وتووێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە گەڵ سینەماکار ئیدریس عەبدی

وتووێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە گەڵ ئیدریس عەبدی، سینەماکار و دەرهێنەری کورتە فیلمی هێلکەوڕۆنی سووتاو

پرسیار:
هەموو بەرهەمە هونەریەکان لەپەیوەندیەکی بەرامبەر و بەردەوامدان لەگەڵ زەمینە و کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویەکاندا و زادەی هەمان کۆنتێکست و زەمینانەن کە پێشتر باسمانکرد، ئایدیا یان فیکرەی هێلکەوڕۆنی سووتاو چۆن شکڵی گرت و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە چین؟

وڵام: کەن لۆچ لە دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم لە 69 هەمین فێستیڤاڵی فیلمی کەندا ئاماژەی بەوە دا کە نیۆلیبێڕاڵیزم دونیای وێران کردووە و  درووسکردنی دونیایەکی دیکە پێویستییەکی گرنگە و دەشکرێت کە ئەم دونیا نوێیە درووس بکرێت.لە ڕاستییدا، بیرۆکە و زەروورەتی بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی هێلکەوڕۆنی سووتاو هەڵئەگەرێتەوە بۆ ئەم هێرشەی کە نیۆلیبێڕاڵیزم کردوویەتە سەر کۆمەڵگای ئەمرۆی ئێمە و دەتوانم بڵێم کە ئەم هێرشەی نیۆلیبێڕاڵیزم لە ئاستی فەرهەنگیدا زۆر بەرچاوترە تا ئەو جێگایە کە ژیانی ئینسانەکان یەکنەواخت دەبێت؛ تا ئەو جێگایە کە ئینسانەکان دەبن بە ئامێرێک بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی هەندێکی دیکە لە ئینسانەکانی نێو کۆمەڵگا و تا ئەو جێگایە کە ئینسانیەت هیچ ڕەنگ و بۆیەکی لێ نامێنێت، تا ئەو جێگایەی کە ئینسانەکان تووشی ناهەنجاری کۆمەڵایەتی دەبن، تا ئەو جێگایە کە ئینسانەکان دەست دەدەنە کۆشتنی خۆیان. بەگشتی، ئەم کورتە فیلمەی من چیرۆکی ژنێکە کە ئەم هێرشە تەنگی پێ هەڵچنیووە و بەجۆرێک خۆی و هاوسەرەکەی و منداڵێکان کە قەرار وایە لە داهاتوودا بێتە ئەم دونیا غەریب و پڕ لە مەینەتییەوە، کە بەرهەمی نیولیبێڕاڵیزمە، ڕزگار دەکات.

پرسیار: ئەم کورتە فیلمە توانی دەرگای زۆر فێستیڤاڵ و ستەیجەکانی بینینی فیلم بەڕووی خۆیدا بکاتەوە و سەرنجی بینەرانی ئاسایی و پرۆفیشناڵ بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت، تا ئەو شوێنەی ئێمە ئاگادارین پێشوازیەکی زۆری لێکراوە و خەڵاتیش کراوە، ڕای خۆتان سەبارەت بەم بابەتە چیە؟

وڵام: ئەوە جێگای خۆشحاڵییە بۆ من کە فیلمەکەم لە چەندین فێستیڤاڵدا بەشداری کردووە  و تەنانەت لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سەماوە خەڵاتی ڕێزلێنانیشی پێ بەخشرا. بەڵام هەرچەندە کە بۆم گرنگە فیلمەکەم لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری بکات  و خەڵات بهێنێت، ئەوەندەش بۆم گرنگە کە فیلمەکەم هەموو خەڵک، کە بەردەنگانی سەرەکین بۆ هەر بەرهەمێک، ئەوانیش بتوانن ئەم فیلمە ببینین و سەد خۆزگە کە من ئەوەندە توانایی ماڵیم بووبا کە بمتوانییەت فیلمی درێژتر و جیدیترم لەسەر ئەم بابەتە، واتە کاریگەریەکانی نیۆلیبێراڵیزم لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەرهەم بهێنم. هێلکەوڕۆنی سووتاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لاوانی ئاسیا لە چین و لە فێستیڤاڵی کینوسمینا نەمایش کراوە و هەروەها ڕەوانەکراوە بۆ چەندین فێستیڤاڵی جیهانی و چاوەڕوانم کە بزانم لە داهاتوودا دەڕواتە چ فێستیڤاڵگەلێکەوە و هیوادارم بتوانم نەمایشی گشتی بۆ فیلمە ئەم دابنێم کە هەموو خەڵک بتوانن بیبینن.

پرسیار: بەڕای ئێوە ئەم کورتە فیلمە لەباری فۆرمیکەوە دەچێتە کام خانەی هونەری سینەماوە و هۆکاری گرینگیدانی ئێوە بەم ڕوانینە بۆ فیلم دەگەڕێتەوە بۆ چی؟

وڵام: کورتە فیلمی هێلکەوڕۆنی سووتاو فیلمێکی ئەزموونیە. فیلمی ئەزموونی چییە؟ سینەمای ئەزموونی یان فیلمی ئەزموونی ژانرێکە لە سینەما. بنچینەی ئەم ژانرە لە سینەما ئەگەرێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئاوانگاردی ئورووپا لە دەیەی 1920. سینەمای ئەزموونی بە جۆرێک لە بەرهەمهێنانی فیلم دەگوترێت کە بەتەواوەتی لە ڕەوتی گشتی و باوی فیلمسازی دوورە و تەنانەت ئەتوانین بڵێین کە هەندێک جار دژایەتی سینەمای باو یان سینەمای تیجاری دەکات. لە دەیەی 1960دا سینەمای ئەزموونیان بەناوی سینەمای پەنامەکی و نهێنی ناو لێ دەبرد. زۆربەی کات، فیلمێکی ئەزموونی بەوە دەناسن کە چێرۆکێکی خەتی نییە و تێیدا لە تەکنیکگەلێکی پێناسەنەکراو کەڵک وەرگیراوە. لەوانەیە لە فیلمێکی ئەزموونیدا هەندێک لە گرتەکان بەتەواوەتی فوکووس نەبن یان کامێرا گۆشەنیگایەکی سەیروسەمرەی هەبێت. مونتاژی سەرکێشانە، یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی فیلمی ئەزموونیە. لە مونتاژی ئەم فیلمانەدا لە هیچ کام لە توخمە ناسراوەکانی مونتاژ وەکوو دیزاڵو، فەید ئێن و فەید ئاوت یان مەچ کات کەڵک وەەرناگیردرێت. دەنگیvoice over  لەم فیلمانەدا زۆر بەکار دێت. هەندێک جار دەبینین لەم فیلمانەدا هیچ موزیکێک بە کار نەهاتووە یان فیلمەکە هیچ دەنگێکی نییە.

ئامانج لە بە کارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکانە ئەوەیە کە بەردەنگ لە تێگەیشتنی فیلمەکەدا چالاکتر بێت و پێوەندییەکی فیکری قووڵتر لەگەڵ فیلمەکەدا بگرێت. بەردەنگ لە فیلمی گێرانەوەی کلاسیکدا هیچ هەڵبژاردەیەکی لە بەردەستدا نییە و لە بەرامبەر  فیلمەکەدا بێدەسەڵاتە ، فیلمی گێرانەوەی کلاسیک هەر شتێک وەکوو چیرۆک بە بەردەنگ  نیشان بدات، بەردەنگ  بە ئاسانی قەبووڵی دەکات. لەلایەکی دیکەوە، لە فیلمی داستانیی  کلاسیکدا، ئەرکە لە سەر دەرهێنەر کە داواکاریەکانی بینەران لەبەرچاو بگرێت  و ئەو شتانەی کە بەردەنگ چاوەڕوانی دەکات بهێنێتەدی و لە  شێوازی چیرۆکنووسی ئەرەستوویی کەڵک وەربگرێت. نووسەری سناریۆی فیلمێکی داستانی ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە کەسایەتی فیلمەکەی، کەسایەتییەک بێت کە لە سینەمای داستانیدا پێناسەکراوە، بەڵام لە فیلمێکی ئەزموونیدا فیلمساز بە پێویستی نازانێت کە پابەندبێت بە پێوەرەکانی گێرانەوەی چیرۆک لە سینەمای داستانیدا. لەواقعدا، دەرهێنەری فیلمی ئەزموونی ئەیەوێت لە پێوەرکانی سینەمای داستانی کلاسیک دەرباز بێت و شوێن کەوتووی بەردەنگ نەبێت.

زۆرێک لە فیلمە ئەزموونیەکان سەرچاوەیەکی دارایی بەرچاویان پێویست نییە هەر بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە گرووپی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانە کار دەکەن، زۆر کەمەن. لەم فیلمانەدا هەندێک جار دەرهێنەر خۆی کاری کامێرا و مۆنتاژیش دەکات. هەندێک جاریش دەرهێنەر بە تەنهایی ئەندامی گرووپی بەرهەمهێنانە. روونە کە لەم هەل و مەرجەدا چیدیکە فوکووسبوون یان فلووبوونی وێنە، بەکارهێنانی ستاندی کامێرا یان بەکارنەهێنانی نابێت بە کێشە و لە دەستووری کاری دەرهێنەردا جێگایەکیان نییە. بەواتایەکی دیکە، بینەری فیلمی ئەزموونی ڕاستەوخۆتر لە گەڵ فیلمدا پێوەندی دەگرێت.

لە ڕاستییدا جگە لەوەی کە بەرهەمهێنانی فیلمی لەم ژانرەدا بوودجەیەکی کەمی پێویستە و و دابینکردنی بوودجەی زۆر بۆ من وەکوو کارێکی ئەستەمە، پێم خۆشە کە بەردەنگ فیلمەکەم چالاکتر بێت،پ ێم خۆشە بەردەنگی فیلمەکەم بەردەوام بیربکاتەوە نەک ئەوەی کە هەموو شتەکان بکەم بە پارویەک نان و خۆیشم بیکەم بە دەم بەردەنگەوە. لەڕاستیدا، ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە کە زێهنی بەردەنگی فیلمی کوردی، زێهنێکی تەمەڵە و لە فیلمەکاندا بەدوای بابەتگەلێکی زۆر جیدییەوە نیین. بەشێکی زۆری کێشەکە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمی کوردی.

پرسیار: ئایا ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەگشتیی بۆ دەرهێنەرەکان و فیلمسازەکان دێتە پێشەوە_ لەباری ئیمکاناتی ماڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی فیلمەکە و هەڵبژاردنی ئەکتەر و دابینکردنی دووربین و کامێرا و..._ تووشی دەرهێنەرانی کورتە فیلمیش دەبێتەوە؟

وڵام: دەرهێنەرانی فیلم هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە کە کوالیتەی فیلمەکانیان بەرز بێت و هەمیشە پەیداکردنی سپۆنسەر بۆ بەرهەمهێنان کارێکی ئەستەم و زەحمەتە بەتایبەت لەم هەلوومەرجەدا کە لە ئێران ساڵەهایە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری بووەتەوە و لەم چەند ساڵەی دوایشدا ئەم قەیرانە توندتر بووە. هەندێک لە فیلمسازان و بەجۆرێک لەناو سیستەمدان پێموانییە ئەم کێشەیانە ببێت، بەلام هەندێک لە فیلمسازان بەجیدی تووشی کێشە دەبن لە دابینکردنی بووجەی فیلمەکانیاندا. هەندێک دەرهێنەر بە 2 ساڵ و 3 ساڵیش ناتوانن فیلمێک بەرهەم بهێنن و هەندێک کەسی دیکەشمان هەیە کە لە ساڵیکدا چەندین بەرهەمی هەیە. فیلمسازی کورد هەر لەو کاتەوە کە بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمێک دەگاتە مێشکی هەتا ئەو کاتەی کە فیلمەکەی تەواو دەبێت و ئامادەی پیشاندان دەبێت لە فێستیڤاڵەکاندا تووشی کێشە دەبێت؛ هەندێک لە بابەتەکان ئەسڵەن ناکرێت بیری لێبکرێتەوە بۆ کردنیان بە فیلم، هەر لە سەرەتاوە دەچێتە ژێر گیوتینی سانسۆر لە ئێراندا. بە کرێگرتنی تەجهیزاتی سینەمایی بووجەیەکی زۆری دەوێت، ئەویش لەم قەیرانە ئابووریەدا کارێکی دوشوارە. فیلمەکە کە ئامادە دەبێت لە فێستیڤاڵە ناوخۆیەکانی ئێراندا بێ مێهریان پێدەکرێت. هەندێک لە فێستیڤاڵەکانی ئێرانیش مەرجگەلێکیان داناوە کە برێک لە فیلمسازانی کورد ئەسڵەن ناتوانن فیلمەکانیان بنێرنە ئەم فێستیڤاڵانە: بۆنموونە، زۆربەی فێستیڤاڵەکان بابەتی کراونەتەوە، فێستیڤاڵی فیلمی نەماز، فێستیڤاڵی موقاومەت (ئەو فیلمانەی کە لەسەر شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراقن) و... هەموو ئەمانە کێشەگەلێکن لە فیلمسازی کورد تووشی دەبێت. هەندێک لە فیلمسازان بەبۆنەی بەرهەمهێنانی فیلمەکانیانەوە دەکەونە زیندان و بەرەورووی حوکمی قورس دەبنەوە وەکوو، کەیوان کەریمی و هەندێک لە فیلمسازانیش ناچار دەبن کە لە ئێران بێنە دەرەوە.

پرسیار: ئایا کورتە فیلم چەندە دەتوانێت ببێتە زمانحاڵی کەڵکەڵەکان و گرفتەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە و چەندە دەتوانێت ڕێگایەکی کاریگەر یان گونجاو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پیشاندانی کەڵکەڵە و گرفتەکانی دەرهێنەر وەک مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی؟

وڵام: پێم وا بێت هەمووان ڕێکەوتبتێن لەسەر ئەوەی کە سینەما، وەکوو مێدیۆمێکی بەهێز دەتوانێت کاریگەری زۆری ببێت لەسەر کۆمەڵگا. هەموو ئەو فیلمانەی کە هەڵقوڵاوی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگایە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیان لێکراوە؛ دەرهێنەرێک کە خەڵکی بێت و لەناو سیستەمدا نەبێت بە دڵنیاییەوە قسەی خەڵک دەکات هەر بۆیە فیلمەکانی پێشوازیان لێدەکرێت .لەم سەردەمەدا سینەما بەهۆی ئەو تایبەتمەندیە سەرنجڕاکێشانەی کە هەیەتی، توانیویەتی سەرنجی هەموو خەڵک بەلای خویدا ڕابکێشێت و لە زۆربەی وڵاتاندا خەڵک کات و پۆڵی تایبەتی بۆ دادەنێن کە برۆنە سینەماکان و فیلم ببینن. ئێستا سینەما بەشێوازێکی بەیناڕشتەیی/نێوان لقی لەگەڵ زانستەکانیتری وەک کۆمەڵناسی، سیاسەت و فەلسەفە موتالیعە دەکرێت، بەڵام بە داخەوە لە ئێران خەڵک بەبۆنەی کێشە و گرفتی زۆرەوە ئامادە نیین کە بۆ بینینی فیلم هەزینە بکەن(مەبەستم هەموو خەڵکە نەک کەسانێکی تایبەت). کەواتە، چونکە بەشێکی زۆر لە خەڵک ناتوانن ئەم فیلمانە ببینین و لە واقعدا ئەم فیلمانە  ناگەنە بەردەستی بینەرانی ئەسڵی خۆیان، ناتوانن کاریگەری زۆریان هەبێت. ئەگەر باسی کوردستانیش بکەین بەداخەوە ئێستا زۆربەی شارەکان لە کوردستاندا سینەمایان نییە و ئەمە بەڕای من کارەساتە. جا ئێستا لێرەدا ئەمەوێت باسی کورتە فیلم بکەم. ئەساسەن لە ئێراندا جگە لە فێستیڤاڵەکان شوێنێک نییە بۆ پێشاندانی کورتە فیلم، ئەویش فێستیڤاڵگەلێک کە بابەتی کراونەوتەوە و دەسەڵات لە ڕێگای ئەم فێستیڤاڵانە دەیەوێت ئەو فەرهەنگەی کە پەسەندی خۆیەتی تەزریق بکاتە ناو کۆمەڵگاوە و سینەماکانیش هەتا ئەو فیلمە تیجاریانەی، کە زۆرتر کاریان سەرگرم کردنی خەڵکە، فیلمیتر پێشان نادەن. بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو وا نییە، تەنانەت خەڵک لەبەر ئەوەی کە ماوەی فیلمی کورت لە چاو فیلمگەلی درێژ کەمترە، روویان کردووەتە بینینی کورتە فیلم. بەداخەوە کورتە فیلمەکانیشمان تایبەتن بە پیشاندان لە فێستیڤاڵەکان یا لانیکەم بۆ کەسانێکی تایبەت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کورتە فیلم دەتوانێت کاریگەری زۆرتر و باشتر دابنێت لە ئاستی فەرهەنگی  و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا؛ کورتە فیلم بەهۆی کورتبوونی کات و هەڵپەسێردراوی زۆرتر، لە چاو فیلمی درێژ دەتوانێت کاریگەرتر بێت.

 

پرسیار: لەڕوانگەی ئێوەوە کورتە فیلم چەندە دەتوانێت یارمەتیدەر و داڕێژەر بێت لە درووستبوون و پێکهاتنی سوننەت و نەریتێکی سینەمایی لە کۆمەڵگای کوردستاندا؟

وڵام: دەتوانین بڵێن کە کورتە فیلم پرۆڤە و ئەزموونێکە بۆ ئەوەی کە دەرهێنەر بتوانێت لە داهاتوودا کاری گەورەتر و درێژتر بکات، ئەمە بەو مانا نییە کە فیلمی درێژ و کورتە فیلم وەکوو یەک وان. بەپێچەوانەوە، کورتە فیلم ژانرێکی تایبەت و جیاوازە لە فیلمی درێژ و تایبەتمەندی و فاکتەری جیاوازی هەیە لەگەڵ فیلمی درێژ، بەڵام لەواقعدا کەم دەرهێنەر هەیە کە سەرەتای کاریی خۆی بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلمەوە دەست پێنەکردبێت. بەرهەمهێنانی کورتە فیلم یارمەتی دەدات کە چۆن بتوانێت لە داهاتوودا فیلمی درێژ بەرهەم بهێنێت. بەرهەمهێنانی کورتە فیلم چێژی تایبەت بەخۆی هەیە هەر بۆیە ئەبینین زۆرێک لەو دەرهێنەرانەی کە فیلمی درێژ بەرهەمدەهێنن جارجارێک روودەکەنەوە بەرهەمهێنانی کورتە فیلم. هەموو ئەو کەسانە و هەموو ئەو وڵاتەنەی کە لە مێژووی سینەمای خۆیاندا کورتە فیلمی بەهێزیان هەبووە، ئێستاش خاوەنی سینەمایەک کاریگەر و بەهێزن. کەواتە، کورتە فیلم دەتوانێت بنەما و دارێژەری سەرەکی و گرنگی سینەمای هەر وڵاتێک بێت و دەتوانێت سینەما بەرەو پێشەوە ببات.


PM:09:34:06/11/2016




ئه‌م بابه‌ته 851 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌