ساتێك بەدەم گریانی شارەوە

جەلیل ئازادیخواز

 گرێی ئەم ئازارە چۆن بكەمەوە؟ ئەستەمە مرۆڤ بێ سڵەمینەوە و تەوسێكی نوچ هێن، دەست بۆ بوخچەی ئازارەكانی تەمەنی بەرێ. هەڵەبجە بۆ من هەم ئازارە و هەم تەمەن لە مانا تراژیكەكەیدا. چۆن بتوانم و بۆ هەڵدانەوەی كام یاد، كارەسات، مێژوو، ئەم چیرۆكە تراژیكە بە دیار سێبەرەكانی زەمەن و لە بەرژەوەندی/دییەی شارەوە بخوێنمەوە. كاتێ شەپۆلی كارەسات لە هەڵەبجە دایبڕیم. چرۆی ئاوەز و درەختی ڕۆژگارم هێندە كراوە و هەڵكشاو نەبوون ئاراستەی ڕوودا و ئامانجی دیاردەكان بخوێنەوە. تامی خاوی عومرێكی تەماوی، هێندێك یادەوەری مێژووبەزێنی كاڵ، دەیانبەستمەوە بەهەڵەبجەوە. بەشێوەیەكی سەیر ئەم شارە تامی دایكمی دەدا، ئەوانەی ئەژنۆیان زریانی غوربت نەی لەرزاندبێ، نازان كۆستی زێدكەوتن و گەڕیدەی دیاری دوور و نامۆ چیە. نامەوێت خویندنەوەیەكی تیۆری بۆكارەساتی هەلەبجە بكەم یا بە زمانی ئامار خەسار و ڕادەی زیانی مرۆیی و مادیی كیماباران و بۆردوومانەكانی بكەم؛ بەنیازی ڕەچەلەكناسی بەعس نیم و هیچ میتۆدیكیش بۆ شرۆڤەی وەرزی ئینسان قڕان بەكار نا‌هێنم تەنیا مەبەستمە لەودیو دیوارەكانی ئەقڵی ئامڕازیی ئێستاوە و لە گوڵدانی دڵەوە چێرۆكێكی كورتی پێش مرۆڤبڕانەكەی شار بگێرمەوە.
 دەم دەمەی بەهارێك زووهاتوو بوو. [سەوڵاوای] ڕۆژهەڵاتی نیشتمان كەم كەم سەرقاڵی لەبەركردنی كراسی قەیفەی سەوزچنی بەهار بوو. وێنەگریەكەم باوەشی كردبوو بەڕاستە ڕێی سنە مەریواندا. شوشە و ویترینەكەی رەنگاڵە بوو لەگەڵ وێنەی بەهاریی و شەڕی نگریسی ئێران و ئێراق و شەڕكەران. بێ ئەمان بووین و سیاسەت لەهەناومان واچەقیبوو لەوێش هەر نەیار و سەربزێو، هەمیشە دوور لە دەسەڵات. تاڕادەیەك دەناسرام و ناخۆش ناویش نەبووم. یادەوەرم یارمەتیم نادات بڵێم بۆ لە وێنەگریەكەم هاتبوومەدەرەوە. كاتێ دەچوومەوە بۆ دووكان ئاشناكان بەریان گرتم: مەڕۆ. دوكانەكەت جاش و پاسدار گەمارۆیان داوە، گومانمان نییە لە خۆت دەگەڕێن. كە تۆزێك لاربوومەوە، لە ڕاست دەچوو، چەند ماشێنی مودێل بەرز و كۆیە پاسدار و كوردی پۆشتە و پەرداخ، بەدەر و ناوی دووكانەكەدا دەهاتن. كاتێ سەرنجم بەتەواوی لەسەر سیمای كوردەكان لەنگەری گرت نە لە جاش دەچوون و نە لە خەڵكی ڕۆژهەڵات. جمام بۆ دوكان. هەرچەند نزیكان وتیان مەچۆ، چووم وتم مەترسن هیچ نییە. كاتێ هاتم، دیتم بەڵی یەكیان دەناسم. گیانبەختكردوو [شەوكەتی حاجی مشیر] بوو. لە وێنەیەكی خۆم ڕامابوو. دەستێكم لەشانی راستیدا و وتم: كاك شەوكەوت باشی. هەڵگەڕایەوە وتی؛ باشی مامۆستا "نەریمان" بە پەلە وتم؛ جەلیل. تاوێك یەكمان لە ئامێزگرت، دابەزیبوون پشوویەك بدەن و چایەك بخۆنەوە، كە وێنەكەی منی دیبوو پرسیبووی كێ خاوەنی ئێرەیە؟ وتبویان هەر ئەم وێنە. چاوەراون بوو، پاش هەواڵپرسی و چاخواردنەوە، بەدەم جەفەنگەوە وتم: كاك شەوكەت بەرەوكوێ؟ وادیارە سەرقاڵی پرۆژە و بەرنامەیەكن لەگەڵ ئەم برادەرانە. وتی: بۆنابێ شتی وابكەین؟ بۆ نا. مەبەستی منیش ئەوەنەبوو بیكەن یا نەیكەن، دواتریش جا بڵێم بیكەن یا مەیكەن چی دەبەخشێ!؟ یادی بەخێر، وتی: دەزانم دەڵێی چی، بەڵام ناچارین. دەبێ زەبرێكی تووند لە بەعس بدەین. وتم وایە، بەڵام. كاك شەوكەت تۆ لەمن باشتر دەزانی، گەلانی خواپێداو و سەركردەكانیان، شەڕ لە زێد و وڵاتیان دووردەخەنەوە. ئەم شەڕە شەڕی كوڕد نییە. بریا كارێكتان نكردبایە شەڕەكە بكەوێتە كوردستان. كاك شەوكەت وتی: تازە شەڕهاتووەتە كوردستان و چارەش نییە دەبێ بیكەین. وتم باشە، بەڵام با كوردستان و خەڵك نەبنە سووتەمەنی شەڕێ كە شەڕی ئەو نییە. لێك نەدەگەشتین، من ئەژنۆم دەلەرزی و هەستم بەكارەساتی شەڕ و داگیركاریی هەر دوو هێزە جەنمیە دژەكوردەكە دەكرد. ئەویش وەك فەرماندە و سەركردیەیەكی مەیدانی و تێوەگلاو لە شۆڕش و شەڕ. مەبەستی وەشاندنی زەبر لە دووژمن بوو. سەیر ئەوە بوو لە مەتەرێزی دووژمنێكەوە مشتی لە دووژمنێكی دیكە گرتبوو كە وێرانیەكەی لەكوردستاندا بەجێ دەما. نە ئەو وتی و نە من پرسیم كوێ مەبەستە؟ بە ڕوونی نەمزانی مەبەست كام شوێن و شاری كوردستان بوو؟ پاش ڕەنگە چارەكێ كاك شەوكەت و هاوڕێكانی چوون. لە كرماشانەوە هاتبوون، مەشقی گرتنی هەڵەبجەیان كردبوو لە كرماشان. كاك شەوكەت پلانی پەلاماری شاری هێنابوو. شارێ كە لانكەی شۆڕش و پیشمەرگە و خەبات بوو. هەرگیز هەڵەبجە لەو ساڵانەدا بە دەست حوكومەتەوە نەبوو. سەیرتر ئەوەبوو دواتر كە لە سنە و لەگەڵ كاك حەكیمی مەلاساڵح دیمەوە دەیوت: هەموو جۆرە شتێكمان لە هەڵەبجەوە بۆ دەهات، وەك نان و فیشەك و چەك. لەڕاستیا هەڵەبجە بەدەست خۆمانەوەبوو. دەی بۆ واتانكرد؟ دەمان ویست گوشارەكانی سەر بارەگای سەركردایەتیمان كەمكەینەوە. زۆری نەبرد، دوای ئەو هێرشە نە هەڵەبجە ما و نە بارەگای سەركردایەتی. ئەوەی مابوو كوردستانێكی وێران؛ ئاشبەتاڵێكی بێدەنگ. ئاشتی ئەو دوو كەڵەگای كە هەڵەبجەیان وێرانكرد.


PM:07:07:09/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 407 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌