نەورۆز وەكوو هێمایەك بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی كوردستان

فۆئاد شێربەیگی

سەری ساڵی هەتاوی واتە نەورۆز لە زۆر شوێن و وڵاتانی جیهان جێژن دەگیرێ و دەبێتە هۆی سەرخۆشی و شادمانی خەڵك، بەڵام وێڕای هەموو ئەوانە جێژنی نەورۆز بۆ كورد و لە كوردستان مانایەكی زیاتری هەیە و ڕەنگ و بۆنێكی تری پێوە دیارە كە باس لە زیندوو بوونی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا دەكا و هاواری زیندوو بوونیانە.
هەموو نەتەوەكانی جیهان لە مێژوودا یا توانیویانە دەوڵەتی خۆیان درووست بكەن و یا لە ناو نەتەوەكانی دیكە تواونەتەوە و لەگەڵ ئەوان بوونەتە دەوڵەت، بەڵام تەنیا كوردە كە سەرەڕای ئەوەی مەجالی سازكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نەبووە و لە ژێر دەسەڵاتی داگیركەری نەتەوەكانیتر لە چوارچێوەی وڵاتانی دەستكرددا بووە و خاك و نیشتمانی دابەش كراوە و داگیركەران بە هەموو هێز و توانایانەوە بۆ سڕینەوەی شوناسیان هەوڵیان داوە، توانیوێتی شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و هەموو فاكتۆڕەكانی بەنەتەوەبوونی خۆی ڕابگرێت.
ڕاستە زمان وەكوو سەرەكیترین فاكتۆڕی پێناسەی نەتەویی دەورێكی سەرەكی هەبووە لە زیندوو ڕاگرتنی كورد وەكوو نەتەوە و توانیوێتی ببێت بە پێناسەی سەرەكی بەڵام هاوكات لە گەڵ ئەوە جێژنی نەورۆز وەكوو بۆنەیەكی گەورە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی لە كوردستان زیاترین كاریگەری سیاسی لەسەر ئەو بزوتنەوەیە داناوە و هەموو ساڵێك لە هەموو كوردستانی داگیركراو مەڕاسمی نەورۆز بووەتە سەرچاوەیەكی كاریگەری ژیانەوەی هەستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە لە ناو خەڵكی كورددا و هەروەها وەكوو گەورە مەترسییەكی سیاسیش لە لایەن داگیركەرانەوە چاوی لێكراوە و هەموو هەوڵیان كەمرەنگ بەڕێوەچوونی ئەو مەراسمە لە كوردستان بووە.
هەڵسوڕاوانی مەدەنی و سیاسی كوردیش بە تێگەیشتن لە دەوری نەورۆز، هەموو ساڵێك نەورۆزیان كردووەتە میتینگێكی سیاسی و مەدەنی و تێكۆشاون بە هەرچی شكۆدارتر بەڕێوەبردنی ئەو بۆنە نەتەوەیی و كەڵك وەرگرتن لە هەموو كەرەستە بەدەستەوەكانی یاسایی بتوانن دەورێكی كاریگەر لەو ڕۆژە و لە مەڕسمەدا بگێرن و سەرەڕای هەڕەشە و مەترسی سەریان پێشیان لە بە دەوڵەتی كردن و داگیركردنی ئەو كۆبونەوە گشتیانە لە لایەن داگیركەرانەوە گرتووە.
لە كوردستانی ڕۆژهەڵات هەموو ساڵێك و لە جێژنی نەورۆز لە شوێنە تایبەتەكان كە وەكوو نەریتی لێهاتووە هەر بەو دەستورە جیژنی نەورۆز بەڕێوە چووە و بەڕێوەبردنی ئەو مەراسمانە بووەتە بەشێكی جیانەكراوە لە جێژنی نەورۆز و بە دەیان هەزار كەس لە شوێنە دیاریكراوەكان كۆ دەبنەوە و هەموو ساڵێك ئاگری نەورۆز بەیەكەوە دەكەنەوە و سرودی نەورۆز دەڵێنەوە و لە دەوری ئاگرەكە هەڵدەپەرە و هەموو بەربەستەكان و یاسا كۆنەپەرەستانەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێران دەخەنە ژێر پرسیار و هاواری جێژنێكی كۆنی كوردان دەكەن.
هەڵسوراوانی سیاسی پێویستە بەكەڵك وەرگرتن لەو میتینگانە كە هەستی شۆڕشگێرانە و كوردایەتی تێیدا پڕاوپڕە و هەموو كەس ئامادەیی ئەوەی هەیە بۆ پەیوەستبوون بە بزوتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی بانگهێشت بكرێت،  دەورێكی بەرچاو بگێڕن و بتوانن لەو كۆبونەوانەدا پێناسەی ڕاستەقینەی كۆماری ئیسلامی وەكوو دوژمنی سەرەكی كورد و داگیركەری خاك و نیشتمان بۆ خەڵك ڕوونكەنەوە و خەڵكی بەگژداكەنەوە.
هەر شوێنێك خەڵك كۆ ببێتەوە شوێنی هەڵسوڕانی ئێمەی شۆڕشگێڕە و دەبێ لەوێ بین و بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و بە پێی تواناییمان كاریگەریمان لەسەری ببێت و هیوادارم ئەو ساڵیش مەڕاسمی نەوڕۆز ببێت بە چقڵی چاوی دوژمنانی كوردستان و هیوابەخش و پشتگەرمییەك بۆ تێكۆشەرانی ڕێگای ڕووناكی.
نەورۆز جێژنی سەركەوتنی ڕووناكی بەسەر تاریكە و ڕۆژ بەسەر شەودایە و دڵنیامان دەكاتەوە داگیركاری و ستەمكاتی تاسەر مەودای نابێت و نەورۆزی سەركەوتنی ئێمەش بەڕێوەیە 


PM:10:16:19/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌