باروودۆخی ژنان له كۆمەڵگای ئێمە

ئەسرین دەرسید 

باسەكەم به رێز و ستایشێكی  بێ كوتایی بۆ ئەو ژنانەی كە بوێرانە هەڵوێست له دژی بیرۆكەی كۆنەپەرستی و داب و نه ریتی دواكەوتوو وەردەگرن، به تایبه ت ئەو ژنه شۆرشگێر و دلێرانەی له هەمبەر  رژێمی دیكتاتۆر و كۆنەپەرست له  سەنگەرە جۆراوجۆرەكانی خه باتدا گیانیان بەختكردووە دەست پێ دەكەم.                                                                                
ئێمە لە سەدەیەكدا دەژین كە ئیمپریالیستەكان بە شێوەی مودێڕن و بە شێوەیەكی دڕاندەنە لە جوغرافیای ئێمە  زوڵم و ستەم له دژی خەڵكی بێ تاوان دەكەن و تێدەكۆشن و هەوڵیان داوە خەڵكی هەژار و بێ‌ دەرەتان به تایبەت ژنان بكەنه كەرەستەیەك گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی خویان.  
          
ئەم زوڵم و چەوساندنەوانه له دژی ژنان له كۆمەڵگەی تەسك بیردا، رۆژ لەگەل رۆژ زیاتر دەبێت بەجۆرێك كە هیچ رۆژێك بە بێ بوونی هەوالێكی دڵتەزێن بە (خۆبەناچار سوتاندن، كوشتن و ئەسید پرژاندن) بەڕێ ناكەین.

بەكارهێنانی ژنان وەك كەرەستەیەك لە دونیای سەرمایەداری و لە ژێر سێبەری بیری كۆنەپەرەستان ئازاری جستەیی، دەروونی، كوشتن ‌و بڕین و هەڕەشه له دژی ژنان، بووەته شتێكی ئاسایی و بێ دەنگ بوونی جیهانیش لە مەڕ ئەم تراژیدیایە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووەتەوە.

له وەها بارودۆخێكدا ژنان ناتوانن ژیانێكی ئاساییان وەك هەر مرۆڤێكی دیكە هەبێت، بۆیە دەبێ هەنگاوی جیددی بۆ كەمكردنەوەی ئەو دۆخە و ریشەكێشكردنی هەڵبگرن. بۆله ناوبردنی ئەم دۆخه پێویستمان به بردنه سەرەوەی ئاستی زانیاری وهۆشیاری بەتایبەت ژنان هەیه. تا ئەم توێژەی كە نیوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێكدێنێ هەست بەو نایەكسانیانە نەكات ئەستەمە بە ئاسانی بتوانین دۆخەكە بەرەو باشتر ببەین. 

بۆیه ئەركی مرۆڤەكان  و بە تایبەت ژنانە كە بە شێوازی جیددی كار بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاری بكەن. تەیاركردنی هزرەكانمان بە هۆشیاری زیاتر و زانست هاوكار دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە دۆخەكەدا. ژنان مافی خۆیانە وه كو پیاوان له بواره كانی ئابووری، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و سیاسی به شدار بن. 

ئەگەر چاوێك بە مێژووی سەردەمی مرۆڤایەتی دا بخشێنین دەبینین كە ژنان بەردەوام سەرچاوەی داهێنان بوون و كومەڵگەی پیاوسالاری ئەم  داهێنانەی نەزۆك  كردووە بگرە مراندوشیەتی وناهێلیت ژنان له سەر پێی خۆیان راوەستن و بیسەلمێنن كە هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە و دەتوانن هاوشانی پیاوان بۆ پێگه یشتن و گۆڕانكاری لە كۆمەڵگە كاریگەری بەرچاویان هەبێت.    

له كۆمەڵگەی ئێمەدا نه ته نیا ژنان دەتوانن له بواری ژیانی كۆمەڵایەتیدا به شداری بەرچاویان هەبێت بەڵكوو له بواری نیزامیدا لێهاتوون و بوونی سەدان پێشمەرگەی ژن و خەباتی نەپساوەیان دژ بە رژێمە كۆنەپەرستەكان و بەتایبەت كۆماری سێدارە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە. هەر لە درێژەی ئەو خەباتەشدا ئیستاكەش ژنان له ریزەكانی پێشمەرگایەتی دا و بوێری ژنی كورد چاوی جیهانیانی ئەبڵەق كردووە.
بۆ ژیانێكی باشتر بۆ هەموومان پێویستە بەردەوامبین لە خەبات بۆ یەكسانی و ئاسودەیی بۆ ژنان.


PM:03:59:17/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 1737 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌