ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی رۆژهەڵات گەیشتووە، لە درێژەی ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە، رۆژی رابردوو، شەممە، ٢٨ رەشەممە، هێزەکانی رژیم لە شاری سنە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی "محەمەد قەوامی "چالاکی سیاسی کورد و دەستیان کرد بە ئەزیەت و ئازاری دایکی ئەم چالاکە کوردە.
هاوکات هێزەکانی رژیم هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیشیان لە بنەماڵەی محەمەد قەوامی کردووە و بە دایکی ناوبراویان راگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامبوونی کوڕەکەی لە چالاکی سیاسی، بنەماڵەکەیان دەخرێنە ژێر گوشاری زیاتری رژیمەوە.
محەمەد قەوامی چالاکی سیاسی کورد لە ساڵەکانی ١٣٧٧، ١٣٨٧، ١٣٩٣ و ١٣٩٤ چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە کە دوایین جار بە هۆی گوشاری لە رادەبەدەری هێزەکانی رژیم بە ناچار وڵاتی جێهێشت و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی سویسە.