کێ بەرپرسە لە دواکەوتنی پڕۆژەی "مەسکەنی مێهر"ی بانە؟

پرۆژەی مەسکەنی مێهر ساڵی ١٣٨٦ لە دەوڵەتی پێشووی کۆماری ئیسلامیدا دەستی بە کار کرد و لەدوای هاتنەسەر کاری دەوڵەتی نوێ هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە و زۆرێک لە شارۆمەندانی شاری بانە کە ناوی خۆیانیان لەو پرۆژەیەدا تۆمار کردووە بێ خانوو ماونەتەوە.

ڕاپۆرتی ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پاش هاتنە سەر کاری ئەحمەدی‌نژاد و کابینەکەی، پڕۆژەیەک لە ژێر ناوی "مەسکەنی مێهر" و بە درووشمی "دابین کردنی خانوو بۆ کەم‌داهاتەکان" لە لایەن دەوڵەتی تازەوە دەستی پێکرد، لە قەراغ شارەکان زەوی بۆ دروستکردنی ئەم خانوانە ئامادەکرا و شارۆمەندان بە دانانی ٦ ملوێن تمەن پێشەکی ناوی خۆیانیان لەو پڕۆژەیەدا تۆمار کرد.

لە شاری بانەش وێڕای باقی شارەکانیتری ئێران شارۆمەندانی ئەو شارە بەدانانی پێشەکی و وەرگرتنی وام لە بانکەکان چاوەڕوانی وەرگرتنی خانوو بوون.

دەستپێکی ئەو پرۆژەیە لە بانە، کۆسپی هاتە سەر ڕێگا و لە "١١٠٤" واحیدی ئاپارتمانی کە بڕیار بوو ساز بکرێت بۆ "٦٧٢" واحید کەم کرایەوە و هەروەها ئەو ناوچەیەی کە بۆی دابین کرابوو ناوچەیەکی شاخاوی و دوور لە شار بوو.

ئێستا و پاش ١٠ ساڵ لە دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە هێشتا شارۆمەندانی بانەیی خانووەکانی خۆیانیان وەرنەگرتووە و تا ئێستا دەیان جار بە نوسینی نامە بۆ بەرپرسانی باڵایی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت سەرک کۆماریش و کۆبوونەوە لەبەردەم بینای کاری ئەو شارە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

شایەنی باسە، بەشێکی زۆر لەم پڕۆژەیە کە لە شاری بانە بەڕێوە دەچێت لە ڕێگای نێوان بانە-سەقز دایە کە بەشێک لە پڕۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەڵام بەشی کۆتایی و سەرەکی پڕۆژەکە بۆ تەکمیلی ئاپاڕتۆمانەکان چەندین ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە و بەرپرسانیش هیچ بایەخێک بە قسەی شارۆمەندان نادەن.

زۆر کەسی تریش پێیان وایە: ئەوەی کە ئەم پڕۆژەیە تا ئێستا دواخراوە بەرهەمی کەمتەرخەمی بەرپرسان بووە و دەرکەوتنی گەندەڵی زۆرێک لە گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ئەحمەدی نژادیش دا کاریگەریی لەسەر هەموو بنەما ئابوورییەکانی ئێران کردووە و ئەوەش خۆی کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر پڕۆژەکە بووە.

هەر لەم پەیوەندەدا، "مەنسوور مەجیدی" نوێنەری ناڕازییان بۆ وەرگرتنی داخوازییەکانیان كە دواتر لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكان ناچار بە جێهێشتنی وڵات كرا بە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند: ڕاستیەكەی ئەوەیە ڕژیم هیچ كات نایهەوێت كێشەی خانوو و یا هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بن بڕ بكات بەڵكو تەنیا بە بەهیوا كردن و خەریك كردنی مێشكی خەڵك ئەیانهەوێت كێشەی سیاسی لە كوردستان و ئێرانیش بە لاوە بنێن و خەڵك بە لاڕێدا ببەن. 

مەنسوور مەجیدی لە درێژەی قسەکانی دا بە ئاسۆی رۆژهەڵاتی راگەیاند: سەرەتای کێشەکان کاتێك دەستی پێکرد کە وەزارەتی ئیتلاعات چەند کەسێکی دەستنیشانی خۆی ناردە ناو ئیتحادیەی مەسکەنی مێهرەوە و ئەو کەسانە لە رووی رێنماییەکانی ئەوان هەوڵی راگرتنی پڕؤژەکەیان دەدا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە شارۆمەندان تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان لەسەر كاتی وەرگرتنی ئەو ئاپارتمانانە پێنەدراوەتەوە.


PM:03:48:05/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 821 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌