راپۆرتی رێوڕەسمی ٣١ی جۆزەردان لە وڵاتی نۆروێژ

ئاسۆی رۆژهەڵات: ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ٦ی ٢٠١٧ی زایینی، لە سەر بانگەوازی کۆمیتەی کۆمەڵە لە وڵاتی نۆروێژ و بە ئامادە بوونی هاوڕێ ناهید بەهمەنی ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە و سەدان کەس لە پێشمەرگە و ئەندامان و دۆستانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێکی بەرچاو لە نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان و کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆ، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێی گیانبەختکردوو کاک خانەی موعینی یەکەمین پێشمەرگەی گیانبەختکردوی کۆمەڵە و ڕێزگرتن لە سەروەری و فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ١٨ بە خوێندنەوەی سروودی بانگەواز و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هەموو هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە دەستی پێکرد. 

پاشان هاوڕێ ڕامیار ئیزەدی بە زمانی نۆروێژی بە خێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و کورتەیەکی لە مێژووی ٣١ی جۆزەردانی باس کرد و ڕیزی بەرنامەکانی ڕاگەیاند. لە درێژەدا.

هاوڕێ ئەسرین دەرسید یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەشی کوردی ڕێوڕەسمەکە سوپاسی ئامادەبووانی کرد و ڕیزی بەرنامەکەی خوێندەوە. هاوڕێ پەری کەمانگەر یەکێکی دیکە لە هاوڕێیانی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان ژیاننامەی هاوڕێ خانەی موعینی خوێندەوە.

هاوڕێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی کۆمەڵەی لە پێوەند لە گەڵ ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێشکەش کرد، دواتر هاوڕێ ناهید بەهمەنی ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە کە ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو پەیامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداربووان کرد. 

دواتر، بەڕێز کاک قادر بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان بە نوێنەرایەتی ١٢ حیزبی چوارپارچەی کوردستان کە لە کۆمیتەی هاوکاری ئەندامن، خوێندەوە. هاوڕێ مونیرە ڕەمەزانی پەیامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵەی کولتووری نەوانی بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە خوێندەوە. 

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا کورتە فیلمێک لە سەر ژیانی کۆڵبەران کە لە سەر سنوورەکان درووست کرابوو پێشکەش کرا، هەروەها هاوڕێ شوانەی ڕەحمانی بە دەنگە بە سۆزەکەی بە دیکلەمەی شێعر بەشێک لە ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە، بە بۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی تێکۆشەری سەنگەری شار هاوڕێ محەمەد کۆنەپۆشی کورتەیەک لە ژیاننامەی هاوڕێ موحەمەد و پەخشانێک کە لە ناوخۆی وڵاتەوە بە دەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە گەیشتبوو پێشکەش کرا. 

پیشانگای شێوەکاری کچەلاوی شێوەکار "گوڵاڵە سەیف پەناهی" بەشێکی دیکە لە پڕۆگرامی ڕێوڕەسمەکە بوو کە پیشانگایەک کرایەوە بە ناوی جامانە کە کۆمەڵێک بەرهەمی شێوەکاری گوڵاڵەی سەیفپەناهی بوو لە مەڕ ژیانی پێشمەرگە. 

گرووپی سروودی کۆمەڵە و کۆمەڵەی کولتووری نەوان بە دەنگە بە سۆزەکەی هاوڕێ بەهار فاتمی و هاوڕێیەتی کۆڕی سروود ٣ سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد. 

لە بەشێکتری ڕێوڕەسمەکە، لە لایەن کۆمیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ رێزگیرا لە کۆمەڵێك لە هاوڕێیانی دێرینی کۆمەڵە، و لەوحی سوپاس و شاخە گوڵی خۆشەویستییان پێشکەش کرا. 

بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری کە هونەرمەندان مامۆستا نەجمەدین غوڵامی و هاوڕێ شۆڕش مەریوانی بە هاوکاری گرووپی موزیک کە بریتی بوون لە هاوڕێ پێشڕەو زەردئاسەر و کاک دارەوەن ئەم بەشەیان ڕازاندەوە و تا کاتژمێر ٢٤ درێژەیان پێدا. 

بۆ ئەم ڕێوڕەسمە نوێنەرانی کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسی ڕاستەوخۆ یان بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی لەگەڵ چەپکە گوڵی دۆستایەتی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون و شان بە شانی هاوڕێیانی کۆمەڵە ڕێزیان لە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە گرت کە بریتی بوون لە: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەی نۆروێژ، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکخراوی ئۆسلۆ، پارتی دیموکراتی کوردستانی باکوور، پارتی ئازادی کوردستانی باکوور، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان"  

ڕێوڕەسمی ڕێز گرتن لە ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە تا کاتژمێر ٢٤ی شەو لە ناو ئاپۆڕەی جەماوەری بەشداربوو لە کەشێکی هاوڕێیانەدا درێژەی کێشا.

شایانی باسە، لە گرووپی ڕاگەیاندن هاوڕێیان "کەمال مەهاباد، ئازاد شەریفی و شوانە ڕەحمانی" ئەرکی وێنە و فیلمی ڕێو ڕەسمەکەیان لە سەر شان بوو. 

بە ناوی کۆمیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ سوپاسی هاوکاری هەموو هاوڕێیانی پێشمەرگە و دۆستانی کۆمەڵە، سوپاسی بەشداری و پەیام و چەپکە گوڵەکانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتییە سەربەخۆیانە ئەکەین کە لەگەڵمان بەشداری ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون. 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی نۆروێژ

PM:06:19:19/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 1250 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌