هێڵی ئەنتەرنێـت و بڕانی كارەبای نەعلەتی زۆر جار زەحمەتی چەند سەعاتێكی ئەوی دەكردەوە بە سفر، بەڵام سیگارێكی دادەگیرساندو دەستی پێدەكردەوە. قورسترین كارەكانی كۆمیسیۆنی راگەیاندن و زۆرترین كارەكانی لە سەر ئەو بوو. هەمووشیانی بە دڵ و بە گیان و وردبینانە ئەنجامئەدا. جاری وا هەبوو تا بەرەبەیان خەریكی كار بوو. بە تایبەت عیلاقەیەكی زۆری بە كلیپ دروست كردن بۆ سروود و چالاكی و وێنەی پیشمەرگانە هەبوو. وەك سەربازی ونیش وابوو. حەزی نەدەكرد ناوی خۆی لە سەر دابنێ.
ئەو ژینگە هاورێیەتیە وای كردبوو كە زۆر بە باشی هاورێیان تێكەڵی زیاترو شۆخی و دەرد دڵی زیاتر پێكەوە بكەن. بۆیە زۆر جار سۆران ئازەربار و سەباح كە زۆر تیكەڵ بوون پێكەوە و منیش خۆشم دەویستن. دەهاتن بە شۆخیەوە بۆ ئەوەی عەزیەتی یەك بكەن شتێكیان بە من دەوت و منیش دواتر پێم دەوتنەوە. هەر زوو هەردووكیان، بەرامبەر هەر یەكەیان بایە، قسەكەیان دەناسییەوەو پێكەدەنین. دواتر دەستیان دەكرد بە روونكردنەوە بۆم. پێم خۆشە شتێك بگێرمەوە بەهاری 2016 كە سەرەتای تیم ناردنەوە بوو، دەبوا كۆمیسیۆنی نیزامی ئەگەر لە هەر ئۆرگانێك، پێویستی بە كەسێ بایە بۆ ناردنەوە بۆ ناوخۆ، داوای لە بەرپرسی ئۆرگان بكردایە. سۆران و سەباحیش بەردەوام بە منیان دەوت، ئەگەر داوای ئێمەیان كرد  دەبێ رازی بی. من دەموت ئێوە كادری نیزامی نین و هی راگەیاندنن. ئێوە كاری سەرەكی ئەكەن، ئێوە نەبن كارەكان نابێ هەردوكیان دەیانووت كەسی تریش فێر بووە. رۆژێك سۆران هات و زۆر شێرو رێوی هێنایەوە كە من رازی بم كە ئەو سەباح بڕۆنەوە. منیش كردمە شۆخی، وتم كەس نە داوای ئێوەی كردووەو نە باسیشتان دەكەن. ئێوە خۆتان وا لە خۆرا، حیساب بۆ خۆتان دەكەن. تازە چەكدار بوونە، باوەڕیان پێتان نیە بتان نێرنەوە. چوون سۆران و سەباح هەردووكیان تەشكیلاتی نهێنی بوون، ئارەزوویان بوو بچنەوە. ئەمجارەیان بە جلی پێشمەرگایەتیەوە سەردانی سەنگەری شار بكەنەوە. دواتر وتم سۆران رەنگە داوا بكەن بۆ سەباح رازی بم بەڵام بۆ تۆ قەد رازی نابم، چوون كارەكەمان پەكی ئەكەوێ. وتی ئاخر كا سۆران سەباح بڕواتەوە دوایی بێتەوە سەرم كەچەڵ دەكا. بە بزە هەمیشەییەكەی وتی كاك سۆران كەوایە بۆ هیچكاممان رازی مەبە. سۆران گیان سەباحەكەی من و تۆ رۆیی و سەختیشە باوەر بكەین نایەتەوە. ئاخ و ئاخ....
من زۆر بیرەوەریم لە گەڵ ناوبراو هەیە. كە چاوم پڕ دەكا لە فرمێسك و گەرووم پڕ دەكا لە هاوار. هەر یەك لەوانە دەمخاتە بیری كۆمەڵی تایبەتمەندی گرنكی ئەو. سەباح لە راستیدا رۆح سوك و بە بیروباوەڕ و بە مانای وشە گەنجێكی بە حەماس و شۆڕ شگێر بوو. ئەو ئەگەر چی لە بواری ئای تی و تەكنیكییەوە شارەزا و خاوەن بەهرە بوو، بەڵام دەیووت من حەزم بە بەشی چەك و نیزامیە. پێشمەرگایەتی راستەقینە بەوە دەزانم. بۆیە سەرەڕای ئەوەی منی خۆشدەویست و رێزی دەگرتم. دوای ئەوەی كارەكانی خستە سەر رێرەوی خۆی چووە بەشی فەنی و دوایش چووە بەشی ناوەندی پارێزگاری تا شەهیدیش بوو. لەو شوێنەدا مایەوە.
سەباحەكەی ئێمە، گەنجێكی بەئەدەب و ئارام و هێمن و شەرمن. كورێكی خەمخۆر و وەفادار و هاورێ دۆست و خۆنەویست. خاوەنی عیزەتی نەفس و قبوڵنەكەر تا ئاستی یاخی بوون. رێزی بەرامبەری ئەگرت، بەڵام تا بڵێی قسە لە روو. تایبەتمەندییەك كە من زۆرم حەز لێ بوو. بە ورە و بە ئیمان و باوەر،  شتێك باوەڕی پێی نەبا، نەیئەتوانی قبوڵی كا. نارەحەتیش بایە نەیئەتوانی بیشارێتەوە. زۆر جار نارەحەت دەبوو، وەرەز دەبوو، دەتۆرا. من و کاک جەلیل ئازادیخواز و كاكە سمكۆ بەنەفشی و ئارام و سۆران و شاهۆ و كاك سەلاح قەنادی هەموومان دەچووین، دڵماندەدایەوەو ئاشتمان دەكردەوە. سەباح چەند قسە لە روو بوو، ئەوەندەش دڵناسك بوو. پاك و میهرەبان و خاكی بوو. جارێكیان لە كۆبوونەوەی مانگانەی ئۆرگاندا. نۆبەی گرت و قسەی كرد. قسەكانی زۆربەی رەخنە بوو لە كاروباری هاوڕێیان. مەكسێكی كرد. وتم زۆرت ماوە سەباح گیان. بە پێكەنینە پڕ لە سۆزەكەیەوە وتی: جا كا سۆران گیان ئێستا نۆبەی رەخنە گرتن لە تۆیە. هەموومان پێكەنین. وتم فەرموو، وتی تۆ قەولت داوە كۆمپیوتەرێك لە بەشی كتێبخانە وەرگری بۆ راگەیاندن. كارمان پێیەتی بۆ جێبەجێت نەكردووە. وتم راست دەكەی و هەر رۆژی دواتر بۆم جێبەجێكرد. ئاخ یادگارییەكان چەند كوشندەن.           
ئای چەند رۆح سووك بوو لە كاركردن. چەند دڵخۆش بوو بەو ئەركانەی كە پێیان دەسپارد. چەند ماندوو نەناساس بوو لەو خزمەتانەی كە دەیكرد. چەند بە دیسپلین و خاوەن وەفا بوو، بۆ بیروباوەر و هاوڕێیانی. ئەو لە هەر كارێكدا كە  تەواوی دەكرد، دەست خۆشیم لێدەكرد، دەیوت كا سۆران وەزیفەیە. بەڵێ ئەو ئەركناس بوو. ئەركناسێك كە من  باوەرم پێی هەبوو، كە لە داهاتوودا ببێ بە كادرێكی ستوونی بۆ كۆمەڵە و كۆمەڵگاكەی. بەڵام ئەو وەك هەمیشە چەند شەرمن بوو، ئەوەندەش یاخی.  بۆیە نەوەستا و  وەك شوارەسوارێكی مەیدان، سنوورە دووژمنی خستە سەر پشت و  بە خوێنی خۆی سنەی خوێناوی كردەوە. ئەو بوو بە قارەمانێكی نەمر بۆ مێژووی گەلەكەی. بەڵێ سەباح شەهید بوو. سەباح ئیتر  هێمایەكە لە شەرم و شكۆ لە كاروانی  رووسووری گیانبەختكردوانی كۆمەڵەدا. 

   یادی شەهید سەباح حسێن پەناهی و حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری بەرز و رێگایان پڕ رێبوار رادەگرین.



PM:12:40:24/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌