پەیوەست بوونی كۆماری ئیسلامی بە سەرمایەداری جیهانی و كێشەكانی

فوئاد شێربەیگی

گەشەی سەرمایەداری و بە جیهانی بوونی هەرچی زیاتری، هەموو وڵاتانی دنیای سەرمایەداری  بەیەكەوە گرێداوەتەوە و لە ئەمڕۆدا ناتوانی بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی جیهانی سەرمایەداری  لە گەمەی ئەواندا بەشدار بیت.
دەوڵەتی ئێران بەو واتایە ئەگەرچی هەتا ئەمڕۆ بە ئیمتیازدان بە چەند وڵات و قوڕبەسەری خەڵكەكەی خۆی حكوومەتی كردووە بەڵام بۆخۆشیان بەو كەلێنەیان زانیوە كە لەوەزیاتر ناكرێ بە فێڵ و كەڵەك ناكرێ وڵات ئیدارە كرێ و بە ناچار سەری تەسلیمیان دانەواندووە و بەو پێویستییەیان زانی كە ئێرە ئاخری خەتە و دەبێ لە سەرەڕۆیی و ملهوڕی لە گەڵ جیهان دەست هەڵگرن.
جیا لە هۆكارە سیاسییەكان لەم بابەتەدا بە كورتی تیشك دەخەینە سەر هۆكارەكانی فەشەل هێنانی ئابووری ئێران و چارەسەری بۆ دۆزراوی و كێشەكانی بەردەم ئەو چارەسەرە و كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی خەڵكی ئێران.
دوای هاتنەسەركاری رژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران ڕەوتی گەشەی پیشەیی ئێران و تێكەڵبوونی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانی پچڕا و ئێران لەودەمەوە تا ئەمڕۆ بە پلانی جۆراوجۆر بە پشت بەستن بە داهاتی نەوت مەملەكەتەكەی ئیدارە كردووە و تا ئەمڕۆی هێناوەو بە بەڕێوەبردنی 5 پلانی گەشەی هەمەلایەنەی سەیر و سەمەرە كە دژایەتی یەكتریشیان كردووە و لە هیچ كامیشیاندا سەركەوتوو نەبووە پلانی شەشەمی داناوە كە تا ئێستاش مەجلیسی رژیم خۆ لە پەسەند كردنی دەبوێرێ كە دواتر باسێكی لێ دەكەین.
سەرەڕای داهاتێكی یەكجار زۆری فرۆشتنی نەوت لە ساڵانی دەسەڵاتدارێتی كۆماری ئیسلامی بەڵام ئەم داهاتە بۆ سازكردنی ژێرخانێكی ئابووری بەهێز سەرف نەبووە و تەنانەت بۆ نۆژەن كردنەوەی ئەو بەشە لە سەرچاوەكانی داهاتی نەوتی ئێرانیش كە پێویستییەكی زۆر گرینگە هەنگاوێك هەڵنەهێندراوەتەوە و لە ژیانی خەڵكی ئێرانیشدا ئێمە بەرەوپێشچوونێكی هاوسەنگ نابینین، ئەگەر چی بە هۆكاری زۆر جیاواز جۆری ژیانی خەڵكی ئێران گۆڕانكاری لە ڕواڵەتدا پێوەدیارە بەڵام لە هەڵسەنگاندن لە چاو داهاتی نەوت و ژیانی خەڵكانی باقی وڵاتانی سەقامگیری دەورووبەری ئێران دەبیندرێ كە ژیانی خەڵكی ئێران نەتەنیا باشتر نەبووە بەڵكوو زۆر زیاتر بەرەو خرابتربوون چووە.
كەلێنی چینایەتی لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێك كە مەترسی تەقینەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە و كێشە ناوخۆیەكانی ناو ئێران ڕۆژبەڕۆژ قوڵتر دەبنەوە و ئاسۆیەكی ڕوون بۆ ئەم حكوومەتە بەو شێوازی ئیدارەكردنەوە نابیندرێ.
بە تێڕوانینەوە دەوڵەتی ئێران دەیزانی بە درێژەدارتر بوونی زیاتری سزا ئابوورییەكان لەسەر ئێران چیتر وڵاتەكەی پێ ئیدارە ناكرێ، بە هۆكاری سزا ئابوورییەكان چیتر داهاتی نەوتیش ناتوانێ بۆ ئیدارەكردنی وڵات كەڵكی لێوەربگیردرێت و تەنانەت بۆ نۆژەنكردنەوەی تەنیا كەرتی نەوت باس لە پێویستی بە 800 ملیارد دۆڵار دەكرێ كە بەو وەزعی ئابوورییە ئێرانەوە ناتواندرێ ئەم بڕە پارەیە دابین بكردرێت و بە هۆی سزا ئابوورییەكانیشەوە ناتواندرێت چاوەڕوانی سەرمایەگوزاری دەرەكی بكردرێت و تەنیا چارەسەری بەردەم دەوڵەتی تاران سازان لە گەڵ وڵاتانی جیهان بوو كە لەبەرجام دا خۆی نیشانداوەتەوە.
ئێران بە سازان لەگەڵ ڕۆژئاوا بەهیوای ئەوەیە كە بتوانێت بە فرۆشتنی نەوت لە ئاستێكی بەرزتردا وەكوو جاران و بەدەست ڕاگەیشتن بە داهاتەكەی تێچووی گشتی وڵاتەكەی بەڕێوە بەرێت و پێش بە مایەپووچ بوونی دەوڵەتەكەی بگرێت و بەدوای ئەودا بتوانێت بە ئیمتیازدان و هاوكاری لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانی سەرمایەی پێویست بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژێرخانە رووخاوە ئابوورییەكەی لەدەرەوەی وڵات دابین بكات بەو پلانە بە سازكردنی ئیش بۆ خەڵك و زۆرتر بوونی داهاتی كۆمەڵگا پێش بە تەقینەوەی جەماوەری كۆمەڵانی بەرینی خەڵك بگرێت، بەڵام ئەم پلانە ئەگەر ڕۆژئاوا پڕاوپڕ و بە دروستیش بیهەوێت بەڕێوەی بەرێت دەردی كۆماری ئیسلامی دەرمان ناكات و تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیەكی كورت دایپۆشێت، باوەكوو هاتنە سەركاری ترامپ لە ئەمریكا ترس و دڵەڕاوكێی خستووەتە ناو دڵی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامییەوە بەڵام لەئەگەری سازان لەگەڵ ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ئەمریكاش كۆماری ئیسلامی لەناوخۆ  لەمپەری گەورەی لەبەردەم دایە بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی و ئەم لەمپەرانە بەشێكی زۆری رەمزی مانەوەی كۆماری ئیسلامین و لابردنیان هێڵی سووری دەوڵەتن و كێشەی لێ ساز دەبێت كە لە دریژەدا باسێكیان لێدەكەین.
كۆماری ئیسلامی لە كاتی دامەزرانییەوە نوێنەری سەرمایەداری دەڵڵاڵی بازاری ئێران بووە و ئەو چینەی وەكوو پشتیوانانی خۆی داناوە و بە واستە و گەندەڵی و رانتخۆری باری هێناون و سازابوون و بە دابەشكردنی ئابووری ئێران لە ناو سەرمایەداری دەوڵەتی سەر بە بەشی سیاسی دەوڵەت و سەرمایەداری دەڵڵال بۆ بازار خەریكی تاڵان و چەوساندنەوەی ئێران و خەڵكەكەی بوون و بەو مەبەستەش یاسا و ڕێسای پێویستیان داناوە و هەتا ئەمڕۆش هەر لەسەر ئەم لێكتێگەیشتنە بە یەكەوە هاوكارییان بووە بەڵام تایبەتمەندی سیستمی سەرمایەداری جیهانی لە ئەمڕۆدا، بوونی بازاری ڕكابەڕییە و ڕوون بوونی سیستمی بانكییە كە لەگەڵ بەرژەوەندی دەوڵەتی ئێران و چینی پشتیوانی ناتەبایە و یەك ناگرێتەوە.
دروستبوونی بازاری ركابەری لە زەرەری چینی دەڵڵاڵ و دامودەزگا حكوومەتییەكانی سەر بە رژیمە كە بەهۆی گەندەڵی و ناكارامەییەوە ناتوانن لە گەڵ سیستمی جیهانی سەرمایەدا ركابەری بكەن و لەلایەكی ترەوە داڕشتنی سیستمی ئابووری ئێران پێش بە هاتنی سەرمایەی دەرەكی دەگرێت و ئەمەش پێویستی بە دەست تێوەردان لە یاساكانی بازرگانی بە تایبەتی لەبەشی بورسدا هەیە و روونكردنەوەی زانیارییەكان لە بورسدا بەشێكی زۆر لە گەندەلییە شاراوەكانی رژیم دەخاتە دەرەوە و رژیمیش نایوێرێتێ و بەشی سەرمایەداری دەوڵەتی كە 40 لە سەدی ئابووری ئێرانی لە ژێردەست دایە و لە ژێر دەسەڵاتی رەهای ڕێبەری كۆماری ئیسلامی دایە و لە هەر چەشنە لێپرسینەوە و باجدانێك معافە، نایهەوێت لەم حالەتە بێتە دەرێ.
لە پلانی شەشەمی گەشەی ئێراندا باس لە ركەبەرێتی بازار و چاودێری ئەم بەشە لە ئابووری ئێران لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەر و باج وەرگرتن لەوان وەكوو پێویستییەكی هەنووكەیی باسی لێكراوە، بەڵام نە مەجلیسی پێشوو وێرای پەسەندی بكا و نە ئەم مەجلیسە خۆی لێدەدا و تەنانەت لە ئەگەری پەسەند كردنیشیدا مەترسی رەت كردنەوەی لە لایەن شورای نیگابان و رێبەری كۆماری ئیسلامی هەیە وبێ چارەسەری ئەم كێشانە دڵخۆش بوون بە هاتنی سەرمایەی دەرەكی بەو ڕادە زۆرە خەون و خەیاڵە.
شتێكی سەیر نابێت كە كۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بەرژەوەندییەكانی خۆی بتوانێت لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی بە سازانێك بگات و بە ئیمتیاز دان بتوانێت تێكەڵ بەو ڕەوتە بێت و تاڵان و چەوساندنەوەیەكی هاوبەش دەست پێ بكەن بەڵام ئەو سازانە لە كۆمەڵگای ئێران و خەڵكەكە بە شێوازێكی جیاواز كاریگەری دەبێت.
تایبەتمەندی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا لە هەڵسوكەوت لەگەڵ وڵاتانی دواكەوتوو وەكوو ئێران تاڵان كردنی زیاتری وڵاتە و ئەوەش بە دانی چەند ئیمتیاز بە دەوڵەتەكان و چەوساندنەوەی زیاتری دانیشتوانی وڵاتەكە دێتە دی و بە یارمەتی دەوڵەتێكی سەركووتگەر دەیهەوێت قازانجی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
بە ڕێككەوتنی ئێران لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی نە تەنیا چۆنێتی ژیانی خەڵكی ئێران رەنگی باشتر بەخۆیەوە نابینێت بەڵكوو بە قووڵتربوونەوە كەلێنی چینایەتی نێوان كرێكاران و سەرمایەدارانی ژێر پشتیوانی حكومەت زەخت و فشارێكی تووندتر و بێڕەحمانەتر لە لایەن كۆماری ئیسلامی دێتە ئاراوە.
وەكوو دەستپێك دەست تێوەردان لە یاسای كاری كۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو كەمووكوڕییەكانییەوە بۆ زیاتر لە ژێر زەخت خستنی كرێكاران یەكێكە لەو پلانانەی كۆماری ئیسلامی بۆ رازی كردنی سەرمایەداری جیهانی هەیەتی و باوەكوو تا ئێستا بە هۆی خۆڕاگری و ئیعترازی كرێكاران نەیتوانییوە بیچەسپێنێت بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بە هەڵمەتێكی تووندوتیژ بتوانێت ئەم پلانە بەڕێوە بەرێت و لەسەر ژیانی بنەماڵەی كرێكاران و لە گیرفان و سفرەی ئەوان بە سەرمایەداری ئیمتیاز بدات.
پەسەندكردنی یاسای روونوونی سیستمی بانكی لە لایەن حكومەتی روحانییەوە هەڕەشەی زۆری لێكراوە و وەكوو یەكەم كاریگەری زۆرانی نێو لایەنەكانی رژیم دەبیندرێت، داستانی حیسابە بانكییەكانی لاریجانی و پەسەندكردنی ئیعدامی بابەك زەنجانی بەسیجی ئابووری حكومەتەكەی ئەحمەدی نژاد هاتووەتە سەر راگەیاندنەكان و دووریش نابیندرێت لەماوەی داهاتوو و دوای دەستبەكار بوونی ترامپ لە ئەمریكا شتی تازەتریش ببینین و قووڵتربوونەوەی كێشەكانی رژیم كاریگەریش لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەرۆك كۆماری ئێرانیش ببێت.
رژیم جیا لە بواری ئابووری لە زۆر بواری دیكەدا تووشی قەیرانە و لەناوخۆیدا داڕماوە و تەنیا ڕوالەتێكی كۆنترۆڵكردنی ئێرانی لێماوەتەوە و پەتی سێدارەی لە مڵ كراوە و خەریكە بەرەو سەر ڕای دەكێشێت و دوو چارەسەری لەبەردەمدا هەیە:
یەكەم بە تەسلیم بوون بە چارەنووسی خۆی دەستبەرداری تێكەڵبوون بە سیستمی سەرمایەداری جیهانی بێت و بە زەبری تووندووتیژی و هێرش كردنە سەر خەڵك، خۆی لەسەر كورسی سێدارەوە بخاتە خواڕێ و یا بەتەمای سیستمی سەرمایەداری جیهانی دانیشێت تا بە هەڵكێشانی پەتی سێدارە كۆتایی بە تەمەنی بێت و ئەوەش نابێ لەبیر كەین ئەوە خەڵكی ئێرانە كە كاتی ئەو رووداوە دیاری دەكا و ئاستی وشیاری و ڕێكخستنیانە دەتوانێت كۆتایی بە شەوی ڕەشی ئیستبداد بێنێت.



PM:09:44:07/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 675 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌