مێژوویی دێرینی كوردستان(3)


فوئاد محه ممه دی

به‌شی سێهه‌م

به‌سه‌رهاتی‌ تیره‌ هه‌ر كۆنه‌كانی‌ كوردستان :


1_عیلامییه‌كان: له‌ڕه‌سه‌نی‌ سپییه‌ كۆنه‌كانن. زۆر ده‌گونجێت عیلامییه‌كان له‌شه‌پۆلی "ئاری‌"یه‌كانی‌ یه‌كه‌م بن. 3 تا 4 هه‌زار ساڵ پێش زایین (6هه‌زار ساڵ پێش ئێستا) له‌كه‌ناری رووباره‌ی‌ "كارون" (كه‌رخه‌) دا بوون، كه‌ بریتیه‌ له‌وڵاته‌كانی‌ لۆرستان، ئیلام‌و به‌ختیاری‌ ئێستا. 2_ گۆتی‌: گه‌لێك له‌ڕۆژهه‌ڵات ناسه‌كان به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن قه‌ومی‌ "گۆتی‌‌و كورتی‌" بنچینه‌‌و ره‌گه‌زی‌ هه‌ره‌ كۆنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌. له‌5 هه‌زار ساڵ پێشدا ئه‌و قه‌ومه‌ گه‌لێك زۆردار بووه‌، سه‌رداره‌كه‌یان كه‌ ناوی‌ "ئانتاتۆم" بووه‌، چووه‌ به‌گشت عیلام‌و سه‌ركه‌وتووه‌، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ناوبانگی‌ گۆتییه‌كانی‌ خستۆته‌ مێژووه‌. ناوچه‌كه‌یان بریتی‌ بووه‌ له‌: ناوه‌ندی‌ هه‌ردوو رووباره‌كه‌ی‌ سیروان‌و زێی‌ بچوك كه‌ ناوه‌ندیان "ئاراپخا" (كه‌ركوكی‌ ئێستا) بووه‌. 3_ لۆللۆ: (سه‌ده‌ی‌ 28ی‌ پ.ز) لۆللۆكان له‌باكووری‌ كاسییه‌كاندا بوون، له‌سلێمانی‌ شاره‌زوور، زه‌هاوی‌ ئێستا. 4_كاسی، له‌4 هه‌زار ساڵ پێش ئێستاوه‌ ناویان له‌مێژوودا هاتووه‌_ نیشتمانی‌ قه‌ومیان وڵاتی‌ "كرمانشان"‌و "لۆرستان"ی‌ ئێستا بووه‌ یه‌كێك له‌ 6 قه‌ومی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن. 5_ سۆباری‌: بۆ یه‌كه‌مجار ناوی‌ ئه‌و قه‌ومه‌ له‌هه‌زاره‌ی‌ سێهه‌می‌ پێش زایین له‌ده‌ست نووسی "لۆگاڵ ئانی‌ مۆندۆ" هاتووه‌_ ناوچه‌كانیان بریتی‌ بووه‌ له‌ " باكووری‌ عیلام تا چیای‌ ئامانووس" (ئه‌م چیایه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان ئه‌ده‌نه‌‌و ئه‌سكه‌نده‌رونه‌ له‌باكوری‌ كوردستان)6_ میتانی‌: دواییین قه‌وم له‌ 6قه‌ومی‌ هه‌ره‌ كۆنی‌ مه‌نزومه‌ی‌ زاگرۆس (بنچینه‌ی‌ ره‌گه‌زی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد) دیاكۆنۆف ده‌ڵێت: وڵاتی‌ میتانی‌ له‌میانه‌ی‌ هه‌زاره‌ی‌ دووهه‌می‌ پێش زایین له‌به‌شی باكووری‌ دوو ئاوان (مێزۆپێتامیا) به‌شی‌ باشووری‌ فه‌لاتی‌ ئه‌مه‌نیا‌و به‌شێك له‌سوریه‌ تاكو موسڵ‌و كه‌ركوكی‌ له‌خۆ ده‌گرت. 7_ مانایی. یه‌كه‌مینجار له‌سه‌ده‌ی‌ نۆهه‌می‌ پێش زایین له‌ساڵنامه‌كانی‌ ئاشووری‌ ناویان براوه‌. پێته‌ختیان شاری‌ ئیزیرتۆ له‌په‌نجا كیلۆمه‌تری‌ شاری‌ سه‌قزه‌.
8_ نایری‌: ئه‌م قه‌ومه‌ له‌ناو نه‌ته‌وه‌كۆنه‌كاندا ناوی‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ده‌ی‌ (12ی‌ پ.ز) به‌دواوه‌ له‌مێژووی‌ ئاشووریدا ناویان ده‌ركردووه‌. له‌سه‌ده‌ی‌ (10 پ.ز) دا هه‌رێمه‌كانی‌ نێوان زێی‌ گه‌وره‌‌و رووباری‌ دیجله‌ له‌ژێر حوكمیاندا بووه‌. (باكووری‌ كوردستان). 9_ هیتی‌: له‌ناو قه‌ومه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ (ئه‌نادۆل)دا ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ زۆر گرینگ‌و ناوداره‌. ئه‌مانه‌ له‌و قه‌ومه‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن كه‌ له‌(كوردستان)ی‌ توركیه‌ی‌ ئێستادا 1500 ساڵ ژیاون. 10_ ئۆراڵتوو (خالیدی‌): له‌ساڵی‌ (1250 پ.ز) به‌دواوه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ئه‌نادۆل په‌یدا بوون. ئاشوورییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ رۆژئاوای‌ گۆمی‌ (ورمێ‌)و ده‌وروپشتی‌ گۆمی‌ "وان"نیان وتووه‌. 11_ كاردۆخۆ: ده‌وڵه‌تی‌ ماد پێكهاتووه‌ له‌پاشماوه‌ی‌ ته‌واوی‌ قه‌ومه‌ هه‌ره‌كۆنه‌كانی‌ زاگرۆس، كه‌ له‌ساڵی‌ (700 پ.ز) پێكهاتوو و دواتر له‌شكستی‌ كیاسالار (كه‌یخه‌سره‌و) (633_584 پ.ز)دا بووه‌ به‌ ئیمپڕاتورییه‌ك كه‌ هه‌ر له‌ ناوه‌ندی‌ فه‌لاتی‌ ئێرانه‌وه‌ تا كو عێراق باكووری‌ كوردستانی‌ ئێستا‌و سنووری‌ سوریه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ دابووه‌. یه‌كێك له‌تیره‌ گه‌وره‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ماد "كاردۆخۆ" بوو. كاردۆ_خۆ دوو وشه‌یه‌، كاردۆ ناوی‌ تیره‌كه‌یه‌ (خۆ) كۆده‌نگه‌ به‌ زمانی‌ ئه‌رمه‌نی‌. گزن فۆن له‌كتێبه‌كه‌ی‌ خۆیدا (گه‌ڕانه‌وه‌) له‌ساڵی‌ (400 پ.ز)دا ناویانی‌ هێناوه‌. 6قه‌ومی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م قه‌ومانه‌یانی‌ ( عیلامی‌، گۆتی‌، لۆللۆ، كاسی، سۆباری‌، میتانی‌) بنچینه‌ی‌ ره‌گه‌زی‌ ئێستای‌  نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد پێك دێنن‌و هه‌ر كامه‌یان زۆرتر له‌10 هه‌زار ساڵه‌ نیشته‌جێی‌ زاگرۆسن‌و له‌ 5 هه‌زار پێش ئێستاوه‌ ناویان هاتۆته‌ ناو مێژوو.
سه‌رده‌می‌ عیلامییه‌كان : "ئه‌مین زه‌گی‌ به‌گ له‌مێژوو ناوداره‌كه‌یاندا قه‌ومگه‌لی‌ (گۆتی‌، لۆللۆ، كاسی، سۆباری‌) داناوه‌ بۆ پۆله‌می‌ یه‌كه‌مینی‌ مه‌نزومه‌ی‌ زاگرۆس. بێ گومان ئه‌م مێژوو نووسه‌ ناوداره‌ی‌ كورد به‌دوای‌ وردبوونه‌وه‌یه‌كی‌ زانایانه‌ ئه‌م ته‌عبیره‌ی‌ به‌كار هێناوه‌. كه‌واته‌ له‌و ناوه‌دا هه‌رچی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووبێت پێویسته‌ بخرێته‌ ئه‌م ریزه‌وه‌ وه‌كو ( عیلام‌و سومێر)یه‌كان بێت، ره‌گه‌زی‌ ئه‌مانه‌ هێشتا ساغ نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام بڕیاری‌ زاناكان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دوو قه‌ومه‌ له‌ڕه‌سه‌نی‌ سپین، چونكه‌ به‌شێوه‌ی‌ رۆخسار له‌وان ده‌چن‌و تێكڕا ئه‌وانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیاون، ته‌نانه‌ت وڵاتی‌ عیلام له‌گه‌ڵ دیاری‌ "كاسی، گۆتی‌، لۆللۆ" كانه‌ به‌جێگاۆ رێگا له‌پاڵ یه‌كدا بوون، به‌م پێیه‌ ده‌بێت گشتیان یه‌ك "مه‌به‌ست" بن، به‌كورتی‌ وادیاره‌ ئه‌م عیلامیان له‌ده‌سته‌ی‌ یه‌كه‌م تیره‌كانی‌ ڤاگرۆس‌و ئه‌وه‌ی‌ بینراوه‌ ئه‌وانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوون پاشان هاتوونه‌ته‌ باشووری‌ ئێران.
سومێرییه‌كان یان تیره‌یه‌ك بوون له‌وان‌و جیابوونه‌ته‌وه‌‌و چوون بۆ باشووری‌ عێراق یان عیلامییه‌كان له‌دواییدا هاتوون سومێرییه‌كانیان ده‌رپه‌ڕاندووه‌‌و خۆیان له‌جێگای‌ ئه‌وان له‌سه‌ر كارون دامه‌زران، هه‌ر كامێكیان راست بێت مادده‌ ناگۆڕێت، واته‌ ره‌سه‌نی‌ سپییه‌ كۆنه‌كانن، چونكه‌ له‌سێ تا چوار هه‌زار ساڵ پێش زایین له‌وێ بوون كه‌ ئاریاییه‌كان هێشتا نه‌هاتبوون، زۆر ده‌گونجێت كه‌ عیلامه‌كان له‌هه‌ر مه‌وجی‌ (ئاری‌)یه‌كانی‌ یه‌كه‌م بن، ئه‌م عیلامیانه‌ له‌توڕه‌ی‌ رووباری‌ كارون‌و كه‌رخه‌ دابوون كه‌ وا بریتییه‌ له‌هه‌رێمه‌كانی‌ لۆرستان، ئیلام‌و به‌ختیاری‌ ئێستا.
له‌مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ نزیكی‌ كۆندا ئه‌م عیلامیانه‌ به‌ناوبانگن، له‌گه‌ڵ "سومێر"ییه‌كان هاوده‌وره‌ بوون. ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ وه‌ك سومێرییه‌كان پێشكه‌وتوو نه‌بوون. له‌گه‌ڵ "ئاژه‌ڵ"دا زۆر خه‌ریك بوون، له‌ناو شاخ‌و دۆڵی‌ وڵاته‌كه‌یاندا به‌ڕه‌‌و مه‌ڕ‌و ماڵاتیان راده‌گرت‌و به‌ده‌م ئه‌وه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كشت‌و كاڵ كردندا خه‌ریك ده‌بوون. نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ به‌وره‌‌و به‌هێز‌و شه‌ڕكه‌ر بوون، له‌گه‌ڵ "سومێر"یه‌كاندا زۆر به‌شه‌ڕ هاتوون. گه‌لێجار "سومێر"‌و "ئه‌كه‌د" له‌ناكاودا‌و یان به‌سه‌ریانا، شاری‌ "بابل"‌و گه‌لێك شاری‌ تریشیان داگیركردوون‌و تاماوه‌یه‌كیش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شه‌ڕ هه‌ر درێژه‌ی‌ كێشاوه‌ هه‌تا عیلامییه‌كان شكستیان خواردووه‌‌و ده‌ركراونه‌ته‌ ناو كه‌ژه‌كانی‌ وڵاتی‌ خۆیان.
هه‌تا ناكۆكی‌ نه‌كه‌وتۆته‌ ناوخۆیان، حاڵیان زۆر باش بووه‌. وڵاتیان ئاوه‌دان‌و خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ ئاسووده‌یی ژیاوه‌. شاره‌كانیان رازاوه‌‌و رێك‌و پێك بووه‌. پێته‌خته‌كه‌یان شاری‌ به‌ناوبانگی‌ "سووز" یان "شه‌وشه‌ن" بووه‌. ئه‌م شاره‌ پێشتریش له‌سه‌ر رووباری‌ "كارون" نزیك تێكه‌ڵبوون به‌ ده‌ریا دروست ببوو. به‌تاڵانی‌ وڵاتی‌ "سومێر"‌و "بابل" ئه‌م پێته‌خته‌یان رازاندۆته‌وه‌. كۆشك‌و سه‌رای‌ به‌رزی‌ تێدا دروست كرابوو. پاشاكانیان له‌وێدا رایان ده‌بوارد. به‌ كورتی‌ عیلام له‌ 2300 ساڵ زیاتر سه‌ربه‌خۆ ژیاوه‌‌و تا ساڵی‌ (650 پ.ز) له‌ڕه‌نگی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆدا ماوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌ستدرێژی‌ ده‌كرد بۆ سه‌ر عێراق‌و له‌و كاته‌شدا ئاشوورییه‌كان له‌عێراقدا حوكمیان ره‌وای‌ هه‌بووه‌‌و براوه‌ بوون. "ئاشووربانی‌ پاڵ" پاشای‌ ئاشوور به‌له‌شكه‌ری‌ قورسه‌وه‌ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر عیلامدا. سوپای‌ عیلام شكاوه‌، شاری‌ "سووز"ی‌ جوان له‌دوای‌ تاڵانكردن، وێران كراوه‌. ئه‌مجاره‌ وڵاتی‌ عیلام هه‌مووی‌ زه‌وت بووه‌‌و خه‌ڵكه‌كه‌ به‌دیل گیراوه‌. له‌و كاته‌وه‌ عیلام له‌ناوچووه‌. ئه‌گه‌رچی‌ "سووز_ سه‌وسه‌ن"له‌زمانی‌ پارسیه‌كاندا دووباره‌وه‌ ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ "شای‌ ئێران" حوكمی‌ تێدا كردووه‌. له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ عیلامدا تیره‌‌و تایفه‌ی‌ "لۆر"‌و "له‌ك" نیشته‌جێن كه‌ هه‌ر دووكیان دوو قه‌ومی‌ په‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردن.

سه‌رچاوه‌كان:
1_كورد و كوردستان_پرۆفێسور ئه‌مین زه‌كی به‌گ”كوردی”
2_سێ لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی_ساڵح قه‌فتان”كوردی”
3_كرد و كردستان_دوكتور سدێق سه‌فی زاده‌ی بۆڕه‌كه‌یی”فارسی”   


PM:03:37:27/06/2012




ئه‌م بابه‌ته 1199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌