حەلەب، شەڕی ناوخۆ و داهاتووكەی

سۆران سەلیمی

دوای چەند ساڵ شهڕ، لە سەرەتاكانی مانگی ١٢دا سوپای بەشار ئەسەد توانی دەست بگرێت بەسەر بەشی خۆرهەڵاتی حەلەب و ئەوەش شكستێكی زۆر گەورەیە بۆ نەیارانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەگەرچی روونە كە ئەو سەركەوتنە تەنیا بەدەستی هێزەكانی حكوومەت مسۆگەر نەكراو تەنانەت رۆڵی هێزە سەربازیەكەی رووسیا و میلیشیا شیعەكانی سەربە ئێران زۆر كاریگەرتر بوو لە توانا و رۆڵی هێزەكانی حكوومەت. راستە كە بە رواڵەت گرێبەستێك لە نێوان دوو لایەن هاتە ئاراوە كە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیكی ئەمن شار چۆڵ بكەن و بەرەو ئیدلیب رێگا بگرنەبەر و تا رادەیكیش ئەوە جێبەجێ بوو، بەڵام هەواڵەكان باس لە‌ كوشت و بڕی خەڵك و ئێعدامی دەیان و رەنگە سەدان كەسی سیڤیلی حەلەب بە دەستی هێزەكانی حكوومەت دەكەن؛ جینایەتێك كە رەنگە جۆرێك تۆڵەی حكوومەت بێت، حكوومەتێك كە بە تەواوەتی دەستی بە خوێن ئاوێتەیە و بۆ خۆیشی باش دەزانێت چیدیكە گەڕانەوە بۆ پێش ٢٠١١ خەونه ‌و هەڵبەت سوریەش بۆ ئەو سەردەمە ناگەڕێتەوە.
ئەگەرچی حەلەب وەكوو ناوەندی ئابووری و بازەرگانی سووریە، گرنگیەكی ئەوتۆی هەیه ‌و خاوەن پێگەیكی ستراتێژیكە لە هاوكێشەكانی شەڕی ناوخۆی سووریەدا‌، بەڵام هەموو تەوەرەكانی پێوەندیدار بە حەلەب لەوەدا كورت نابێتەوە. پرسی سەرەكی تەنیا گرنگی حەلەب نیە، بەڵكوو پرسیار ئەوەیە بەراستی لە سووریە چی قەوماو چی خەریكە دەقەومێت؟ بەراستی رووسیە چۆن لە پێش چاوی جیهانیاندا توانی و دەتوانێت بەشداری لە جینایەتی لەو شێوە بكات و كەسیش دەنگ نەكات؟ بەراستی ئێستا لە سووریە هاوكێشەكان بەرەو كام ئاراستە دەڕۆن و ئاكامی ئەو شەڕە ماڵ وێرانكەرە دەبێتە چی؟ ئایا بە داگیركردنەوەی حەلەب كۆتایی بە شەڕی ناوخۆی سووریە دێت؟ ئایا بەشار ئەسەد لە كۆتاییدا دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو وڵاتدا بسەپێنێت؟ ئەگەر وڵامی هەموو پرسیارانەش بزانین و رێگا چارەیان بۆ بدۆزینەوە، هێشتا یەك خاڵی گرنگ هەر وەكوو خۆی دەمێنێتەوە: 
راستی ئەوەیە سووریە بە تەواوەتی وێران و كاول كراوە، سەدان هەزار كەس گیانیان لەدەست داوە، ملیۆنان ئاوارە دوورە وڵات بوون و هەموو هەست و نیستی خۆیانیان لە دەست داوە، ئەو‌ شەڕە هەزاران كەم ئەندامی لێ كەوتووتەوە، ملیۆنان خەڵكی تووشی شۆك و نەخۆشی دەروونی هاتوون، رەنگە دەیان و سەدان هەزار منداڵ هەتیو كەوتوون و دەبێت لەلایەن خەڵكی دیكەوە یان ناوەندە حكوومیەكانەوە سەرپرشتی بكرێن، هەموو ژێرخانە ئابووریەكانی سووریە كاول كراوە، بە شێوەیكی بنچینەیی رەق و قینی ناوخۆیی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە ریشەی هەڵكووتاوه ‌و چیدیكە هیچ كامیان لە یەكدی خۆش نابنەوە، بێگومان بەشار ئەسەد و لایەنگرانی ناتوانن تەنانەت لە رێگای هێزەوە بۆ جارێكی دیكەو بەشێوەی پێویست بەسەر هەموو بەشەكاندا زاڵ ببن و دەسەڵاتدارێتی بكەن، مەشرووعیەتی بەشار ئەسەد خەونێكە كە نایتە دی، كوردەكان چیدیكە ناگەڕێنەوە بۆ هەل و مەرجی پێش ٢٠١١، كوردستانی رۆژئاوا بووە بە واقعیەتی سیاسی لەسەر عەرز كە دونیا دانی پێدا ناوە، بەشگەلێ لە ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد لەلایەن رۆژئاوا و توركیه ‌و هێندێك وڵاتی عەرەبی بە تەواوەتی پاڵپشتی دەكرێن و بێگومان رووسیەش ناتوانێت بە تەواوەتی و بە یەكجارەیی گورز و زەربی كوشەندە لەو لایەنانە بدات و بۆ هەتا هەتایە بیانسڕێتەوە، ئامریكا ئەگەرچی بە چەندین هۆكار، لە زۆر شوێندا لە بەرامبەر رووسیە و دەستێوەردانی سیاسی مۆسكۆ بێدەنگ بووە یان لانیكەم دژكردەوەی پێویستی نەگرتە بەر، بەڵام رازیش نابێت كە بەشار ئەسەد جارێكی دیكە دەسەڵات بە تەواوەتی قۆرغ بكات بە تایبەت كە دەزانێت ئەوە بوونی نیه ‌و نابێت. 
بەرژەوەندیەكانی لایەنەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هاوكێشەكان بە شێووەیكی بنچینەیی و بەرین و قووڵ دژی یەكن و تا بەشێك لەو بەرژەوەندیانە مسۆگەر نەبێت هیچ لایەنێك واز لە سیاسەتەكانی ناهێنێت، هەزاران تیرۆریستی توندڕەوی ئیسلامی لە سووریە نیشتەجێن و بێگومان لە هەل و مەرجی ئێستادا سڕینەوه ‌و لەناو بردنیان زۆر ئاسان نیە، تەنانەت هاوپەیمانی جیهانیی دوای دوو ساڵ نەیتوانیوە داعش بە تەواوەتی تێك بشكێنێ؛ هێزێك كە ئێستاش بەشێكی بەرچاوی خاكی سووریە كۆنتڕۆڵ دەكات. واتە، شەڕی سووریە زۆر ئاڵۆزتر لەوەیە كە چ لە رێگای سەربازی و چ لە رێگای سیاسیەوە رێگاچارەیكی بۆ پەیدا بێت! تەنانەت ئەگەر هەر ئێستا دۆخەكە لە سووریە هێور بكرێتەوه ‌و لایەنێك بەسەر هەموو بەشەكاندا زاڵ ببێت، دوو پرسی سەرەكی دێتە ئاراوە كە لە كاتی ئێستادا كەس بیریشی لێ ناكاتەوە:
یەكەمیان، بۆ بونیات نانەوەی سووریە زیاتر لە ٥٠ ساڵ كات پێویستە و زەحمەتە كە ئەو وڵاتە ببێتەوە بە وڵاتەكەی جاران. دووهەم، هەر لایەنێك دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەویش لە رێگای سەربازیەوە، ئەگەری زۆر هەیە كە شاڵاوێك لە توندوتیژی، وەكوو تۆڵە سەندنەوە، بكەوێتە رێگا كە دەرەنجامە كارەسات بارەكەی لەوەی ئێستا زیاتر نەبێ كەمتر نابێت.
ئاماژەم بەو خاڵانە كرد تا بزانین كەوتنی حەلەب بەمانای گۆڕانی سەرەكی لە هاوكێشەكان نیە، ئەگەرچی دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ بەشار ئەسەد، بەڵام بەمانای تەواو بوونی توانای رەكابەرانی نیه ‌و لە كاتی ئێستادا سووریە بەمانای راستەقینەی خۆی لانیكەم بەسەر پێنج بەشدا دابەش كراوه: حكوومەتی بەشار ئەسەد، كوردەكان، ئەرتەشی ئازاد، جبهەی نووسره ‌و داعش. هەر یەكە لەو لایەنانە توانای خۆی ‌و هاوپەیمانی خۆی هەیە، رەنگە لە دوو یان چەند ساڵی داهاتوودا داعش و بەرەی نووسرە شكست بێنن و ئاسەواریان بەو شێوە كاریگەرەی ئێستا نەمێنێت كە ئەوەش ئاسان نیە،  بەڵام بێگومان سێ لایەنی حكوومەت، كوردەكان و ئەرتەشی ئازاد و ئۆپۆزیسیۆنی هاوپەیمانی رۆژئاوا هەر لە جێی خۆیانن، كە هەڵبەت روونە رۆژ لە دووای رۆژ مەودای نێوان ئەو سێ لایەنە لە یەك دوورتر دەبێت و هیچ لێكۆڵەر و سیاسەتوانێك ناوێرێ باس لەوە بكات كە لە كۆتاییدا یەك لەو لایانانە سەردەكەوێت لە شەڕ یان دەگەنە رێكەوتنێك كە یەكپارچەیی دەسەڵات و خاكی سووریە گارانتی بكات. ئەوەش لە كاتێكدایە كە رەنگە كێشەی سووریە نەبێتە هۆی داگیرسانی ئاگری شەڕێكی جیهانی، بەڵام هەموو لایەنە دەرەكیەكانی ئەو پرسە باش دەزانن كە هەر جۆرە یەكلابوونەوی یەكلایەنەی قەیرانی سووریە بەمانای گۆڕانێكی قووڵ دەبێت لە هاوكێشە ناوچەیی و جیهانیەكاندا كە دەتوانێت بەرژەوەندیەكانی یەك لایەن مسۆگەر بكات و بەرژەوەندیەكانی لایەنی تر بۆ هەتاهەتایە بخاتە مەترسیەوە، ئەوەش لە هەڵسووكەوتی رووسەكان و ئێرانیەكان زۆر روون و ئاشكرایە، تا ئەو جێگایە كە رووسەكان بە بێ ئاوردانەوە لە دژكردەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خۆیان كرد بە هاوبەشی راستەوخۆی قەتڵ و عامی دەیان هەزار لە خەڵكی سووریه ‌و بێگومان تەنیا تیرۆریستەكانی داعش و بەرەی نووسرە ئامانجی هێڕشەكانی سوپای رووسیە نەبوون.
لە كاتی ئێستادا رەنگە دووای كەوتنی حەلەب زۆرێك لە چاودێران لەو بڕوایەدا بن كە ئێستا بەشار ئەسەد دەستی باڵای هەیە لە شەڕ و ئەوەش وەكوو كارتێك دەتوانێت لەسەر مێزی دانووستاندنەكاندا كەڵكی لێ وەربگرێت، بەڵام راستیەكان ئەوە نیشان ئەدات كەوتنی حەلەب و سەركەوتنەكانی سوپای حكوومەت رەنگە تەنیا یەك دەرەنجامی باشی بۆ بەرەی بەشار ئەسەد هەبێت: لایەنی بەرامبەر واز لە خواستی خۆی بۆ رۆیشتنی یەكجارەكی بەشار بێنێت، كە هەڵبەت ئەوەش لە ژێر گوشاری رۆژئاوادا، نەك وەكوو خواستی راستەقینەی رەكابەران. لە كاتێكدا دوای ٥ ساڵ شەڕ و تاوانی حكوومەت و كووشتنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار كەس ئەگەری رێككەوتن و پێكەوە دانیشتن و سازكردنی حكوومەتێكی ئاشتیی نەتەوەیی نەك زەحمەتە كە بوونیشی هەر نیە، تەنانەت بە گوشاری رۆژئاواش، بەڵام رێگایەكی سێهەم هەیە كە زۆرێك لە كارناسان باسی دەكەن:
دابەش بوونی سووریە بەسەر سێ ناوچە، یان بە شێوەی فیدڕاڵ یان بە شێوەی سەربەخۆ. ناوچەیەك لە ژێر دەسەڵاتی عەلەویەكان كە بێگومان دەكەوێتە دەستی بنەماڵەی ئەسەد و هەوڵ ئەدات بەرژەوەندیەكانی بەرەی رووسیه ‌و ئێران بپارێزێت، ناوچەیەك كە زۆرینەیان سووننەیە و بكەوێتە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی هاوپەیمانی رۆژئاوا و، كورستانی سووریەش كە لە‌لایەن كوردەكانەوە بەڕێوە بچێت. هاوكێشەكان سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە ئەوەش باشترین بژاردەیە، ئەگەرچی لەم نێوانەدا بێگومان وڵاتێك وەكوو توركیە بە توندی دژی درووس كردنی یەكەیەكی سیاسی كوردیە كە روونە لە ژێر نفووزی پ.ك.ك دا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە كۆتاییدا رووسیه ‌و ئامریكا بگەنە ئەو رێككەوتن و دەرەنجامه،‌ ئانكاراش ناچار دەبێت تەسلیم بێت و قبووڵی بكات و لە بەرامبەردا هێندێك گارانتی و ئیمتیازی ئەمنی وەربگرێت. ئەگەرچی ئەو رێگاچارەش بۆ خۆی دژواری تایبەتی خۆی هەیه،‌ بەڵام تەنیا دوور نەمایكە كە لە هاوكێشەكانی سووریە بەدی دەكرێت؛ پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی سووریە خەونێكە، ئەزموونی عێراقی دووای سەددام حسێن و كێشەی مەزهەبی نێوان شیعه ‌و سووننە خۆی نموونەیكی بەردەسته ‌و بێگومان ئەو رەوشه ‌و ئەو بەسەرهاتە لە سووریەی دوای شەڕ سەد قات ئاڵۆزتر و تەماویتره ‌و قین و رەقی لایەنەكان وایكردووە كە زۆر زەحمەتە تەنانەت خەڵكی ئاسایش لە یەك خۆش ببنەوه و دیسانەوە یەكتربگرنە ئامێز‌، واتە دەتوانین بە دڵنیایەكی زۆرەوە بڵێین: سووریە چیدیكە وەكوو قەوارەیكی سیاسیی یەكپارچە بوونی نەماوە و هیچ ئەگەرێك بەدی ناكرێت بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەی ئەو پێكهاتانەی كە هەریەكەیان لایەنێكن لە شەڕی ناوخۆیی و رەنگە بۆ دەیان و سەدان ساڵ خەڵكی ئەو وڵاتە، بەتایبەت سوننەكان، بەسەرهاتی ئەم چەند ساڵەی‌ شەڕی ناوخۆیی وەكوو چیرۆك بۆ نەوەی داهاتووی خۆیان باس بكەن و نەهێڵێن ئەو كارەساتە لە بیر بكرێت.


PM:10:55:10/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌