دژكردەوەی لەناكاوی ئیدارەی ترامپ دژی بەشار ئەسەد‌

"لێكدانەوەیكی چەند رەهەندی"‌




 ن: سۆران سەلیمی

 لە كاتی رەكابەرایەتی سەرۆك كۆماریی ئامریكا، "دۆناڵد ترامپ" یەك درووشمی سەرەكی هەبوو، ئەویش خزمەت كردن بە خەڵكی وڵاتەكەی و واز هێنان لە هاوكێشە جیهانیەكان. لەم نێوانەدا ئەگەرچی زۆربەی چاودێران لەو باوەڕەدا بوون بە سەرنج دان بە پێگەو رۆڵی ئامریكا لە كێشە جیهانیەكان ئەو وڵاتە هەرگیز ناتوانێت بێ لایەن بێت بەڵام بەوەشەوە پێیان وابوو سیاسەتە دەرەكیەكانی ترامپ جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ ئیدارەكانی پێش خۆی دەبێت و ئامریكا بەرەو دەورەیەك لە تەریك كەوتنە دەڕوات. لەو روانگەیەوە ترامپی سەرۆك كۆمار كە خاوەن كەسایەتیەكی بازەرگانیە تەركیز دەكاتە سەر پرسە ناوخۆییەكان و تەواوی هێزی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ چارەسەری گرفتە ئابوورییەكانی ناوخۆی وڵات و یەك لەوانە كێشەی بێكاری. تەنانەت ترامپ باسی بەرزكردنەوەی رۆڵی ماڵی ئۆرووپیەكانی لە رێكخراوەی "ناتۆ" و هەروەها دیكەی هاوپەیمانانی ئامریكا لە رۆژهەڵاتی دوور، واتە "ژاپۆن و كۆرەی باكوور" هێنایە ئاراوە، ئەوەش هۆشداریەك بوو بۆ هەموو ئەو لایەنانە كە زیاتر لە نیو سەدەیە وەكوو هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئامریكا، سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوایەتی خۆیان بەشێك لە سیاسەتی جیهانی ئامریكا دەزانی و ئەو وڵاتە وەكوو پارێزەری ئاسایش و حاكمیەتی خۆیان رەچاو دەكرد. كۆی هەموو وتەكانی ترامپ و گریمانەی دۆستایەتی ناوبراو لەگەڵ "پووتین" و هەڵویستەكانی لە دوو مانگی سەرەتای دەسپێكی كارەكەی نیشاندەری ئەوە بوو كە نایەوێت خۆی زۆر سەرقاڵی كێشە ناوچەیی و جیهانیەكان بكات و جگە لە پرسی "داعش" قەیرانێكی دیكە وەكوو پرسی سەرەكی ئیدارەكەی لە ئاست دەرەكی پێناسە ناكات، ئەوەش تەنیا یەك مانای هەبوو: دەبێت چاوەڕوانی ئامریكایەك بین كە رۆژ لە دووای رۆژ تەریك دەكەوێتەوەو واز لە رۆڵی دیاریكەری خۆی لە هاوكێشەكان دەهێنێت، واتە ترامپ خاوەن كەسایەتی و سیاسەتی ناوخۆییە نەك ئتیكێتی دەرەكی.
بەڵام لەم رۆژانەدا رووداوێك هاتە ئاراوە كە تا رادەیەك هێندێك لێكدانەوەی هەڵوەشاندەوە: هێڕشی بەرتەسكی سەربازی بۆ سەر پێگەیكی هەوایی سووریە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوە بوو چەند كاژێر پێش هێڕشەكە هیچ نیشانەیەك لەوەیكە واشینگتۆن بیەوێت تاك لایەنەو راستەوخۆ و بە شێوەی سەربازی دەستێوەردانی بارۆدۆخەكە بكات  هەر نەبوو. تەنیا كەمتر لە یەك حەوتە پێش هێڕشەكە، وەزیری دەرەوەی ئامریكا بە رەسمی رایگەیاندبوو كە چارەنووسی ئەسەد لە لایەن خەڵك دەبێت دیاری بكرێت و لابردنی لە دەسەڵات پێشمەرجی ئامریكا نیە بۆ هەر چارەسەرییەك. هەر ئەوەش بوو كە دووای كارەساتەكەی :ئیدلێب" زۆرێك لە كەسایەتیەكان كەوتنە رەخنە گرتن لە ئیدارەی ترامپ كە هەڵویستی نوێی ئەوان ئەو شەهامەتەی بەخشیوەتە بەشار ئەسەد وا چەكی كیمیاوی دژی شارۆمەندانی خۆی بەكار بێنێت، هەڵبەت بانگەشەیكی دوور لە راستیش نەبوو. بەڵام كاتێك هەموو جیهان شۆك بوون كە لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٧ی نیسان، ناوەندە هەواڵنێریەكان هەواڵێكی سەرنج راكێشیان بڵاو كردەوە، كەشتیە شەڕكەرەكانی ئامریكا زیاتر لە ٥٠ مووشەكی "تۆماهاوك"یان بەرەو‌ پێگەی ئاسمانی "ئەلشەعیر" هاویشتووە كە گوایا لەو پێگەوە فرۆكە جەنگیەكانی سووری هێڕشە كارەساتبارەكەی ئیدلێبیان ئەنجام داوە. وەرچەرخانێكی بە ڕواڵەت لەناكاو كە بە سەرنجدان بە لە ئارادا بوونی مەترسی هەرچەشنە تێكهەڵچوونێكی نێوان هێزەكانی ئامریكاو رووسیە لە ناوچەكە، دەكرێت وەكوو ئیرادەیەكی نەك تازە بەڵكوو هەڵقوڵاوی كەسایەتی و تایبەتمەندی ئیدارەی ترامپ رەچاو و پێناسە بكرێت. بەڵام بەوەشەوە هێرشە سەربازیەكەی ئامریكا بۆ سەر سووریە چەند دەرەنجام و لێكدانەوەی لێ دەكەوێتەوە:
یەكەم دەكرێت وەك دژكردەوەیكی ئاسایی زلهێزێك وەكوو ئامریكا دژی جینایەتی رێژیمەكەی بەشار لە بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی سەیری بكەین، دژكردەوەیەك كە پێشتر ئۆباما بەداخەوە سڵی لێ كردوو لەو كاتەی كە هەلوومەرج لەبار بوو بۆ ئەوەیكە ئامریكا بە پشتیوانی جیهانی حكوومەتی ئەسەد لە گەڵ دەرەنجامی جینایەتەكانی بەرەوروو بكاتەوە لە گەڵ رووسیە رێك كەوت كە گوایە نەتەوە یەكگرتووەكان چەكە كیمیاوییەكانی سووریە لە ناو ببەن، كە ئێستا دەركەوتووە ئەو پرۆژەیە نەیتووانیوە ببێتە لەمپەڕ لەبەر دەم حكوومەتی سووریە بۆ هەبوون و بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی. لە لایەكی دیكەشەوە دەركەوت كە ترامپ خاوەن كەسایەتی پراگماتیكەو لە ئاست سیاسەتدا زۆر "عەمەڵگەرا"یەو بەرژەوەندیەكانی ئامریكا لە روانگەیەكی دیكە پێناسە دەكات. بۆیە لە یەكەم هەنگاو دەتوانین بڵێین هێڕشە سەربازیەكەی ئامریكا بەرپرچدانەوەیكی بەكردەوەی ئیدارەی ترامپە بە هەیەجانات و خەمباری رای گشتی جیهانی لە بەرامبەر ئەو كارەساتەی بەشار ئەسەد بۆ جاری سێهەم خوڵقاندی.
دووهەم، دەكرێت لە روانگەی هاوكێشەكانی ناوخۆی ئامریكاش بڕوانینە ئەو رووداوە. لە ماوەی سێ مانگێك كە ترامپ بووە بە خاوەن ماڵ لە "كۆشكی سپی" بە شێوەیكی بەردەوام لە لایەن دیمۆكراتەكانەوە تووشی رەخنەو قەیران بووەو لەم نێوانەدا گریمانەی پێوەندیەكانی لەگەڵ مۆسكۆ زیاتر لە هەموو بابەتێك كەوتووتە ژێر لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوە. لە راستیدا دەتوانین بە ئاسانی ئەو فەرمانەی ترامپ وەكوو بەڵگەیەكی ترامپ بۆ سەلماندنی ئاستی بەرزی وەفاداری سەرۆك كۆماری ئامریكا بە بەرژەوەندیە باڵاكانی وڵاتەكەی رەچاو بكەین. رەنگە ترامپ دەیەوێت بیسەلمێنێت كە لای ئەوە وەكوو كەسایەتیەكی خاوەن بیرۆكەی ئامریكایی، بەلایەوە پیرۆزتر لە بەرژەوەندیەكانی ئامریكا نیەو بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە لە بەكار هێنانی هیچ شێواز و كەرەستەیەك سڵ ناكات و تەنانەت ئەگەر مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی و جیهانی لە ئارادا بێت. دژكردەوەی زۆربەی دیمۆكراتەكان بە تەواوەتی وەكوو سەركەوتنێك بۆ ترامپ رەچاو دەكرێت. لە راستیدا ترامپ لە ئاست ناوخۆدا بە هێڕشێكی بەرتەسك كاریگەریكی تەواوی هەبوو لەسەر روانگەی دژبەرەكان كە ناوبراو تەنیا كەسێكی تاجێری سەر بە رووسیە نیەو ناكەوێتە ژێر كاریگەری سیاسەت و خواستەكانی پووتینی رووس.
سێهەم، ئەو گریمانە هەیە كە ترامپ لەم ماوەو بەتایبەت دووای كارەساتەكەی ئیدلێب گەیشتبێتە ئەو قەناعەتە كە لە جیهانی ئەمڕۆ بەو هەموو قەیرانە ناوچەیی و جیهانیەدا، وڵاتێكی زلهێز وەكوو ئامریكا ناتوانێت بێلایەن بێت یان دەستێوەردانی نەبێت لە هاوكێشەكان. ئەوەش هەم لە روانگەی بەرژەوەندیە جیهانیەكانی ئەو وڵاتەو هەم لە روانگەی رای گشتی جیهانی بەرامبەر بە جینایەتی دیكتاتۆرگەلێك وەكوو بەشار ئەسەد. واتە ترامپ ئێستا لەو باوەڕەدایە بۆ دەستەبەر كردنی بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكەی دەبێت لە زۆربەی قەیران و هاوكێشەكان خاوەن هەڵویستی بە كردەوە بێت و ناكرێ چاوپۆشی لە هەڵویستی رووسەكان بكات، بە تایبەت لە ناوچەیەكی ئستراتێژیك وەكوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە لە پێناو بەردەوام بوونی ئەو وەرچەرخانە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی دژكردەوەی گشتی، لە ئاست جیهانیدا، بەرامبەر بە هەرچەشنە دەستێوەردانی ئامریكا لە قەیرانی سووریەیە كە هەڵبەت بە گشتی لە گەڵ هاوسۆزی زۆربەی لایەن و وڵاتان بەرەوروو ببوو. بۆیە دەبینین دووابەدوای ئەوەش باڵویزی ئامریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە رەنگە ناچار ببین لەوەش زۆرتر ئەنجام بدەین، واتە هۆشداریەك بۆ لایەنی بەرامبەر كە هەم حكوومەتی بەشار ئەسەد و هەم رووسەكان و ئێرانیەكان لە خۆوە دەگرێتەوە. 
بەهەر شێوە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتەكانی ئیدارەی نوێی ترامپ لە ئاست ناوچەیی و جیهانی دەبێت چاوەڕوان بین، چونكە هێڕشە مووشەكیە بەرتەسكەكەیان بۆ سەر سووریە تەنیا دەتوانێت دژكردەوەیك بێت لە بەرامبەر رای گشتی جیهانی كە دژی جینایەتە كیمیاویەكەی بەشار هەڵخرابوو. بەڵام ئەوەیكە ئایا ئەجێندای ترامپ بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆ یان ناچار كردنی رووسەكان بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانیان لە سووریە دەگۆڕدرێت، دەبێت لە حەوتەكانی داهاتوو چاوەڕوان بین. بەڵام یەك شت رونە، هێڕشەكەی ئامریكا گوتاری هەنووكەیی لە قەیرانی سووریەی گۆڕیوەو رووسەكان دەبێت خوێندنەوەی نوێیان هەبێت لە هاوكێشەكانی ناوچەكەو خۆیان بۆ هەر رووداوێكی لە ناكاو ئامادە بكەن.


AM:09:40:10/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 557 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌