حیزبی سیاسی و پرسی دێمۆكراسی بەرفراوان

سەلاح بایەزیدی

ماكس ویبر كۆمەڵناس و پسپۆر لە بواری‌ ئابووریی‌ سیاسی‌ بە كەڵكوەرگرتن لە كۆمەڵیك «تیۆری‌ كۆمەڵایەتی‌» لەو باوەڕە نزیك ببووە كە بڵاوبوونەوەی‌ دێمۆكراسی جەماوەریی‌ و وەفاداری تاكەكان بۆ یاسا ناوخۆیەكان رێگەی‌ بۆ دامەزراندنی‌ پارتی‌ سیاسی‌ بەهێز و هەمیشەیی‌ كردووتەوە. ئەوەیش تەنیا دوابەدوای‌ درووستبوونی‌ كاریزمای‌ سیاسی‌ و رێبەرێكی‌ نوخبە و پێشەنگ دروست دەبێت. لە ڕوونكردنەوەیەكی‌ زۆرتر لە بارەی‌ چۆنێتی‌ گەشە سەندنی‌ سیستمی‌ دێمۆكراسی پەرڵمانی‌ لە ئورووپادا، ماكس ویبر ئاماژە بە مێژووی‌ درووستبوونی‌ پارتە سیاسییەكان لە بریتانیادا دەكات و ئەوەی كە لەو سەردەمەدا رێكخستنی‌ سیاسی‌، لەسەر بنەمای‌ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی‌ چینی‌ باڵادەست، داب و نەریتی‌ خێزانە دەوڵەمەندەكان یان بەرژەوەندی‌ ئایدیۆلۆژیك‌ پێكدەهات. لەسەرەتادا، هیچ پارتێكی‌ سیاسی هەمیشەیی‌ بوونی‌ نەبوو و تەنیا بە شێوەیەكی‌ كاتی‌ لە سەردەمی‌ هەڵبژاردنەكاندا چالاكیی‌ خۆیان دەست پێكرد. بەڵام بە مۆدێرنكردنی‌ رێكخستنی‌ سیاسی‌ و بەهێزتركردنی‌ دیسیپلینی‌ پارتە سیاسییەكان، ئاڵوگۆڕێكی‌ گەورە لە پڕۆسەی‌ دێمۆكراتیزەكردنی‌ كۆمەڵگه ‌و دووركەوتنەوە لە داب و نەریتی‌ كۆن و پاشماوەی‌ دێرینی‌ میكانیزمی‌ سەرەتایی‌ پارتەكان و رێكخراوەكان درووست كرد. ماكس ویبرزۆر بەگەشبینییەوە سەیری‌ بەهێزتركردنی بنەما و پەیوەندییە ناوخۆیی و رێكخراوەییەكانی دەكرد، تەنانەت ئەوەی كە هێندیك جار بە نەبوونی‌ دێمۆكراسی ناوخۆیی‌ پارتە سیاسییەكانیش ناوزەد دەكرێت بە ئەرێنی پێناسە دەكرد. هەروەها، باوەڕی تەواوی بەوەیش هەبوو كە رێبەرایەتییەكی‌ بەهێزی‌ سیاسی‌ لە درووستبوونی‌ دێمۆكراسییەكی‌ ڕاستەقینەدا‌ یارمەتیدەر دەبێت. بەواتایەك، رێبەرایەتییەكی‌ بەهێزی‌ پارتە سیاسییەكان پێش بە دروستبوونی‌ سیستمێكی‌ بۆروكراتێكی‌ ناوخۆیی‌ حیزبی‌ و پرش و بڵاوی ئایدیۆلۆژیك دەگرێت كە هیندیك جار لەژێر ناوی ئازادی تاكەكان و دێمۆكراسیەكی بەرفراواندا كۆمەڵگەیش توانای‌ لێپرسێنەوەی‌ لەگەڵدا نابێت و هەموو مافە گشتییەكان و پێرەو و پەسەندكراوی كۆمەڵێك هاوپەیمانی بە كەیفی‌ خۆی‌ پێشێل دەكات.


PM:11:23:10/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌