ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە هولەند بەرز راگیرا

ئاسۆی رۆژهەڵات: ڕۆژی پێجشەممە، ۱٦ی مانگی مارس، بۆ ڕێزگرتن لە یادی کارەساتی قوربانیانی هەڵەبجە و گوردانی شوان نوێنەرانی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی هۆڵەند لە شاری دێنهاخ رێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.

رێوڕەسمەکە لە بەر دەرگای رێکخراوی نێونەتەوەیی دژ بە چەکی کیمیایی و نزیک باڵوێزخانەی عێراق بەڕێوە چوو.

پاش چەند خولەک بێدنگی و وتاری لێژنەی هاوکاری، پەردە لە سەر وێنەیەکی شێوەکاری کە لە لایەن هونەرمەندێکەوە کێشرابۆوە لادرا، دواتر لە لایەن هاوڕێ ماریکە باکر ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وتارێک بە ناوی لێژنەی هێزە سیاسییەکان بەزمانی هوڵەندی خوێندراویەوە.

دانانی گوڵ لە سەر مۆنۆمێنتی هەڵەبجە 'پەیکەرەی عومەری خاوەر' بەشێکی دیکە لە رێوڕەسمەکە بوو.

لە کۆتاییدا سەرجەم بەشداربووان بۆ رێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر مۆنومێنتی نوێی هەڵەبجە لە بەر دەرگای باڵوێزخانەی عێراق کۆبوونەوە و رێوڕەسمەکە بە وتاری سەفیری عێراق و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کوتایی پێهات.

شایانی باسە لەم ڕۆژەدا یادی هاوڕێیانی گوردانی شوانی کۆمەڵەش بەرز ڕاگیرا.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 
کۆمیتەی پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکان ۱۷ی مارسی ۲٠۱۷

PM:05:39:20/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌