بەشداریكردنی سیاسی ژنان

سەرگوڵ میرزایی

بەشداریكردنی سیاسی ژنان لەهەر كۆمەڵگەیەكدا جگه ‌لەوەی كە رۆڵێكی گرنگ دەگێرێ لە نوێكردنەوه ‌و گەشەپێدان و پەرەپێدانی سیاسی لە كۆمەڵگەدا بەو پێیەی مافی گشت هاوڵاتییەكان سەبارەت بە پیادەكردنی رۆڵیان لە كۆمەڵگەدا لەڕێگەی هاوكاری كردنیان لە وەرگرتنی بڕیارەكان و كاریگەرییان لەسەر كاروبارەكانی بەرپرسانی بڕیارەكانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا چەمكی بەشداریكردنی سیاسی هەروەك چەمكەكانی دیكەی زانستە كۆمەڵاتییەكان ئاڵۆزییەكی زۆر بەخۆەدەبینێت، هەر بۆیە تێروانینی زۆر و جیاوازی لە ئاستدا كراوە بۆ ئەوەی كاردانەوەیەكی فیكری و سیاسی لەخۆ بگرێت. كاركردنی ژنان لە بواری سیاسیدا وێڕای گرنگییەكەی هەمیشە یەكێك بووە لەو بوارانە كە مشتومڕ و گفتوگۆی زۆری خستۆوەتەوە، ژنان و رێكخراوەكان خەباتی هەمەرەنگ و هەمە جۆریان كردووە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە سیاسییەكانی ژناندا بەدەر لەوەی كاركردنیان لە سیاسەتدا پرسیارگەلێكی لە هزر و مێشكی تاكەكانی كۆمەڵدا خۆڵقاندووە كە بەگشتی خۆی لەدوو تێڕوانیندا بینیوەتەوە: لایەنێكیان هەڵوێستێكی لاینگرانەیان هەیه سەبارەت بە گرنگی رۆڵ و بەشداریكردنی ژنان لە سیاسەتدا، لایەنێكی دیكەش پێوایە بواری سیاسەت بوارێك نییە كە ژنان كاری تێیدا بكەن، بەڵكوو بە تەنها بە ئەركی پیاوانی دەزانن، بەواتایەكی دیكە دژەهەڵوێستن بە بەراورد لەگەڵ لایەنی یەكەم، ئەوەش وایكردووە لەلایەن تاكەكانەوە پرسیارگەلێك بێتە ئاراوە.

چەمكی بەشداریكردنی ژن
هەتا سەردەمی نوێ بەشداریكردنی سیاسی تەنیا بۆ دەوڵەمەند و ناوداران بوو و زۆربەی خەڵكی ئاسایی بیبەش بوون لە بەشداریكردن لە سیاسەتدا. لە سەردەمی رێنسانسەوە تا سەدەی هەڤدەهەم رووكردنە بەشداریكردنی سیاسی رووی لە زیادبوون كرد و ئەو بەشداریكردنە لە ماوەی شۆرشی پیشەسازی (لە هەردوو سەدەی هەژدە و نۆزدەدا) گەیشتە چڵەپۆپە، بێگومان ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەم هۆكارانە:
*پیشەسازیكردن و پەرەسەندنی شارەكان و زۆربوونی خوێندن
*سەرهەڵدانی بانگەوازی رۆشنبیران
*گەشەكردنی ئامرازەكانی گواستنەوەو هاتووچۆ و پەیوەندیكردن
*ململانێ لەنێوان سەركردە سیاسییەكاندا
*زۆربوونی دەستێوەردانی حكومی لە كاروباری كۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیرییەكان
بەشداریكردن ناوی جیاواز لەخۆ دەگرێت، هەندێك بەبەشداریكردنی جەماوەری ناوی دەبەن، هەندێكی دیكە بەبەشداریكردنی نەتەوەیی یان گشتی ناوزەدی دەكەن. وێڕای جیاوازی ئەو ناولێنانانە، هەموویان بەدەوری یەك مانادا دەخولێنەوە، ئەوەش بەشداریكردنی هەرتاكێكی كۆمەڵگەیە لە گشت كاروبارەكان و هەموو ئاستەكاندا، هەروەها لە گشت بوارەكانی ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەوانی دیكەدا. واتە، بەشداریكردنی راستەوخۆی جەماوەر لە كاروبارەكانی كۆمەڵگەدا، نەك لەرێی بەشداریكردنی نوێنەرایەتییەوە، وەك نوێنەرانی نەتەوە یان ئەنجۆمەنە هەڵبژێردراوەكان، كە بەبەشداریكردنی ناراستەوخۆ دادەنرێن.

پێناسەی بەشداریكردنی سیاسی
بۆ نزیكبوونەوە لە چەمكی بەشداری سیاسی پێویستە بەشداریكردن بەشێوەیەكی گشتی روونبكرێتەوە، وەك دەستپێكێك بۆ خستنەرووی چەمكی بەشداریكردنی سیاسی، چونكوو‌ دەشێت بەشداریكردن مانای ئەنجامدانی هەركارێكی خۆبەخش بێت لەلایەن هاوڵاتییەوە، بەمەبەستی كاریگەری خستنەسەر هەڵبژاردنی سیاسەتە گشتییەكان و بەرێوەبردنی كاروبارە گشتییەكان یان هەڵبژاردنی سەركردە سیاسییەكان لەسەر هەر ئاستێكی حكومی، ناوخۆیی یان نەتەوەیی. هەندێكی دیكە هەن كە بەشداریكردن بەوە پێناسە دەكەن كە پرۆسەیەكە هەموو شێوەكانی بەشداریكردن لەخۆدەگرێت یان بەشداریكردنی هاووڵاتییانە لە ئاراستەكردنی كاری دامودەزگاكانی حكومەت یان دامودەزگاكانی حوكمرانیی ناوچەیی یان خۆد دەستكردن بە جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كۆمەڵگە دەیان خوازێت، جا ئەوانە خاوەن سرووشتی راوێژكاری بن یان بەدواداچوونی جێبەجێكردن و چاودێریكردن و بەشداریكردنە كە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، هەروەها دەشێت لای ههندێك مانای ئەو كۆششە خۆبەخشە رێكخراوانە بێت كە پەیوەندی بە پرۆسەكانی هەڵبژاردنی سەركردایەتییە سیاسییەكان، سیاسەتسازی و پلاندانانەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە جێبەجێكردنی بەرنامە و پرۆژەكانەوە هەیە، جا ئەوە لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری بێت یان بەرهەمهێنان، ناوخۆیی بێت یان نەتەوەیی.
بەشداریكردنی سیاسی مانای ئەو چالاكییە خۆویستانەیە كە هاوڵاتیان ئەنجامی دەدەن بە ئامانجی كاریگەری درووستكردنی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی حوكمرانی و كاریگەری خستنەسەر ئەو بڕیارانەی دەریدەكەن و ئەو سیاسەتانەی پێرەوی دەكەن، هەروەها بەشداریكردنی سیاسی مانای ئەو پرۆسەیە بێت كە بەهۆیەوە تاك رۆڵێك ببینێ لەژیانی سیاسی كۆمەڵگەكەیدا و دەرفەتی ئەوەی هەبێت بەشداری بكات لە گفتوگۆكردن دەربارەی ئامانجە گشتییەكانی كۆمەڵگەكە و دیاریكردنی باشترین شێوازدا بۆ هێنانەدیان. دەكرێت ئەم بەشداری كردنە بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەرێگای چالاكییە سیاسییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆوەكانەوە ئەنجام بدرێت.

ڕادەی بەشداریكردنی سیاسی
ڕادەی بەشداریكردنی هاوڵاتییان لە كاری سیاسیدا بەپلەی یەكەم گرێدراوی بایەخەكانی هاوڵاتییان و كەشی سیاسییە لە رووی فیكری، ماددی و كۆمەڵایەتییەوە، كە لە كۆمەڵگەدا باوە. لەكۆمەڵگە خۆرئاواییەكاندا بەشداریكردن ئەركێكی شارستانییانەی سەرشانی هاوڵاتیانە و هەتا بەشداریكردن روو لە زیادبوون بێت ئەوە نیشانەی درووستی و سەلامەتی كەشی سیاسییە. ئەمە وێڕای ئەوەی بەشداریكردن باشترین ئامرازە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تاكەكەسییەكان. لەهەندێك كۆمەڵگەدا، بەرزترین رادەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، سەڕای دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان تا رادەیەكی زۆر لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە. هەروەها رادەی بەشداریكردن بەپێی خوێندن، پیشە، رە‌گەز، تەمەن، ئایین، شوێنی نیشتەجێبوون، كەسایەتی و دەورووبەری رۆشنبیری جیاواز. چونكوو هەتا ئاستی خوێندن  بەرزبێت، بەشداریكردن زۆر دەبێت. ئەمە جگە لەوەی بەشداریكردن لەنێو ئەندامانی كۆمەڵ و رێكخراوە جۆربەجۆرەكاندا زیاترە.

خەسڵەتەكانی بەشداریكردنی سیاسی
*بەشداریكردن رەفتارێكی خۆبەخشانە و چالاكییەكی ئیرادەگەرانەیە
*بەشداریكردن، رەفتارێكی وەرگیراوە نەك رەوشتێكی خۆرسك كە لەگەڵ مرۆڤدا لە دایك دەبێت یان بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە، بەڵكوو پرۆسەیەكی وەرگیراوە
*بەشداریكردن رەفتارێكی باش و واقعییە
*بەشداریكردن پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی هەمەلایەن، كامڵ و فرەلایەن و رەهەندە ئامانجی بەشداری پێیكردنی هەر تاكێكی كۆمەڵگەیە لەهەر قۆناغێكی پەرەپێداندا
*بەشداریكردن تەنیا لە بوارێك یان چالاكییەكی فراوانی ژیاندا قەتیس ناكرێت
*بەشداریكردنی جەماوەری تەنیا شوێنێكی دیاریكراو ناگرێتەوە و خۆی نابەستێتەوە بە سنوورێكی جوگرافی دیاریكراوەوە، چونكوو دەشێت لەسەر ئاستی ناوچەیی، هەرێمی یان نیشتمانی بێت
*بەشداریكردن هاوكات ماف و ئەركە
*بەشداریكردن هاوكات ئامانج و ئامرازە
*بەشداریكردن بیروڕای گشتی جەماوەر یەكدەخات
پاڵنەرەكانی بەشداریكردن
تاكەكان هەوڵدەدەن لە روانگەی چەند پاڵنەرێكەوە، كە هەندێكیان پەیوەندییان بە كۆمەڵگەوە هەیە و ئەوانی دیكە بە تاك و پێداویستییەكانیان، بەشداری بكەن لە بوار و كایە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی و جۆربەجۆرەكاندا.
*هەستكردن بەوەی بەشداریكردن ئەركی سەرشانی تاك و درووستبوونیەتی بەو كۆمەڵگەیە كە تێیایدا دەژی
*خۆشەویستی كاركردنی گشتی و ئارەزووی بەشداریكردن لەگەڵ كەسانی دیكەدا و گەشەپێدانی كۆمەڵگە و چاككردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان تیایدا لە رێگای كاركردنەوە لەو بوارە جۆربەجۆرانەی كە ئامانجیان چاككردنی رووی ژیانە لەسەر خاكی نیشتمان
*ئارەزووی گێڕانی رۆڵێكی سەرەكی و كاریگەر لە چالاكییە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگا بەشێوەیەك كەكاربكەنەسەر ئێستا و داهاتوویان و هەستی گرنگبوونی رۆڵیان پێی ببەخشێت و رەنگدانەوەیان لەسەر پشتگیریكردنی رەوتی پەرەپێدان هەبێت
*ئارەزووی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان زۆربەی توێژ و گرووپەكانی كۆمەڵگا
*رازیبوون یان رازینەبوون لەو سیاسەتانەی بوونیان هەیە
*هۆكارەكانی پەروەردەكردنی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە چوارچێوەی خێزان، قۆتابخانە و...
*دەستەبەربوونی زامنكارییە یاسایی و دەستوورییەكان كە ئاسایش، ئارامی و كەش و هەوا دێمۆكراسی راست و درووست بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر دەكەن.

قۆناغی پەروەردەكردنی سیاسی
پرۆسەی پەروەردەكردن بەچەند قۆناگێكدا تێدەپەرێت كە پێوەندییان بە پێگەشتن و گەشەكردنی تاكەوە هەیە، ئەوانەش قۆناغی منداڵی و ئینجا هەرزەكاری و لەكۆتاییدا پێگەیشتنن. تا رادەیەكی دیاریكراو رەفتاری سیاسی تاك لە قۆناغی پێگەیشتندا بە شارەزایی ئەو پەروەردەكردنە دیاری دەكرێت كە لە هەردوو قۆناغی منداڵی و هەرزەكاریدا بەدەستی هێناوە. تاك لەهەر یەكێك لەو قۆناغانەدا بەشێك لە پرۆسەی پەروەردەكردن بەدەست دێنێت، هەروەها لەهەر قۆناغێكدا دوچاری ئامرازێك یان زیاتری پەروەردەكردن دەبێتەوە كە یەكترین تەواو دەكەن یان دەشێت ناكۆكبن بەیەكتر. مرۆڤ لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیاندا لەگەڵ زۆر دامەزراو ژیان دەباتە سەر هەندێكیان سەپێندراون بەسەریدا وەك خێزان یان قۆتابخانە، هەندێكی تریان ئیرادەگەرانەیە كە مرۆڤ بە خواستی خۆی و بێفشار دەچێتە ناویەوە لەهەر یەكێك لەو دامەزراوانە ئەزموون و بەهاو ئاقار و بیر و باورەكان وەردەگرێت و لە یادەوەری و ویژدانیدا كۆیان دەكاتەوە هەتا دواتر راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشداری بكەن لە دیاریكردنی هەڵوێست و رەفتارەكانیدا.
حزبە‌ سیاسیەكان رۆڵی گەورە دەگێڕن لە پرۆسەی پەروەردەكردندا ئەوەش لەڕێگەی چەسپاندنی بەهاو چەمك و بڕواگەلی سیاسی دیاریكراوەوە و لەناو تاكدا، بە مەبەستی ئاراستەكردنی تاكەكان رووە و سیاسەتێكی دیاریكراو كە تابایە لەگەڵ ئاراستەكانی ئەو پارتانەدا. حزبە‌كان ئەو رۆڵە دەگێرێن لەڕێگای پێشكەشكردنی زانیارییەكانی ئەو كاریگەریانەی دەیانبێت لەسەر تێروانین و بەها و ئاقارە رەفتارییە سیاسییەكانی جەماوەر، بۆ ئەوەش گشت ئامرازەكانی پەیوەندیكردن بە جەماوەرەوە بەكار دەهێنرێت، جا ئەوانە ئامرازە جەماوەرییەكان بیت وەك رادیو، تەلەفیزیون، رۆژنامە، گۆڤار، كتێب و بڵاوكراوەكان و ئەوانیتر، یان ئامرازەكانی پێگەیشتنی راستەوخۆ بێت، وەك كۆڕ، كۆنگرە، كۆنفرانس، كۆبوونەوە، گفتوگۆ و ئەو چاوپێكەوتنانەی پارتەكان رێكیان دەخەن بۆ گەیشتنە گەورەترین بەشی شیاوی جەماوەر. حزبە‌ سیاسییەكان رۆڵێكی دووجەمسەری لە پرۆسەی پەروەردەكردنی سیاسیدا دەگێرێن، ئەویش خۆی لە پشتگیریكردنی رۆشنبیری سیاسی باو و خۆڵقاندنی رۆشنبیرییەكی سیاسی نوێدا دەبینێتەوە.


PM:07:57:09/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 591 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌