خەڵکی شاری مەریوان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و ماشینەکانی مەرگ

وتووێژی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لەگەڵ موختار ئەحمەدی، چالاکی سیاسی، بە بۆنەی ناڕەزایەتیە سەرکەوتووەکانی ئەم دواییانەی  شاری مه‌ریوان


 پرسیار: شاری مەریوان لەڕووی مێژوویەوە سەلماندوویەتی کە بەردەوام بەرامبەر بەو کێشانەی کە بۆی دێتە پێشەوە بێهەڵوێست نیە و بەرامبەری دەبێتەوە. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ 

وڵام: لەسەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە بگرە تا دەگاتە ئەم سەردەمە, کە بەسەردەمی بەجیهانی بوون و گلۆبال ناسراوە, هەرکات زوڵم و چەوسانەوە بوونی هەبووبێت، هەرکات ناعەداڵەتی و ناداپەروەری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بوونی هەبێت دژەکردەوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتی زاڵ پێکدێت و چینی چەوساوە و چەوسێنەر پێک دێت، خەڵکی وشیار و ڕۆشبیر و خەباتکار دەردەکەون و دێنە ناو بازنەوی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە و هێژمۆنی خۆیان لەسەر داڕشتەی کۆمەڵگای خۆیان لەهەموو بوارەکاندا پیشان دەدەن. کۆمەڵگای کوردستانیش لە درێزەمانەوە بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی لەهەموو میکانیزمەکان کەڵکی وەرگرتووە. یەک لەو شێواز و میکانیزمانە خەباتی مەدەنی و گەشەپێدان بەو شکڵە لە خەباتە. بەپێی هەڵکەوتەی جۆغرافیایی و بارودۆخی سیاسی لەوانەیە لەناو یاشارێک زیاتر یا کەمتر ئەم شێوازە لە خەبات ڕچاوکرابێت. مەریوان وەک شارێک کە پێشەنگی ئەم شکڵە و نۆرمە لە خەبات بووە لە هەموو دەرفەتەکان بۆ هێنانە ئارا و باسکردن لە ماف و داخوازیەکانی کەڵک وەرگیراوە. هەروەها کە هەمووما ئاگادارن، مێژووی خەباتی مەدەنی و بەرنگاری لە ماف و داخوازیەکان لە مەریوان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، کە خەڵکی ئەم شارە بۆ دژایەتیکردن بە هەبوونی هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەند لە ناوشار و تۆپ بارانکردنی شار لەلایەن پادگانی ئەرتەشەوە، خەڵکی شار وەک ناڕەزایەتی بە کردەوەکانی ڕژیمی تازە بەسەرکارهاتوو، بەدەست پێشخەری و داهێنانی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی، کۆچی مێژووی مەریوان وەک یەکەم هەنگاوی مەدەنی شارستانی و سەردەمەکانی هاتە ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانەوە.

 ئەگەر بەگەڕێیننەوە بۆ هۆکارەکان، دەتوانن هەم سیاسی و هەم کۆمەڵایەتی و هەم گەشەی بیری وشیاریدەر لەم شارە بێت چونکە لە زۆر شوێنی دیکەی ئێراندا ئەو ناعەداڵەتیە و ئەو زوڵم و چەوسانەوە هاوشێوەی شاری مەریوان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هیچ چەشنە دژەکردەوە لەلایەن دانیشتوان و شارۆماندانی ئەو شار و ئەو ناوچەیە نەهاتووەتە ئاراوە؛ خەڵکی بێدەنگیان کردووە، بێهەڵوێست بوون و نایانتوانیوە بەشێوەی هێمنانە دژایەتی خۆیان بنوێنن. بەڵام دەکرێت ئاماژە بە چەندین نموونەی سەرکەوتووی خەباتی مەدەنی بۆ گەیشتن بە داخوازیەکان لە مەریوان بکەین: دژایەتی و خۆپیشاندان جەماوەری دژبە سەربڕینی فریشتەی نەجات، گرتنی ڕێوڕەسمی ٨ی ماری لە گورستانی داسێران وەک ناڕەزایەتی بە هێزە ئەمنیەتیەکان، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ناڕەزایەتی بە کەڵکوەرگرتنی سیستمی قەزایی، کە جلو بەرگی ژنانەی وەک ئامرازی سزادانی تاوانبارێک کە ناڕەزایەتیی ژنانی سوورپۆشی لێکەوتەوە، ناڕەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان بۆ ماوەی 5 ڕۆژ، خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک بە ناستانداردبوونی ڕێگە و بانی نێوان شارەکانی سنە و مەریوان، ئازادکردنی پەلەوەرەکان و شکاندنی چەکی ڕاوچیەکان، پاراستنی ژینگە، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی محەممەد کۆنەپۆشی و چەندین داهێنانی دیکە، لە دەسکەوت و هەوڵەکانی دیکەی بواری خەباتی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوان، کە دەکرێت ئەزموون و کاریگەرییە پۆزێتیڤەکانی لەسەر زیندوو بوونەوەی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ باقی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان جێگای لێفێربوون بێت.

پرسیار: ئایا لە شاری مەریوان ئێن جی ئۆ و ڕێکخراوە مەدەنی و کولتووریەکان چەندە کاریگەریان هەیە لە درووستبوون و شکڵگرتنی هەڵوێست و بۆچوونی خەڵکدا؟

وڵام: بوون و گەشەی کارکردنی ئێن جی ئۆ یان ڕێکخراوە ناحکوومیەکان لەهەر شارێک پیشاندەری زیندووبوون، ووشیاربوون و  ئەکتیڤیی ئەو کۆمەڵگایە. بوونی هێزێکی جەماوەری و ڕێکخراوە لەچوارچێوەی ڕێکخراوە ناحکوومیەکان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، ئێستا ئەگەر ئامانجیان ژینگە پارێزی، چالاکی کولتووری، پاراستنی مافەکانی ژنان، پارێزگاری لە مافی منداڵان یان هەر تەوەرەیەکی پێوەندیدار بە ژینگەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە بێت، بەهۆی چالاکی هەڵسووڕانیانەوە دەتوانن هەر کار یان کاریگەری ئەرێنی لە بواری جێخستنی کولتووری پێشکەوتوو و هەوڵدان بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی ئەو کۆمەڵگە بدات. کە ناوەندی وشیاریدەر، ڕێنیشاندەر و پێشکەوتنخواز بوونی هەبوو دەتوانرێت کاریگەری باش و پێشکەوتنخوازانەی لەسەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەبێت. باش لە بیرمە کە بۆ یەکەمجار شانۆی سەر شەقام لە مەریوان هاتە ئاراوە، کارێکم بینی لە چەند هاوڕێیەک لەسەر ئێعتیاد و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا بوو، کەسانێک بە چاوی پێکەنین و سەرگەرمی سەیریان دەکرد، بەڵام دواتر بۆ عامەی خەڵک بەگشتی دەرکەوت کە ئەم شانۆیە بۆ پێکەنین نییە و هەڵگری پەیامێکە کە خوازیاری لابردنی مادە هۆشبەرەکانە کە بەڵایەکی ماڵوێرانکەرە. ئەوەیە ئەمڕۆ دەبینین خەڵکی ئەم شارە چ ئەوانەی شارەزاییان لە هونەری شانۆ و کاریگەرییەکانی هەیە و چ ئەوانەش کە لە باقی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگان، باوەڕیان بە کاریگەرییەکانی هێناوە و بەهۆی ئەو تامەزرۆیی و ئەو ڕووتێکردنە جەماوەرییە، نازناوی پێتەختی شانۆی سەر شەقامی بۆخۆی دەستەبەر کردووە.

لە بواری ژینگەپارێزی، مافەکانی ژنان و داهێنانی سونەتی پێشکەوتووی وەک سەرتاشینی ئەو مامۆستایە کە بەخاتر خوێندکارە سەرەتانلێدراوەکەی کە دەنگدانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە، شکاندنی قلیانەکان، تیمار و چارەسەرکردنی پەلەوەرەکان، ئەم شێوازە هەڵسووکەوت کردنانە بووەتە ئەرزش و مەلەکەی زێهنی تاکی کۆمەڵگا و لەلایەن خەڵکەوە بۆچوونەکان و کردەوەکان بەرهەم دەهێنرێن و لە ئاکامدا تانووپۆی لە کۆمەڵگاکاندا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆکاری گۆڕان و چاکسازی لە کۆمەڵگاکاندا.

پرسیار: لە ڕوانگەی ئێوەوە ڕفتاری ڕژیم و شیوازی هەڵسوکەوتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئێسلامی لەو شارە بەرامبەر بە خەڵک و ئەم ناڕەزایەتیانە چۆنە و بە چ شێوەیەک هەڵی دەسەنگێنن؟

وڵام: لەسەر ئەم بابەتە هەڵسووکەتی ڕژیم نەک لە مەریوان بەڵکوو لە باقی شارەکانی کوردستان کەش و دۆخێکی ئەمنییەتی زاڵ کردووە، کوردستانی وەک پادگانی نیزامی لێکردووە، هەر هەشت کەس لە حەشیمەتی کوردستان، هێزێکی ئەمنییەتی وەک ئامێری سەرکوت، وەک هێزێکی چاودێر زوورمی خستووەتە سەر هەموو چالاکییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، هێزی نیزامی و ئینتیزامی، پۆلیسی فەتا، ئێتڵاعات، سپا، بەسیج و هێزی لیباس شەخسی، کە هیچ ناسنامەیەکیان نییە، و بەسیجی ئیدارات هەموویان بۆ سەرکوتی زیاتری تاکی و وشیارتی کۆمەڵاگا لە حاڵی کێبڕکێدان و بووجەی لە ڕادەبەدەر و بێئەژماریان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە. هەموو چەشنە داواکارییەکی ڕەوا و بەرحەقی چالاکان لە هەموو بوارەکاندا بە زیندان، ئەشکەنجە و حوکم و سزای قورس وەڵام دەدرێتەوە و بەڵێنیان لێوەردەگرن کە هیچ چەشنە چالاکییەک بەڕێوە نەبەن، هیچ چالاکییەکی بواری مافەکانی ژنان، چالاکی خوێندکاری، چالاکی ژینگەپارێزی، چالاکی کولتووری و هتد نییە کە لەژێر زوومی ئۆرگان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان نەبێت یان بانگ نەکرابێتە ئیدارەی ئیتڵاعات و سووکایەتی یان هەڕەشەی لێنەکرابێت. بەپێی ئاخرین زانیارییەکان کە دەستمان کەوتووە، ئیتڵاعاتی سپا لە مەریوان چەندین سیخوڕی فێرکردووە و ڕایهێناون کە وەک چالاکی مەدەنی بڕۆنە ناو ئەنجوومەنەکان و هەموو زانیارییەک لەسەر ئەنجوومەنەکان کۆبکاتەوە و ئەندامەکانیان بناسێ و لە شێوازی کار و چالاکییان شارەزایی پەیدا بکات.  مەبەست و ئامانجیشی لەم کارە ئەوەیە کە پادزەهری خۆی بە شێوازی دەقێقتر لە دژیان بەکار بهێنێت. سەرەڕای هەموو ئەم گووشارانە و ئەم هەموو ئامێرە سەرکووتانە، چالاکانی مەدەنی لە شاری مەریوان چاونەترسانە سوورن لەسەر هێنانەگۆڕی داخوازییەکانیان و درووشمەکانی نان، ژیان، ئازادی و نا بۆ سووکایەتی بە ژنان و بەڵێ بۆ ئازادی و دادپەروەری و ناوە ناوە بە بیانووە جیاوازەکان و هەل و دەرفەتەکان لەسەر شەقامەکانی ئەم شارە لە پێش چاوی چەندین ئۆرگان و ناوەندی سەرکوتگەر دێنە سەر زاران و دەبنە مانشێتی سەرەکی میدیاکان.

پرسیار: مەریوان شارێکی مەرزیە و لەسەر سنوور هەڵکەوتووە، ئایا هەڵکەوتەی جوغرافیایی و نزیکبوونی لە سنوور و بوونی بە سەرچاوەیەکی تاڕادەیەک گونجاو بۆ بازاڕ و بازرگانی و تەوزیع و دابەشکردن و ڕاگواستنی کاڵا و شتوومەکە بازاڕیەکان بۆ باقی شارەکانی کوردستان و ئێران، کاریگەری نەبووە لەسەر سایکۆلۆژی و ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئەو شارە؟

وڵام: ئەمە پەیوەندی هەیە بە ئاستی گەشەی کۆمەڵگای مەدەنی هەموو شارە سنوورییەکان. ئەگەر کۆمەڵگای مەدەنی ئەو شارە سنوورییە، کە ئێستا ڕووی پرسیارەکە لە شاری مەریوانە، سنووریبوون و بوونی بازاڕی کراوە بە ڕووی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا نەیتوانییەوە بە لایەنی نگەتیڤدا کاریگەری هەبێت لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچوون یان لاوازی ئەو شێوازە لە خەبات، بەڵکوو دەرفەتەکانی بە بازاڕبوون و پتانسیێلە ئابوورییەکانیشی وەک دەرفەت قۆستووەتەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین. ئەوە بوو لە ساڵانی ڕابردودا ئێمە بینیمان کە بەهۆی داخستنی سنوورەکان و پێشگرتنی ڕژیم بە هەناردە و هاوردەکردنی شتومەک و پێداویستییەکانی خەڵک، چەندین جار بۆ ماوەی ٣ تا ٥ ڕۆژ خەڵکی ئەم شارە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و دووکان و بازاڕیان داخست. بەڵام لە شارە سنوورییەکانی هاوشیوەی مەریوان وەک پاوە، بانە، پیرانشار، تا دەگاتە خۆی و ماکوو بەو شێوەیەی کە لە مەریوان هەبوو، لە باقی شوێنەکان نەبوو. 

لەوانەیە لە شارەکانی دیکەی کورستاندا ئەو سنووریبوون و سەرچاوەی داهاتەکان کاریگەری بووبێت لەسەر هێز و بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگا، بەڵام بینیمان کە هەر چەشنە ناعەداڵەتییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و حکومەتی کە دەرحەق بە نەتەوەی کورد دەکرێت، ئێستا لە کوردستانی ڕۆژئاواوە بیگرە تا باقی پارچە دابەشکراوەکانی دیکەی کوردستان، لە مەریوان ئاکسیۆن و ناڕەزایەتی بەڕیوەچووە. هەر لە کارەساتی شێرناخ، کارەساتی یەکی شوباتی هەولێر، گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆک کۆماربوونی مام جەلال، پەسەندکردنی یاسای فێدراڵی، کۆکردنەوەی یارمەتی و پاڵپشتی لە کوبانی و هتد. جا ئەگەر چاوخشانێک بکەین بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ساڵانی پێشوودا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە سنووریبوون و پتانسیەڵ و دەرفەتەکان لە بواری ئابووریدا کاریگەری نەبووە لەسەر سایکۆلۆژی خەڵکی ئەم شارە، بەڵکوو دەرفەتی خۆلقاندووە بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی زیاتر.

پرسیار: خەڵکی شاری مەریوان توانیویانە لە بزووتنەوەی مەدەنی و حەقخوازانەی کوردستاندا پێگە و شوێنێکی گونجاو و شیاوی خۆیان هەبێت یان دەستەبەری بکەن، ئایا بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکانی شارەکانی دیکەی کوردستان چەندە توانیویانە وەزن و کێشی ناڕەزایەتیەکانی شاری مەریوان قورستر بکەن و بچنە پاڵ و پشتی بگرن؟ 

وڵام: بەڵێ وایە، مێژوو ئەو شاهێدییەمان بۆ دەدات کە مەریوان جێگە و پێەی تایبەت بەخۆی هەبووە، هەر لە سەرەتای دەستپێکی دەسەڵاتی ڕژیمەوە بگرە تا دەگاتە ئەمڕۆ، لەهەموو وڵاتانی جیهاندا ئەگەر ناڕەزایەتییەکی مەدەنییانە دێتە ئاراوە چاوەڕوانی ئەوە لە باقی شارەکان دەکرێت کە پاڵپشتی لە هەنگاوە مەدەنییەکان بکرێت. مەریوانیش هەمیشە ئەو چاوەڕوانییەیە هەبووە کە پاڵپشتی لێوە بکرێت لە لایەن شارەکانی دیکە کوردستانەوە. چەند گرینگ بوو لە هاوینی ٨٤ دا کە هەموو شارەکانی کوردستان پاڵپشتیان لە خەڵکی شاری مەهاباد کرد، جارێکی دیکە ناوی کورد و بزووتنەوەی کوردی کەوتە سەر زاران و مانشێتی یەکەمی میدیاکانی بۆخۆی دەستەبەر کرد. هاودەنگی و هاوخەمی لەناو توێژە جیاجیاکانی خەڵکی کورددا درووستکرد، بەڵام بەپێی زۆربوونی هەنگاو و حەرەکەتە مەدەنییەکان لە مەریوان، هەرچەند چاوەڕوانییەکان زۆرتر بوون، بەڵام بەداخەوە ئەو پاڵپشتییە قورس و قایمەی کە دەبوا لێی کرابا، نەبوو.

بەڵام لە چەند مەوردێکدا وەک پاراستنی ژینگە، وەک شکاندنی قلیانەکان، شکاندنی چەکی ڕاوچییەکان، ئازادی پەلەوەرەکان و ناشتنی نەمام بە خۆشییەوە گشتگیر بوو و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە. ئەم پاڵپشتییانە و پەرەسەندنی ئەم سوونەتە پێشکەوتووانە، کە لە مەریوانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەتوانێت هاندەر و مشەوێقی چالاکانی مەدەنی مەریوان بێت بۆ کاری زیاتر و هەنگاوی پتەوتر.


AM:01:38:03/11/2016




ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌