ژنانی عەرەبستان خوازیاری كۆتایی هاتنن بە یاسای سەرپەرەشتی كردنیان لە لایەن پیاوانەوە


چواردە هەزار ژن لە عەرەبستان. بە كۆكردنەوەی واژۆ، داوایان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كردووە، یاسای سەرپەرەشتی كردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە هەڵبوەشێنێتەوە، كە سیستەمێكی پیاوسالارییە.

بە پێی یاسا لە عەرەبستان، ژنان بۆ ئەوەی بتوانن سەفەر بكەن یان بۆ ئەوەی ئیزنی كاركردنیان ببێت لە دەرەوە پێویستە لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە ئیزنیان پێ بدرێت. 

ئەم نامەیە، كە لە لایەن ژمارەیەك لە چالاكانی كۆمەڵایەتی و ژنانی چالاكەوە گەیەندراوەتە كۆشكی پاشایەتی، چ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چ لە ناو كۆمەڵگادا دەنگدانەوەی زۆری بووەو  لە لایەن بەشێكی زۆر لە ژنانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكراوە.

عەزیزە یووسف، یەكێك لەو چالاكانەی كە نامەكەی گەیاندۆتە كۆشكی پاشایەتی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری BBC دەربارەی ئەم تۆمارە وتوویەتی:" هەست بە غوروور دەكەم و زۆر خۆشحالم كە توانیومانە ئەم نامەیە بگەیەنینە دەست دەسەڵات."

لە كۆمەڵگای عەرەبستاندا، وەك بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگا ئیسلامییەكان لەوانە ئێران، ژنان بە بێ ئیزنی هاوسەر ، برا یان باوك بۆیان نییە سەفەر بكەن. لە عەرەبستان تەنانەت ئەو ژنانەش كە مێردەكانیان مردووە یان لە مێردەكانیان جیا بوونەتەوە، بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت پێویستە لە لایەن كوڕەكانیانەوە ئیزن بدرێن. 

كریستیەن بیكیرل، یەكێك لە كارناسانی چاودێری مافی مرۆڤ كە لەسەر ئەم راپۆرتە كار دەكات، باسی لەوە كرد كە هەڵوێستی ژنانی عەرەبستان و پشیوانی كردنیان لەم كەمپەینە چاوەڕوان نەكراو بوو. 

ئەم كارناسەی چاودێری مافی مرۆڤ لە قسەكانیدا لە گەڵ هەواڵنێرییەكان وتی:" سەرم سووڕما، بەڵام سەرسووڕمانەكەم بە هۆی پێشوازی بەربڵاوی ژنانەوە نەبوو لەم كەمپەینە، بەڵكوو بە هۆی ئەو بیركردنە نوێ و داهێنانە نوێیەوە بوو كە ژنانی عەرەبستان لەم سەردەمەدا نیشانیان دا. "

خاتوو بیكریل لە درێژەی قسەكانیدا وتی:" ژنانی عەرەبستان بە ئاشكرا ئەوەیان نیشاندا كە چیتر نایانهەوێ وەك شارۆمەندی پلە دوو چاویان لێ بكرێت كاتی ئەوە هاتووە دەوڵەت و حكوومەتی عەرەبستان گوێ لە خواستەكانیان بگرێت. "

عەزیزە یووست، یەكێك لە چالاكانی ئەم كەمپەینە كە ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی ئەوەی یاسای قەدەغە بوونی شۆفێری كردنی ژنان پێشێل كردبوو، قۆڵبەست كرا، دەربارەی ئەم كەمپەینە باسی لەوە كرد:" چاوەڕوانی ئەوە نەبوو كە ئەم كەمپەینە هەڵوێستی نێگەتیڤی بەرامبەر بگیردرێت."

ژنان لە عەرەبستان لە بەشێكی زۆر لە مافە مەدەنی و تاكەكەسیەكانی خۆیان بێبەرین. تەنانەت ژنان لەو وڵاتە تا ئێستا مافی دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنیان نییە. ئەمەش بە هۆی سیستەمی پیاوسالاری – دینی ئەو وڵاتەوەیە. بەڵام ئەم كارەی چالاكانی ژنان لەو وڵاتە ئەتوانێت وەك هەنگاوێكی گەورە چاو لێ بكرێت دژ بە سیستەمی پیاوسالاری زاڵ.


AM:10:04:27/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 615 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌