بۆچی دەنگ نادەین؟

هەڵوێستی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە لەسەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران

ماوەیەك پێش ئێستا و دوای كارێكی چڕ و پڕ، ٦ لایەنی كوردی رۆژهەڵات راگەیاندنێكی هاوبەشیان دەركرد و داوایان لە كۆمەڵانی خەلكی كوردستان كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران بەشداری نەكەن. كۆمەڵه كە خۆی خوازیاری سەرەكی  هاوكاری و تەبایی هێزه سیاسیەكانی رۆژهەڵات بووه لە ساڵانی رابردوودا، پێبەندە كە لە پێناو گەیشتن به دەرئەنجامێك كە هەموو لایەنەكان لەسەری رێكبكەون و وەك عورفی هەموو كارێكی هاوبەش، واز لە كۆمەڵێك خواست و شیكردنەوەكانی خۆی بێنێت كە بۆچی ئێمه پێمانوایه بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری بە سودی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان نیه. ئێمه لێرەدا تێدەكۆشین هەڵسەنگاندن و روانگه تایبەتەكانی خۆمان لەمەڕ هەڵبژاردنی چەند رۆژی داهاتووی ئێرانتان پێ رابگەیێنین و وەڵامی ئەو پرسیاره بدەینەوە كە بۆچی پێمان وایه كۆمەڵانی خەڵك بەشداری نەكەن لەو هەڵبژاردنانەدا. 

هەڵبژاردن به یەكێك لە كاریگەرترین ئامرازەكانی بەشداری سیاسی و دیاری كردنی چارەنووسی كۆمەڵانی خەڵك دێته ئاژمار، بەڵام بەپێچەوانەی روانگەی گشتی "تەنیا" ئامراز نیه، هەڵبژاردن لە راستیدا سازدانی باروودۆخێكه كە تێیدا دەنگدان دەبێته هۆكاری باشتر بوون و گۆڕانی دێمۆكراتیك لە كار و بار و بەڕێوەچووندا. كەواته كۆی گشتی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنیا دەنگدان نیه. كۆی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردن، سازدانی پڕۆسه و مێكانیزمێكه كە تێیدا زانیاری گشتی كۆمەڵانی خەڵك لەباری سیاسیەوە دەچێته سەرەوە و بە مافەكانی خۆیان ئاشنا دەبن و بەوپێیه بژاردەی خۆیان دیاری دەكەن، بوونی ئازادی بەیان و ڕادەربڕینە، بوونی رۆژنامه و چاپەمەنی ئازاد و سەربەخۆیه، بوونی نیهاده مەدەنییەكان و ئەحزابی سیاسی و سەرئەنجام هەبوونی دۆخێكه كە هەم پاڵێوراو و هەم دەنگدەر بتوانن ئازادانه خۆیان بەربژێر بكەن و دەنگ بدەن. ئەگەر ئەمانه وەك پێوەر حیساب بكەین لە ئێرانی كۆماری ئیسلامیدا هیچ كامێكیان بوونیان نیه. باسی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن لە ناوخۆی رژیمێكدایه كە بە هەموو پێوانەیەكی فكری و فەلسەفیەوە دەچێته خانەی دەسەڵاته تۆتالیتەرەكانەوە كە تەنانەت جیاوازه لەو پۆلێنكردنه نەریتییەی فكری سیاسیەوە كه رژێمەكان دابەش دەكات بەسەر ستەمگەر، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دێموكراتی و پاڕلەمانی و هتد. رژیمه تۆتالیتارەكان كە كۆماری ئیسلامیش یەك لەوانه بە وردی كار لەسەر پاوانكردنی هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ دەكەن، لە ئابووری و پەروەردەوە بگره تا پاوانی روحییەتی مێژوویی و لۆژیكی زانستی و فەلسەفەش. كەواته ئەگەر پێوەری دێمۆكراسی و مافی بەشداری ئازادانه بێت ئەوە ئەو مافه لە ئێمه و لە كۆمەڵانی خەڵكیش زەوت كراوە و مەجال بۆ بەشداری نیه.
 روانگەیەكی دیكه كە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران زۆری باس لێدەكرێت و ئیسلاح خوازانی ئێرانی بەردەوام پشتی پێ دەبەستن بۆ هاندانی خەڵك بۆ بەشداری كردن، هەڵبژاردنی بەینی "خراپ" و "خراپتره"، لێرەدا ئێمه به كورتی روانگەی كۆمەڵەتان لەو بارەیەشەوە بۆ روون دەكەینەوە.
 تەحریم، بایكۆت، بەشداری نەكردن یا هەر نێووێكی لێ بنێین لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەركێكی ئیدئۆلۆژیك نیه، بەڵكوو سیاسەتێكه كه به لێكدانەوەی كۆی گشتی باروودۆخی سیاسی و تاكتیكی بڕیاری لەسەر دەدرێت. " لێكدانەوەی تایبەت لە باروودۆخی تایبەتی" هەر دەورەیەك بۆ ئێمەی دیاری دەكات كە چۆن لەسەر هەڵبژاردنەكان بڕیار بدەین. سەرەڕای جیاوازی ئیدئۆلۆژیك و فكری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، كۆمەڵه بەپێچەوانەی بەشێكی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆن و تایبەتەن چەپی دۆگماتیك و چەق بەستوو دۆسیەی بەشداری كردن یا نەكردن وەك پرسێكی سیاسی و تاكتیكی دەبینێت. 
هەڵوێست وەرگرتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و سیاسەتێك كە ئێمه لە هەر دەورەیەك دەیگرینەبەر، دەرئەنجامی شیكاری گشتیەتی باروودۆخی سیاسی و لێكدانەوەی دەركەوتەكانی بەشداری كردن یا نەكردنه. ئەوەیكە كۆماری ئیسلامی رژیمێكی دیكتاتۆری و تۆتالیتاره، بەبێ لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندیەكانی هەر قۆناغێك ناتوانێت تەنیا هۆكار و سەرچاوەی بڕیار بێت بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن. ئەزموونە مێژووییەكان نیشان دەدەن كە زۆر جار تەنانەت هێزه ئازادیخواز و چەپەكان لە وڵاتانی دیكتاتۆریش بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و كاریگەری ئەرێنیشیان هەبووه، جاری وایه هەر ئەو بەشداری كردنه لە هەڵبژاردندا دەتوانێت ئەو رژیمانه تووشی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكیش بكات، رەنگ بێت لە باروودۆخی تایبەتدا هەر ئەم بەشدارییه لێكترازانێك لە كاكڵەی دەسەڵات دروست بكات كە ئەگەر كەرەستەكانی دیكەی داڕمانی دەسەڵاتیش ئاماده بن ببێته هۆكاری رووخان و كۆتایی رژیمەكان. لەبنەڕەتەوە ئەوەی ئێمه ناتوانین بەشداری هەڵبژاردنەكان بین نە "فەزیلەته" و نه "مەزییەت"، مافێكه كە لە ئێمه زەوت كراوە، ئێمه بێبەش كراوین كە خۆمان لەو تاقیكاریه بدەین. ئەم مافه لە ئێمه و لە كۆی ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی زەوت كراوە و لێرەدایه كه دیسان زیانەكانی دەسەڵاتی تۆتالیتار زیاتر دەردەكەوێت.
 كۆماری ئیسلامی بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ئێمه لە بەشداری، هەڵبژاردن دەكاته سەرچاوەی شەرعییەت بۆ دەسەڵاتی نگریسی خۆی، بۆیه ئێمه هەموو كات تێدەكۆشین كە بە وشیاری و لێكدانەوەی كۆی باروودۆخەكە بڕیار بدەین كە ئایا بەشداری بكەین یان نەكەین. ئەگەر بزانین كە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەبێته هۆكاری بردنە پێشەوەی (هەرچەند كەمیش) تێكۆشانی كۆمەڵانی خەڵك بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانیان، یان ئەوەی كە دەبێته هۆی زانیاری بەخشین و وشیاری زیاتر و كۆمەڵانی خەڵك لەو رێگەیەوە یەكگرتووتر و چاونەترستر دەكات، یان پڕۆسەی هەڵبژاردن دەبێته سەكۆیەك كە خەڵك دەتوانن دەنگی دادپەروەرانەی خۆیان هەڵبڕن و بڕوابەخۆیی لەناویان زیاد بكات كە لە هەنگاوی دواییدا زەبری ئاخر لە جەستەی دیكتاتۆری بدەن، یان ئەوەی دەستی رژێم لە سەركوت كورت دەكاتەوە و ناچاری دەكات نەوێرێ تووندوتیژی رەها بەكار بەرێت، لەوە سڵ ناكەین و بڕیاری بەشداری كۆمەڵانی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان دەدەین. بەڵام ئەگەر بزانین سەر و دڵ خۆشی سیاسی، تەوەهوم و رازیبوون بە باروودۆخی هەنووكەیی لە كۆمەڵانی خەڵكدا زیاد دەكات، و تەنیا دەبێته هۆكاری كڕینی مەشروعییەت و سیمای رژیم دەڕازێنێتەوە و مەجالی خۆتەیار كردنی زیاتر و پشوودان دەستەبەر دەكات بۆ دەسەڵات كە بە ئاسوودەیی زیاتر دەست بۆ سەركووتی خەڵك بەرێت، ئەوە تێدەكۆشین خەڵك هان بدەین بەشداری نەكەن.

بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەش سێ فاكتەری تایبەت هەیه كە پێمان باشه هەموان لێی ئاگادار بن كە بۆچی كۆمەڵانی خەڵك هان دەدەین كە بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نەبن.


یەكەم: ئەگەر ئیسلاح خوازی و رێفۆرمخوازان دوای جۆزەردانی ٧٦ توانیان هێندێك لە ‌هێڵه سوورەكانی نیزام ببەزێنن و كۆمەڵێك پرس و خواستی باس‌لێنەكراو بورووژێنن كه سەرنجی خەڵك بۆلای خۆی راكێشی و لەو رێگەیەوە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تووشی دووبەرەكایەتییەك بكات كە لە هەڵبژاردنەكانی ٨٨ گەیشته تروپكی خۆی، ئێستاكه لە بازنەی میانەڕەوی رووحانیدا ئیتر هیچ یەك لەو خواستانه بەرچاو ناكەون و نابیسترێن، ئیتر باسێك له كۆمەڵگای مەدنی ناكرێت، باسێك لە رۆژنامه و چاپەمەنی ئازاد تەنانەت لەناوخۆی دەسەڵاتیش نەماوە، باسی ئازادی زیندانیانی سیاسی هەر بوونی نیه، رێفۆرمخوازانێك كە ئێستا دەبیندرێن كاری سەرەكیان بۆته ترساندنی خەڵك له ئەزموونی سووریه و ئێراق، به "چاوترساندن" و پانیك دروست كردن لەو بارەیەوە خەڵك هان دەدەن كە دەنگ بە روحانی بدەن. لە راستیدا تێئۆریزەكردنی بژاردەی "خراپ" و "خراپتر" بۆته ئاجێندای سەرەكی رێفۆرمخوازانی ئەم سەردەمە، بۆیه بەشداری كردن لەوەها هەڵبژاردنێكدا كە كاری رێفۆرمخوازەكەی ئەمە بێت هیچیتر نیه جیا لە كەوتنه بازنەی گەمه و تاكتیكی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەسەڵات. لە لایەكیترەوە، هیچ یەك لە كاندیدەكانی ئەم دەورەیه هیچ پلانێكی ئابووری بۆ باش كردنی لانیكەمی باروودۆخی خەڵكیشیان پێ‌نییه كە بوترێت بەرنامەیەكی ئابووری باش و تۆكمه لە ئارادایە و حیزبێكی بەرپرسی وەك "كۆمەڵه" خۆی نابێت ئەوە لەبەر چاو نەگرێت، ئەوەی لە مۆنازەرەكان و تەنانەت پێش ئەویش دەبیندرێت "ئیفشاگەری" و لەقاودانی یەكتری كاندیدەكانه و كۆمەڵانی خەڵك دەبێت ئەوەیان بە باشی لێ روون بووبێتەوە كه لەگەڵ چ كەسانێك رووبەڕوون؛ وەك بەربژێری سەرۆك كۆماری.


دووهەم: لە بواری نێونەتەوییەوە كە كۆماری ئیسلامی سالانێك توانی پشوو بدات و پرسی ناوەكی كردە هۆی لەبیركردنی هەموو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و پرسی كەمایەتییەكان و دەیان پرسی تری لەو جۆرە، بەڵام هەلوومەرجی جیهانی و ناوچەیی و هاوكێشە جیهانییەكان، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئێستاكه رژیمی ئێران لە باروودۆخێكدایه كە هەموو هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئازادیخوازان دەبێت یەكگرتووانه ئەو سیگناله بدەنه كۆمەڵانی خەڵك و كۆمەڵگای نێونەتەوەییش كه كەمترین دوودڵییان لەوە نیه كە هەڵبژاردنی ئەم جارە هیچ مەسڵەحەتێكی خەڵكی تێدا نیه و كۆماری ئیسلامی نابێت ئەمه بكاته سەرچاوەی شەرعییەتی خۆی و لە دونیای دەرەوە مانۆڕی پێبدات. 
ئیستاكە ئێران وەك جاران ناتوانێ ناوچەكە بكاتە مەیدانی تەڕاتێنی خۆی بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەی لێهاتوەتە دەنگ و هاوپەیمانییەتێك لە دژی دەستێوەردانەكانی ئێران لە ساز بووندایە. كۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بۆ دژایەتی كردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە دیسان پەنا بۆ هەڵبژاردن لە ناوخۆ بەریت تاوەكوو بە رای گشتی نێودەوڵەتی بڵێت ئێمە شەرعیەتی ئەو دەستێوەردانە لە خەڵكەكەمان وەر دەگرین. هەر بۆیە بە گونجاوی دەزانین بە بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان ئەو چەكە لە كۆماری ئیسلامی وەربگرین.

سێهەم: سەبارەت بە پرسی تایبەتی كوردستانیش جێی ئاماژەیه كه سەرجەم بزووتنەوەی كوردی لە پارچەكانی كوردستان روو لە گەشەیه، ئەم بەشەی لەو ساڵانەی دواییدا بە تەواوی كەوتبووە پەراوێزەوە، كوردی رۆژهەڵات بووە، لە سیاسەتدا كاتێك نسكۆ و بێهومێدی زاڵ دەبێت تێكۆشان بۆ كاری هاوبەش و هاوپەیمانییەكانیش دەخاته ژێر كاریگەریەوە، لانیكەم لە ١٠ ساڵی رابردوودا ئەم كەشه ناهومێدیه بەسەر كوردستانی ئێراندا زاڵ بووه، كۆمەڵه سەرەڕای تێكۆشانی زۆر بۆ یەكگرتوویی و كاری هاوبەشی پارته سیاسیەكان هەر لەبەر ئەم هۆكاره نەیتوانی بەو ئامانجه بگات، بەڵام ئێستاكه و بە گەڕانەوەی كەشی هومێد و هیوا بۆ كوردی رۆژهەڵات، دەبینین كە پارته سیاسییەكانیش كەوتوونەته خۆ و فەزا بۆ كاری هاوبەش و لێك نزیك بوونەوە زۆر زیاتر گوونجاوە، هەر ئەوەشه دەبینین لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین راگەیاندن و كۆبوونەوەی تایبەتی حیزبەكان دەرئەنجامی ئەرێنی بووه كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەم دەورەیەش یەك لەو دەسكەوتانەیه. لە باروودۆخێكدا كە پرسی گشتی كورد زۆر بەرچاوە لە كۆمەڵگای جیهانیدا، جێی خۆیەتی ئێمەش نیشانی بدەین كە هەم یەكگرتووین و هەم هیچ دوودڵییەكمان نیه لە خواستەكانی خۆمان. چالاكانی ناوخۆی وڵاتیش دەبێت ئەوە بزانن كە ئێمه كار و چالاكی ئەوانمان لەبەرچاوە و دەسكەوتەكانیشیان دەبینین و رێزی لێ دەگرین، بەڵام ئەوانیش دەبێت بزانن و وشیار بن كە نەكەونه بازنەی سیاسی- تاكتیكی رژیمەوە، نابێت بزووتنەوە كوردی بندەستی ئێران و دەسكەوتەكانی هەرزان فرۆش بكرێت. لەكاتێكدا كە دەسەڵاتی كۆماری ئێسلامی بەرەوە قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكیش دەچێت، لەژێر ناوی ئیسلاح خوازی و بژاردەی "خراپ" و "خراپتر" و بەبێ بوونی هیچ پلانێكی تۆكمه كە گەرەنتی كردەكی هەبێت بۆ دەبێت خەڵك هان بدەن بۆ بەشداری لە دەنگدان؟
 بزووتنەوەی كورد لە مێژوی هاوچەرخدا گرێدراوە بە خەباتی شاخ و حیزبەكانیەوە، هەركەس ئەوە نەبینێت خۆی لە خوێندنەوەی مێژوو و راستیەكانیش دزیوەتەوە و دەیەوێ كڵاو بنێته سەر خەڵك. هاوئاهەنگی و هاوكاری شار و شاخه كە بزووتنەوەی كوردی رۆژهەڵات دەگەیێنێته سەرمەنزڵی خۆی و ئاوایه كە ئێمه دەتوانین سەركەوتن مسۆگەر بكەین. ریفۆرمخوازانی حكوومەتی كورد دەبێت لەوە تێبگەن كە چیتر وەكوو جاران ناتوانن دەسكەوتەكانی بزوتنەوەی كورد بكەنە كەرەستەیەك بۆ دەنگ كۆكردنەوە و بەكارهێنانی لە پێناو هەندێك بەرژەوەندی كورت خایەن. دەبێ لەوە تێبگەن كە داڵانی مێژووی بزوتنەوەی كورد زۆر كەس و لایەنی بەو مەبەستە تەریك خستوەتەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆیان نەگرتووەتەوە. 
هەربۆیه و بە لێكدانەوەی هەموو ئەو هۆكارانه كۆمەڵه داوا لە سەرجەم خەڵكی تێكۆشەری كوردستان دەكات كە دەنگ بە پالێوراوەكانی سەرۆك كۆماری نەدەن و بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا نەكەن.  هەر ئەو چاوەڕوانیەشی لە روناكبیران و چالاكانی سیاسی هەیه كە تێبكۆشن ئەو هاودەنگیه ساز بكەن.

كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
2017/5/17

PM:01:44:17/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌