هەڵبژێردرانی ترامپ و كاردانەوەكانی لە ئابووری ئێران

فوئاد شێربەیگی

دوای هەڵبژێردرانی ترامپ وەكوو پاڵێوراوی سەركەوتوو لە هەڵبژراردنەكانی سەرۆك كۆماری ئەمریكا و هەڕەشە و گوڕەشەكانی لە كۆماری ئیسلامی و ڕەخنەی توند لە ڕێكەوتننامەكەی "٥+١" لە گەڵ ئێران، ئابووری و بازاڕی ئێران كاردانەوەی نیشاندا.
باوەكوو كەم كردنەوەی سزا ئابوورییەكان لە سەر ئێران نەیتوانی كاریگەرییەكی ئەرێنی بەرچاو لەسەر ئابووری ئێران دابنێ، بەڵام لە لایەنی دەروونییەوە بازاڕ پێی دڵخۆش بوو و هەروەها ئاسۆیەكی ڕوون بۆ كۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتییەكان دەبیندرا، بەڵام بە لانەبردنی سزاكانی تایبەت بە بەرنامەی موشەكی و مافی مرۆڤ لەسەر ئێران و هەروەها چەند پەسەند كراوی كۆنگرێسی ئەمریكا دژ بە ئێران ترس لە ناو دڵی بەشێك لە ناو ئەو كۆمپانیایە نیشتەجێ بوو و بە خۆپارێزیەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئێران دەكەن و زۆرێك لە بانكە نێودەوڵەتییەكانیش لە گەڵ ئێران پەیوەندییان ئاسایی نەكردووەتەوە. 
لە خەمڵاندنی ڕیسكی سەرمایە گوزاریشدا ئێران هێشتا وڵاتێكی مەترسیدار ئەژمار دەكرێ و كەم كەس خۆ لەو ڕیسكە دەدا و نەتواندراوە سەرمایەیەكی بەرچاوی دەرەكی بۆ ناوی ئێران ڕابكێشێندرێ، بە هەموو ئەو گرفتانەوە ڕاوەستان و هەڵاوەسانی بازاڕی ناوخۆی ئێرانیش ئیزافە بكەی، دەبیندرێ باروودۆخی ژیانی خەڵك هیچ گۆڕانكارییەكی بەخۆیەوە نەدیوە، كۆماری ئیسلامی بۆ تێكەڵ بوون بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی پێویستی بە درووستكردنی ئەنگیزە لەو سیستەمەدا هەیە و دەبێ پێوەرەكانی گەمەی نێودەوڵەتی ڕەچاو بكا و ئەوەش بە تایبەتی لە بواری بازاڕی ئازادەوە زۆر گرینگە كە هەلی ڕكابەری بۆ بەشداربووان ساز بكا، بەڵام بەهۆی ڕانتی بەرچاوی دەست و پەیوەندییەكانی ڕژیم لە بازاڕی ئێراندا ئەو باروودۆخە سازناكرێ و بەناچار پەنای بردووە بە ژیانی كرێكاران و دەستێوەردان لە یاسای كاری ئێران كە گیرفان و ژیانی كرێكاران تێچووی بانگهێشتی سەرمایەداری جیهانی بكات.
ترامپ بە دەستنیشان كردنی ئەو كەسانەی زۆر بە زەقی دژی ئێرانن تاكوو ئێستا وای نیشان داوە لە بواری ئابوورییەوە بە تەمایە زەختی زۆر زیاتر بخاتە سەر ئێران و دەكرێ ڕەنگدانەوەی دەروونی ئەوەش لە ناو بازاڕی جیهانی و ناوخۆشدا ببیندرێ و دابەزینی نرخی تمەن لە بەرابەر دۆلاری ئەمریكا لە یەكەم دیاردەكانی ئەو كاریگەرییە دەروونییە بووە.
ئابووری سەرمایەداری لەسەر وەدەستهێنانی زیاتری سوود دامەزراوە  و بەو پێوەرەش پێشبینی تێكچوونی لە ناكاو و یەكجاری رێكەوتننامەی بەرجام ناكرێ، بەڵام بە دڵنییاییەوە دوای هاتنەسەر كاری ترامپ بۆ ماوەیەك ئەو مانگی هەنگوێنی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا كۆتایی پێ دێت.



AM:11:46:05/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 577 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌