سینەمای بێ سینەما

جەمشید بەهرامی

هەر لەدوای سەرهەڵدانی سینەماوە بە هەستكردن بە كاركردی رۆشنگەرانەی سینەما، دەسەڵاتەكان بەردەوام لە هەوڵدابوون وەك ئامرازێك لە ئاراستەی ئایدۆلۆژیایەكی تایبەتدا كەڵك لە سینەما وەربگرن، بۆوێنە ئاڵمانی نازی و یەكێتی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالیندا لەو دەسەڵاتانە بوون كە كەڵكێكی بێوەنەیان لە سینەما وەرگرت.
كورد بەهۆی ئەو سەدان كێشەیەی كە هەموان دەزانن و پێویست ناكات من لێرە ئاماژەی پێبكەم، زۆر درەنگتر لە نەتەوەكانی دیكە و تەنانەت نەتەوەكانی دەورووبەری خۆی، وەك تاك! دەستی بە سینەما راگەیشت، واتە تاكی سینەماكاری كورد وەك كاراكتەرێكی سینەماكار دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی سینەمادا خۆی وەك سینەماكارێك پێناسەكرد و هەوڵیدا كەڵكەڵەكانی تاكی كورد تا رادەیەك لە بەرهەمەكانیدا رەنگبداتەوە.
كێشەی سەرەكیی لە بەردەم بەرهەمهێنانی سینەمایی لە كوردستاندا پێوەندی راستەوخۆی بە سەرمایەوە هەیە، واتە دوای بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی شتێك بەنێوی بازاڕی سینەمایی یان بازاڕی فیلم لە كوردستاندا بەدیناكرێت تاكوو سینەماكار لەو بازاڕەدا سەرمایەی بۆ بگەڕێتەوە، هەندێ كێشەی كەڵەكەبووی دیكەش هەن بەربە گەشەی سینەما لە كوردستاندا دەگرن، بۆوێنە دەتوانین ئاماژە بەم چەند خاڵی خوارەوە بكەین:
- ناوەندە پەروەدەییەكانی تایبەت بە سینەما (زانكۆ و پەیمانگاكان و... رێژەیان لە ئاستی پێویستدا نییە و لە بواری راهێنان و پەروەردەی زانستییەوە توانستێكی ئەوتۆیان نییە_ ئەمە باسێكی تایبەت و دوور و درێژە و پێویستی بە خەسارناسی تایبەتە_ هەربۆیە نامەوێ لێرەدا زۆر لەسەری بڕۆم)
- سەرچاوەی سینەمایی بەزمانی كوردی (لاوازبوونی! كتێبخانەی تایبەت بە سینەما، نامیلكە، گۆڤار، رۆژنامە، بانكی فیلم و...)
- رووداوە سینەماییەكان (رێژەی كەم و كوالیتی هەرە نزمی فستیڤاڵی سینمایی، كۆڕی شیكاری و رەخنە و... كێشەیەكی گەورەیە لە بەرامبەر پەرەسەندنی بەرهەمە سینەماییەكاندا) و...
ئەمانە و دەیان هۆكاری دیكە بەربەستگەلێكی گەورەن لە بەرامبەر فیلمسازدا، بەڵام لێرەدا ئەوەی گرنگە و دەبێت ببێت بە پرسێكی جیددی و ئاوڕێ لێبدرێتەوە بازاڕی سینماییە لە كوردستاندا؛ هاتنەئارای ئەو بازاڕە و بەكردەوە هەنگاو هەڵگرتن لەو ئاراستەیەدا بۆهەموو سینەماكارە كوردەكان وەك خەونێكە... 
هەر لسەرەتای سەرهەڵدانی سینەماوە، كاڵای بەرهەمهێنراوی ئەم هونەر بەهێزە لەسەرانسەری دنیادا بازاڕێكی زەبەلاح و پڕقازانجی بەدوای خۆیدا درووستكرد، كۆمپانیاگەلی زەبەلاحی فیلمسازی لەو بازاڕەدا سەریانهەڵدا و تا هەنووكەش رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی ئەو كۆمپانیایانە روولە زیادبوونە كەچی پشكی كورد لەو بازاڕەدا سفر بەرەوخوارە.
تاكی سینەماكاری كورد بەبێ پشتبەستن بە سەرمایەكی دیاریكراو، بەبێ پشتیوانی هەرچەشنە كۆمپانیایەكی فیلمسازی، فیلم بەرهەمدەهێنێت و بەبێئەوەی سەرمایەكەی بۆبگەڕێتەوە، هەر ئەم خەسارە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر لاوازبوونی بەرهەمە سینەماییەكان لەهەموو بوارەكاندا هەبووە؛ زۆربەی فیلمسازە كوردە لاوەكان بەس دڵخۆشن بەوەی خەریكن ئەركێكی نەتەوەیی بەجێدەهێنن و وەك هەوڵێكی شوناسخوازانە بەرهەمەكانیان پێناسەدەكەن، ئەمەش وەك هەڵوێستێكی هەستەكی توانایی ئەوەی نییە سینەمای تایبەت و جیاواز لەوانیدیكە و گوتار و رەوتی سینەمایی بخولقێنیت.
بۆچی تا ئێستا كورد واتە دەسەڵاتی كوردی بە حكومەتی هەرێم و سەرجەم پارتەكانی هەرچوار پارچەی كوردستانەوە هەوڵنادەن لە كاركرد و گرنگایەتیی سینەما تێبگەن؟ بۆچی تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی دەتوانن بۆ درووستكردنی وەها بازاڕێك لە كوردستان، هەوڵبدەن و پرۆژەی درێژخایەن بۆ ئەو پرسە گەڵاڵەبكەن؟
هەروەها كە دەسەڵاتی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا و حیزبەكان بە كەڵكوەرگرتن لە دەزگا راگەیاندنەكانیانەوە دەتوانن بۆ زۆر پرسی كۆمەڵگا كاریگەرییان لەسەر "كۆمەڵگای كوردی!" هەبێت، بێگومان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن لە تاكی ئاساییەوە بگرە تاكوو سەرمایەدارە كوردەكان هان بدەن بۆ ئەوەی لەو بازاڕەدا چالاكبن و پشكی خۆیانیان هەبێت، واتە تاكی ئاسایی بەرهەمێك لەژێرنێوی فیلم لە سینماكاندا دەبێنێت و چێژی لێوەردەگرێت و پەروەردەدەكرێت و بەشبەحاڵی خۆی بەشێكی هەرچەند بچووكیش بێت بۆ فیلمساز دەگەڕێنێتەوە، لەو رەوتەدا بەردەنگی پڕۆفشناڵیش سەرهەڵدەدات و سینەما دەبێت بە بەشێك لە ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا؛ لەلایەكی دیكەشەوە، سەرمایەدارە كوردەكان بە چالاكیان لەو بوارەدا و وەگەڕخستنی سەرمایە لە بازاڕی سینەمادا دەتوانن پشكی خۆیانیان هەبێت و هاوكاتیش دەتوانن خزمەت بە "گەشەی كاڵایەكی كولتووری" بەتایبەتی و "رۆشنگەریی كۆمەڵگا" بەگشتی بكەن.
هەروەها كە راگەیاندنە كوردییەكان دەتوانن لە كەسایەتییەكی "قەشمەر" هونەرمەندی بەناوبانگ درووستبكەن و كۆنسێرتی دەیان هەزار كەسی بۆ رێكدەخن، چما نەتوانن بەردەوام لەسەر بازاڕێك لەژێرنێوی بازاڕی سینەمادا كاربكەن و هەنگاوی بەكردەوە بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتێكی كاریگەر هەڵبگرن؟
كێشەكە لێرەوە دەستپێكدەكات، بە پشتبەستن بە بۆشاییەوە رەهەندی شوناسی دادەتاشرێت... بەبێئەوەی بازاڕێك لەژێڕنێوی سینەما لە كوردستاندا هەبێت، بەبێئەوەی تەنانەت یەك كۆمپانیای سینەمایی ناسراو لە كوردستاندا هەبێت، بەبێئەوەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان هۆڵی تایبەتی سینەمایی تێداهەبێت ئێمە ناتوانین بانگەشەی ئەمە بكەین: "ئێمە وەك كورد خاوەنی سینەماین!".
بەداخەوە هەرچەند تاڵە، دەبێت بڵێم ئێمە تاكی سینەماكاری كوردمان هەیە، بەڵام سینەمای كوردی لە بۆشاییدایە؛ لە كوردستاندا سینەماكارەكان تاك و تەرا خەریكن بەرهەمی سینەمایی بەرهەمدەهێنن، بەڵام سینەماكاران بەڕادەی پێویست هۆڵی تایبەت شكنابەن كە دڵخۆشبن بە پیشاندانی بەرهەمەكانیان لە هۆڵە سینەماییەكاندا؛ هەبوونی هۆڵی سینەما وەك پێویستی چاوی لێناكرێت تاكوو سینەما بەمانا نەرم‌ئامێرییەكەی سەرهەڵبدات و دڵخۆشبین بەوەی سینەما سەرهەڵددەدات و روولەگەشە دەبێت...
لەم دەڤەرەی ئێمەدا ئەوەندەی بانگەشە بۆ سینەمایەكی خۆماڵی (كوردی!) دەكرێت نیوقاتی ئەوە بانگەشە بۆ درووستكردنی هۆڵی سینەما ناكرێت، بانگەشە بۆ سینەمای نەتەوەیەك دەكرێت بەبێئەوەی هەوڵدرابێت "هەبوونی سینەما" ببێتە كولتوور و پێویستی!.
نەتەوە كاتێك دەتوانێت پاشگرێكی خۆماڵی بە بەرهەمێكی فیكری، كولتووری، هونەرییەوە بنێت كە ئەو بەرهەمە پشتبەستوو بە بنەمایەكی مەعریفییەوە بێت. سینەما لە كوردستاندا خاوەنی هیچ چەشنە ژێرخانێكی مەعریفی نییە... دیسان ناچارم زۆرتر لە هێڵە سوورەكە نزیكببمەوە و تەنانەت بیبەزێنم، هەرچەند زۆر تاڵە بەڵام دەبێت بە ڕاشكاوانە بڵێم نە بەمانای نەرم‌ئامێرییەكەی و نە بەمانا قورس‌ئامێرییەكەی كورد خاوەنی سینەما نییە، تەنانەت ئەو فیلمانەی بەرهەمهێنەرەكانیان كوردن و ناوەرۆكێكی كوردییان هەیە و ئاوڕ لە كۆمەڵگای كوردی دەدەنەوە تەنانەت لە كوردستاندا بینەرێكی ئەوتۆیان نییە كە فیلمسازی كورد دڵخۆش بكات، لەم سەردەمەدا ئەوەی كە سینەماكاری كورد هەندێك پێی دڵخۆشە، پیشاندانی فیلمەكەی و دەركەوتنی خۆی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندایە بۆئەوەی هەلێكی بۆ رێبكەوێت و بتوانێت بەرهەمی داهاتووی بەرهەمبهێنێت، ئەمە یانی كارەسات... 
فیلمسازی كورد لە كۆمەڵگای خۆیدا هیچ چەشنە دڵخۆشییەكی نەبێت و بینەری نەبێت بەڵام بانگەشەی ئەوەی بۆ بكەیت كە ئێمە وەك كورد خاوەنی سینەماین، بانگەشە بۆ سینەمای كوردی و هەندێ دەستەواژەی بریقەداری لەو چەشنە جگە لە "خۆگەوجاندن" و "قەیرانی تێگەیشتن" هیچی دیكە نییە...
كێشەكە لێرەوە دەستیپێكرد، لەو كاتەدا سینەماكاری كورد دەستی بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی كرد، پاشگرێكی "خۆیی/خۆماڵی" بە هەموو پرسێكەوە نووسابوو، نووساندیان بە هەموو شتێكەوە، وەك هێلكەی خۆماڵی، رۆنی خۆماڵی، جل و بەرگی خۆماڵی، كەرەستەی خۆماڵی، كولتووری خۆماڵی، كۆمەڵگای خۆماڵی، سیاسەتی خۆماڵی، ئەدەبی خۆماڵی، هونەری خۆماڵی، شانۆی خۆماڵی، و ئێستاكەش سینەمای خۆماڵی و مێدیای خۆماڵی... 
لەهەموو ئەو دەستەواژە پۆست مودێرنانەدا تاكە دوو شت لە ناوەندی سەرنجدا نەبووە: 
یەك: بنەمایەكی مەعریفی و پێناسەكراو 
دوو: تاكی كۆمەڵگا و دەور و رۆڵی لەو پرسەدا؛ 
واتە باس لە پرسێك دەكرێت و پاشگرێكی خۆماڵی پێوە دەنووسێنن بەبێئەوەی ئاوڕ لەو تاكە بدرێتەوە كە چ بیەوێت و چ نەیەوێت خۆی لە بازنەی ئەو پرسەدا دەبینێتەوە.
كێشەكە لێرەدایە، بەردەوام باس لە میدیای خۆماڵی، شانۆی خۆماڵی، سینەمای خۆماڵی دەكرێت بەبێئەوەی ئاوڕ لە بەردەنگی خۆماڵی بدرێتەوە، بەردەنگی ئەم وڵاتە واتە بەردەنگی كورد چ پێگەیەكی هەیە لەو پرسانەدا، لە كوێی سەرنجدایە؟ بەردەنگی خۆماڵی ئامرازە و دەبێت رابهێنرێت، یان تا كاتێك بەردەنگ نەبێت هیچ كام لەو دەستەواژە قەبە و وەهمییانە مانایەكی نییە؟
فێری خۆییكردن و خۆماڵیكردن بووین، هەمووشتێك لە رواڵەتدا مۆركێكی خۆماڵی لێدرا بەبێئەوەی بیر لە ناوەڕۆك بكەینەوە، واتە بانگەشەمان بۆ پرسێكی ناسنامەیی خۆماڵی كرد بەبێئەوەی پێناسەی بكەین و رەهەندە جۆراوجۆرەكانی لێكبدەینەوە، بانگەشەمان بۆ پرسگەلێكی خۆماڵی كرد بەبێئەوەی پشتبەستوو بە تیۆری بێت، ناسنامەیەكی لەرزۆك لەسەر بۆشاییەكی زەبەلاح، كە بەهیچ چەشنێك ئەوەی خوێندنەوەی زانستی بێت بەلایدا نەهاتووە، لەو بازنەیەدا كاوێژكردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەقەتی بەرهەمهێنراوەكان ئەوپەڕی ئافراندن بووە.
دەسەڵاتی كوردی بە حكومەتی هەرێم و سەرجەم حیزبەكانەوە فێری میدیا بوون!، فێری تی‌ڤی بوون و تا ئێستاكەش پێیانوایە تی‌ڤی بە هێزترین ئامرازی رۆشنگەرییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئایا بەلاڕێدابردنی بیری گشتی كۆمەڵگا رۆشنگەرییە یان گەوجاندن، زۆر روونە كە كێشەكە لێرەوە دەستیپێكرد.
كێشەكە لێرەوە دەست پێدەكات، فەلسەفەی تی‌ڤی گەوجاندنە و فەلسەفەی سینەما رۆشنگەرییە، لەوانەیە دەسەڵات بیەوێت سینەما لە ئەرك و رەساڵەتەكەی خۆی دووربكاتەوە، بەڵام ناتوانێت سەركەوتووبێت، دەبێت چەندقات سەرمایەی بۆتەرخانبكات، دەسەڵات لە بازنەی سینەمادا دەتوانێت ئەوپەڕی "هالیوود" درووستبكات بەڵام لە بەرامبەریدا سینەماكارە سەربەخۆكان سەرهەڵدەدەن و رەوتی سینەمایی دەخولقێنن...
بەڵام تی‌ڤی كە بنەمای سەرهەڵدانەكەی بۆ كاركردیبوون و پڕوپاگاندایبوونی دەگەڕێتەوە، زوودەدات بەدەستەوە و دەسەڵات لە كۆمەڵگای بێ‌سینەمادا! باشتر دەتوانێت لەڕێگای تی‌ڤییەوە ئامانجەكانی بپێكێت.
تی‌ڤی بنێشتی چاوە و سەرەتا چێژێك بە بینەر دەبەخشێت و دوای چەند دەقە ماسوولكەكانی چاوەكان ماندوو دەكات، تی‌ڤی بە دیمەنە سانسۆڕكراوەكان بینەر بۆمباران دەكات، تی‌ڤی هەڕەشەیەكی جیددیە بۆسەر بیركردنەوە و تێڕامان... بەڵام لە خراپترین حاڵەتدا سینەما لانیكەم یەكێك لە رەهەندەكانی بیركردنەوەیە، سینەما بەردەنگ هاندەدات بۆئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و بیربكاتەوە.
بەگشتی تی‌ڤی دەزگایەكی پڕوپاگاندایە و هەرلایەنێك بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا پێویستی بەو دەزگایەیە، واتە لەم كێبەڕكێیەدا بەس بوونەوەرێك لەژێرنێوی "بینەر" قوربانییە، هەموو تی‌ڤییەكان لە بانگەشە بریقەدارەكانیاندا لە بیری بینەردان، لە بیری بینەردان بەس بۆئەوەی رایبهێنن، بەس بۆئەوەی بیخەنەسەر هێڵی بەرنامەبۆداڕێژراو و ئایدیۆلۆژیای پشت كامێرای ستۆدیۆكان و ژووری باڵای بڕیاردەر، هەر بۆیە قەد نایانهەوێت بینەر بۆخۆی بڕیاردەربێت، ئەوان بەردەوام لە شەڕدان، شەڕ بۆ راكێشانی سەرنجی زیاتر، شەڕ شەڕی میدیاكانە، ئەو شەڕە شەڕێكە لەسەر ئەم بنەمایە: "كێ توانای راهێنانی زیاترە!"...
وڵاتە پێشكەوتووەكان كە خاوەنی تی‌ڤی و دەزگا هەواڵنێرییە هەرە زەبەلاحەكانن، قەد سینەما لە بیرنەكراوە واتە قەد تی‌ڤی نەیتوانیوە و نەبووەتە هۆی ئەوەی جێ بە سینەما لێژبكات، بەڵام كێشەكە لای كورد ئەوەیە كە بە سەدان هۆكار "كورد" لە هەموو شتێك بە نیوەناچڵی ئاوڕیداوەتەوە...
لەم دەڤەرە بێ سینەمایەی ئێمەدا كێشە زەبەلاحە چەندقاتەكە لەوێوە دەستیپێكرد، ئەوان! بە بیرێكی سەقەتەوە فێری تی‌ڤیبوون و لە سینەما نامۆبوون، لای ئەوان كاركردی تی‌ڤییش زۆرتر لایەنی هەواڵنێریەكەیەتی و بەس. ئەوان بێئاگابوون لەوەی تی‌ڤی‌ییەكانیشیان مۆنۆلۆگە، ئەوان توانای بەربەرەكانێیان لەگەڵ دەزگا هەواڵنێرییە جیهانییەكاندا نییە، هیچ كە ناتوانن بەربەرەكانێیان لەگەڵدا بكەن بەڵكوو ناچاریشن ئەوانیدی بكەنە سەرچاوە، پێیانوایە بوونەتە دەزگا، بەڵام غافڵن خەریكە سەردەمی هەستە نۆستالۆژیكەكانیش بەسەردەچێت، هەربۆیە گەر لەسەر ئەو لۆژیكە بەردەوامبن ئەو چكەبینەرەشیان نامێنێت و سینەماش ئەوان خۆش، هەر بە نامۆیی دەمێنێتەوە.


PM:11:45:06/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 367 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌