لە زیندانێکی ئێران دوو هەزار زیندانی ژن بوونی هەیە

زیندانی قرچەكی وەرامین بە گەورەترین زیندانی ژنان لە ئێران دێتە ئەژمار

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی راپۆرتی هێرانا، زیندانی قرچەك هەڵكەوتووە لە 17 كیلومەتری جادەی سەرەكیی  تاران بۆ وەرامین بە گەورەترین زیندانی ژنان لە ئێراندا  دێتە ئەژمار.
 
ئەم زیندانە لە شوێنێكی وەك بیابان هەڵكەوتووە و ئیمكانات بۆ ژیان تێیدا بوونی نییە، توندوتیژی و پێڕانەگەیشتن و نەبوونی لێكۆڵینەوە لەگەڵ بكەرانی توندوتیژی لەناو زیندان دا یەكێك لە كێشە جدییەكانی ژنانی دەستبەسەر كراو لەناو زیندانەكەیە. 
 
هەر بەپێی ماڵپەری هێرانا لەم زیندانەدا چەندین حاڵەتی تووشبون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان تۆمار كراوە.
 
ناوەندی هەواڵنێری كۆمەڵەی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی ئێران نوسیوێتی: ئەم گرتووخانەیە بریتییە لە 7 هۆڵ كە زیاتر لە 2000 هەزار ژنی دەستبەسەر كراو لەگەڵ دەیان منداڵی بچووك تێیدا دەستبەسەرن.
 
لە ناو هەر كام لە ژوورەكاندا 200 تا 300 ژنی دەستبەسەركراوی تێدایە كە بە هیچ شێوەیەك ئاستی تاوان و چۆنیەتیی تاوانەكانیان لەبەرچاو نەگیراوە، هەروەها ئاستی تەمەنیش هیچ رۆڵ و كاریگەرییەكی نییە و هەر هەموو بەندكراوەكان بە یەكەوە تێكەڵ كراون، هەربۆیە ئەمە هۆكاری پەرەسەندنی توندوتیژیی ژنانی دەستبەسەركراوی ناو گرتووخانەیە بەرامبەر بە یەكتر و تەنانەت بووەتە هۆكاری كوشتنی یەكتریش. 

ئەمە له ‌كاتێك دایە كە بەرپرسانی ناو زیندان گرنگی بە چارەسەری هیچكام لە كێشەكانی ناوخۆی زیندان نادەن.
 
شوێنی ئەم زیندانە پێشتر لەژێر دەستی رێكخراوی چاودێریی كۆمەڵایەتی ئێراندا بووە بۆ كاركردن لەگەڵ تووشبوانی مادە هۆشبەرەكان، بەڵام دواتر بووە بە زیندانی تایبەت بە ژنان.
 
لە درێژەی راپۆرتەكەی ماڵپەری هێرانادا ئاماژە بەوە دراوە كە بەرپرسانی ناو گرتووخانەكە، بە شێوەی جۆراوجۆر ژن و منداڵە دەستبەسەر كراوەكان دەترسێنن و گوشاری دەروونیان بۆ دەهێنن و ئەگەر هەر كام لەو ژنە دەستبەسەركراوانە چكۆلەترین ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەوا ڕەوانەی ژووری تاكەكەسی دەكرێن و بۆ ماوەی چەند رۆژ لەوێدا رایاندەگرن.

AM:10:01:28/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 855 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌