گشت‌پرسی لە تورکیە و ئەنجامەکانی

ڕۆژی ١٦ی ئاپریل، گشتپرسیی پێشنیاریی ئەردۆغان، بۆ پەسەند كردنی زیاد كردنی دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار لە توركیە بەڕێوەچوو. 

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ئەم گشتپرسییە بە دەنگی "بەڵێ" یان "نا" بۆ پەسەندكردنی یاسای پێشنیاریی ئەردۆغان و لایەنگرانی حیزبی داد و گەشەپێدان "ئاكپارتی" بەڕێوە چوو.

ئەم گشتپرسییە بە 51.2% ی دەنگی "بەڵێ" واتە پەسەند كردنی پڕۆژە یاساكەی ئەردۆغان و 48.8% دەنگی "نا" كۆتایی پێهات.
ئەنجامی ئەم گشتپرسیە ناڕەزایەتیی دوو حیزبی سەرەكیی توركیەی واتە؛ "ه د پ" و "حیزبی كۆماری خوازی خەڵک"ی لێكەوتەوە و ئەم دوو لایەنە خوازیاری بژاردنی دووبارەی دەنگەكان بوون.
هەر لەم پەیوەندەدا، "سەعید گووان" بەپرسی چاوەدێری هەڵبژاردنەكانی توركیە ڕایگەیاندووە؛ ئەم گشتپرسییە لە كەشێكی ئاسایی و بێ كێشەدا بەڕێوە چووە.
لە لایەكی دیكەوە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە؛ ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە دیكتاتۆریی ناوخۆیی توركیەی بەدواوە دەبێت ونیگەرانیی خۆیان دەبڕی.
لە لایەكی دیكەشەوە ئەردۆغان ڕایگەیاندووە: ئەم هەڵبژاردنە یەكڕیزیی دەسەڵاتی توركیەی بەدواوە دەبێت و دەسەڵاتیی نوێی توركیەی هاوشێوەی حكوومەتی "ئەمریكا" و "فەرانسە" ناوزەد كردووە.
هەروەها ئەردۆغان لە گۆشەیەكی دیكەی وتەكانیدا باسی لە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ گەڕانەوەی دووبارەی حوكمی "ئێعدام" و جێگیر كردنی لە یاسای بنەڕەتیی توركیه كردووە و بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاری بەڕێوەچوونی گشتپریسییەكی دیكەی خستووەتە بەردەست.
بە پێی ئەم یاسا نوێیە، دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار زیاد دەبێ و لە دەسەڵاتی پاڕلەمانی كەم دەبێتەوە كە گرینگترین خاڵەكانی بریتین لە:
١- ئەو مادانەی كە سەرۆك كۆمار لە بەڕێوە بردنی دەسەڵاتدا دیاری دەكات:
بەندی١: سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ كارە، واتە توانای پەسەندكردن و دیاری كردنی هەموو پڕۆژە و یاسایەكی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی توركیەی هەیە.
بەندی٢: سەرۆكی حكوومەت دەسەڵاتی دیاری كردنی "وەزیر" و "جێگر"ە حكومییەكانی هەیە و لە كاتی پێویستیشدا توانایە لە لابردن و گۆڕینیان.
بەندی٣: سەرۆكی حكوومەت دەسەڵاتی جوڵاندنی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتەی هەیە لە كاتی پێویستدا.
بەندی٤: سەرۆكی حكوومەت دەتوانێت لە كاتی پێویستدا، پێشنیازی كەم كردنەوە یان زیاد كردنی یاسایەكی لە دەستووری بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا بدات.
٢-لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی سەرۆكی حكوومەت
بەندی ١: لە ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پاڕلەمان، بە پێی یاسا دەتواندرێت لێكۆڵینەوە لە گەڵ سەرۆككۆماردا بكرێت.
بەندی ٢: سەرۆك كۆمار ناتوانێ بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات.
بەندی ٣: لە ئەگەری ساغبوونەوەی تۆمەتەكان، دیوانی ئەنجوومەنی پاڕلەمان دەتوانێت كۆتایی بە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بهێنێت
٣-ڕێژەی تەمەنیی پاڵێوراوانی پاڕلەمان لە ٢٥ساڵەوە بۆ ١٨ساڵ كەم كرایەوە.
٤-پاڕلەمانی توركیە دەتوانێت بە وەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان، بڕیار بدات لە  دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردنەكان.
٥-یاسا پەیوەندیدارەكان بە بودجەوە لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە ئاراستەی پاڕلەمان دەكرێت.
ئاكامی ئەم یاسا نوێیانە لە بەرژەوەندیی سەرۆك كۆماردایە و دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار لەو وڵاتە بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەکات.
شایەنی باسە، ٣ شاری سەرەكیی توركیە "ئانكارا، ئێستانبوڵ و ئێزمیر" زۆرینەی دەنگەكانیان بەم گشتپرسییە "نا" بووە و كێشە ناوخۆییەكان لەسەر پرسی ڕێفراندۆم بەردەوامە و درێژەی هەیە .

AM:12:20:18/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 521 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌