(مه‌رگت پیرۆز.. ئه‌ی جه‌للاد!)

رێبوار سیوەیلی

پیرۆزه‌ مردنت له‌ دڵمه‌وه‌

ئه‌گه‌رچی تا هه‌بووی بریندارت كرد..
له‌ دڵێكی برینداره‌وه‌ پیرۆزت بێ تاریكستان
پیرۆزه‌ كرم
پیرۆزه‌ ڕزین
شییبوونه‌وه‌،
پیرۆزه‌ ئاوابوونی یه‌كجاره‌كیت، 
ئه‌ی ژه‌نڕاڵی سێداره
 وه‌ی جه‌للادی ئه‌ڤین‌..

ئه‌مێستا ئاگرێك ده‌كه‌مه‌وه‌ و 
به‌ده‌م سوتانی ڕۆحمه‌وه‌
بیر له‌ نه‌مامه‌ ئیعدامكراوه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌ هه‌ر شوێنێ خه‌ڵفێك ده‌ڕوا،
تۆ له‌وێ هه‌مان فه‌رمانت ده‌رده‌كرد:
 "دژه‌كانی شۆڕش بۆ سێداره‌.."!

تۆ داهێنه‌ر بووی
داهێنه‌ری كوشتن:
فه‌رمووتان: (ئه‌گه‌ر تینووتان بوو
"ژێ سێ"یه‌ك به‌ قاچی دیله‌كانه‌وه‌ بنێن 
تا ده‌چنه‌ سه‌ركانی!
"ویزی"ییه‌ك به‌ ئاگره‌وه‌ بنێن له‌ ڕقی ڕووناكی..).
كانییه‌كان له‌ خه‌می دیله‌كان، ئاو نا..
فرمێسكیان ده‌ڕشت
تۆش خوێنت ده‌خوارده‌وه و
له‌سه‌ر به‌رده‌نوێژه‌كان 
به‌ دیار چاوی به‌ڕووه‌كانه‌وه‌
ده‌چوویته‌ سوجده‌‌..
بیرت ده‌چوو هێشتا دره‌خته‌كان به‌ پێوه‌ن..
ئاگریش له‌ بن‌ باڵه‌كانیدا،
ده‌یشارده‌وه‌ تیشك،
 به‌ یادی ڕووناكی..

له‌ دڵمه‌وه‌ پیرۆزه‌ مردنت
له‌و منداڵانه‌ی كه‌ هه‌تا ده‌مرن
باوكیان مه‌علوول
له‌و ژنانه‌ی هه‌تا ده‌مێنن
له‌ چاوه‌ڕوانیی شه‌هیده‌كاندا،
په‌ژموورده‌..
له‌و دره‌ختانه‌ی هه‌تا به‌ پێوه‌ن، 
 ئازادیی ده‌گرن..

زۆر حه‌زم ده‌كرد پێشتر مردبیت
چه‌ندینجار له‌ ئاگر پاڕامه‌وه‌
بتكاته‌ قه‌ره‌برووت
چه‌ندینجار له‌ هه‌وره‌تریشقه‌
بتكاته‌وه‌ خۆڵ
چه‌ندینجار له‌ با
بتبا بۆ .. دوور.. 
 دوورتریش.. له‌ به‌غدا..

ئه‌مێستا كه‌ مردوویت
به‌ مێژوو ده‌ڵێم ونت كا
بۆ ئه‌و په‌ڕی بیرچوونه‌وه‌
به‌ مه‌ره‌كه‌ب ده‌ڵێم ڕه‌ش.. ڕه‌شتكاته‌وه‌
ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م خۆڵێك ببارێ به‌سه‌رتا
وه‌ك ئه‌وبه‌ردانه‌ی
كێشاتن به‌ ژنانی زینده‌به‌چاڵدا
هاوار بكه‌ی،
 به‌ ئازاری ئه‌و شه‌لاقانه‌وه‌ كه‌ بۆ عاشقانت بڕینه‌وه..

ئه‌مساڵ خۆشترین ساڵی من ده‌بێت
سوپاس كه‌ تۆ مردیت.. 
مردنی تۆ مژده‌یه‌كی تاقانه‌ بوو
ده‌چم ماڵ به‌ ماڵ،
ده‌ڕۆم گوند به‌ گوند،
هێلانه‌ به‌ هێلانه‌،
كانی به‌ كانی،
سه‌ما به‌سه‌ما،
زیندان به‌ زیندان،
تا شه‌هید به‌ شه‌هید، 
 ده‌یبه‌خشمه‌وه‌..

ئه‌وێ كێوان ده‌كه‌وم و
هاوار ده‌كه‌م تا ده‌نگدانه‌وه‌
تا هه‌موو باڵنده‌ كۆچه‌رییه‌كان تێبگه‌ن
تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ نیشتیمان
له‌ غوربه‌ته‌كانی تاراوگه‌وه‌
له‌ باره‌گاكانی ده‌ربه‌ده‌رییه‌وه‌
 له‌ ته‌نیاییه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌..

هیچ شتێك تۆ و یادگارییه‌كانم كۆناكاته‌وه‌
هیچ شتێك تۆ و ته‌نیاییه‌كانم
به‌ دیار مه‌یه‌وه‌
هیچ شتێكیش تۆ و ئازاره‌كانم
به‌دیار قاوه‌ی تاڵه‌وه‌..
ئه‌ی دوژمنی پیاڵه‌
 ئه‌ی ناشرینترین فنجان!

من كۆلاره‌یه‌ك هه‌ڵده‌ده‌م
تا تێبگه‌ن تۆ ئیدی
به‌شێك نیت له‌ خنكاندنی فڕین
تا بینه‌قاقای ئازادی
به‌سه‌ر ئه‌و "شۆفڵ" و
 "جه‌ڕ سه‌قیل"انه‌ی شۆڕشه‌وه‌..

ئه‌ولاتر چی.. له‌ دۆزه‌خ
ئه‌ولاتریش له‌ ته‌ماته‌ی ڕزیو
له‌ كاڵه‌كی گه‌نیو
له‌و دنیاش موویێك له‌ ڕووخسارت نه‌ڕوێ
ژه‌نگه‌سووره‌ و مێش تێت ئاڵێن و 
هه‌ر له‌وێشدا
به‌ ژه‌هری مرۆڤانه‌ت دانه دانه‌ بمرن
وه‌ك خۆت،
 وه‌ك پووره‌ی ئه‌و هه‌نگه‌ پڕ شیلانه‌ی قه‌تڵوعامت كردن..

مژده‌یه‌كی خۆش بوو 
مردنی تۆ
سه‌ره‌تایه‌كی مژده‌به‌خش بۆ مه‌رگی ئه‌وانیتر
پێش كۆتایی ساڵ..
ده‌چمه‌ به‌رده‌می په‌نجه‌ره‌ی گشت په‌نابه‌رێك
له‌ سوێد
له‌ نه‌رویژ
له‌ هۆڵاند و له‌ هه‌ر شوێنێ
بۆنی فرمێسكی لێبێت،
بۆنی كورد..،
ئینجانه‌ی خۆشییه‌ك جێدێڵم
نامه‌ی سپێده‌یه‌كیتر
ئاوێنه‌یه‌ك له‌ داهاتوو
تا به‌یانی كه‌ هه‌ستان،
به‌و هه‌موو ئاڵۆسكاویی شیینه‌وه‌
دایبهێنن قژیان،
 به‌ شانه‌ی پێكه‌نین..

بۆ خاتری ڕووناكی
بۆ خاتری چوونه‌وه‌ت
كۆتایی تۆ
كۆتایی په‌ت بێت
له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ.. ئه‌وین..
بۆخاتری ئه‌م سپێده‌ی ئومێده‌
هه‌ر پارچه‌یه‌كت له‌سه‌ر ڕێگایه‌ك
هه‌ر كوتێكت به‌ده‌م داڵێكه‌وه‌
 بڕوا و نه‌یته‌وه‌..


PM:10:45:10/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 386 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌