چالاكی و ئامانجەكانی ڕێكخراوی كۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات

سەرگوڵ خودایار

ئێستا كە لەم بڕگەیە لە مێژوی خەباتی ژنانی كوردستاندا، بە سەرنجێك بۆ ئەو هێڵەی لە رابردوودا پێیدا هاتوین، جێی خۆیەتی كە بڵیین خاوەنی ئەزمونێكی كەم وێنە، پڕ لە كەند و كۆسپ و خوێناوی و دژوار بەڵام پڕ لە شانازیشین بە جۆرێك كە شكاندنی "هەیمەنەی" سونەت و باوە دێرینەكان، چی دیكە لە كوردستاندا بۆ ژنان وەك تەلەسمی لە شكان نەهاتوو نییە و رچەی ئەم بوارە وەها شكاوە كە جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە جێگای خۆی.
بە حەق ژنانی كۆمەڵە وەها سەرنموونە و شێوازێكیان لە ماوەی 4 دەیەی رابردوودا پیشاندا كە نەك تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك "باری كرداری بێ وێنە دەنوێنێ،"  بگرە رێگای خەبات بۆ ژنان و لە "مۆنۆپۆلی" رەگەزی دەرهاتنی خەبات"  بۆ گۆڕینی چارەنوسی تازە "بووەتە" باوەڕێك كە زۆر بە شانازییەوە جێگای دووپات كردنەوە و لەبەر گرتنەوەیە بە شكڵ و ناوی دیكەشەوە.گەلێك كێشەی سیاسی و رێكخستنی و كەم و كوڕی هەتا ئێستاش لە ریزی ئەو پێشهاتە نگاتیڤانەدان كە زەبریان بە جەستەی خەباتی ژنان گەیاندووە بەڵام لە راستیدا و بە قبوڵ كردنی هەموو كەم و كوڕییەكانیشەوە، ئەوە جێگای ورەگرتن و دەست و دڵ گەرمییە كە ئێمە لەم تەكان و شەكانەی مێژووی خەباتەكەماندا، ئاسۆی مەبەستمان ون نەكردووە و بە زمانێكی دیكە، ئەگەر بە برینداریش بوو بێت رێگامان ون نەكردووە و چاومان بڕیوەتە ئەو ئاسۆیەی كە دەبێ پێی بگەین.
دامەزرانی كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات لە سەر بەستێنی ئەزمونی خەباتی دەیان ساڵەی ژنان لە كۆمەڵەدا و بۆ درێژەی ئامانجەكانی خەباتی ژنی كورد لە سەردەمی نوێدا و بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەكانی ئەم سەردەمەی ئەو خەباتە، هەنگاوێكی گونجاو بوو بۆ هەوڵدان لە پێناو كۆكردنەوەی وزەی ژنانی خەباتكار لە زەرفی گونجاوی ئەم كاتەدا. ئەم بەشە و ئەم بڕگەیەش لە خەباتی ژنان، هەمیسان بە ئاسانی و ساكارانە تێپەڕ نەبووە و هەڵگری ئەرك و زەحمەتی تایبەتی خۆی بووە و خەریكە مەسیری گەشەی خۆی دەپێوێ.
لە پێناوی ئەم گەشە كردن و بوار رەخساندنەدایە كە هەوڵ دەدەین بیر و هزر و توانامان لەم زەرفەدا بخەینە سەر یەك و تێبكۆشین كە خەباتەكەمان لە هەر كام لە بەشەكانیدا هەنگاوێكی دیكە بەرەو پێشەوە بەرین. بوارەكانی رێكخستن و بارهێنان و هوشیاریدان و ئامادەكاری بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەركە قورسەكانی خەباتی مافخوازانەی ژنان بە تایبەت لە ناوخۆی كوردستانی رۆژهەڵاتدا و ساز كردنی ناوەندێكی بە هێزی هاوئاهەنگی ئەو خەباتە لە كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵاتدا، تەنیا بە شێك لەو تێكۆشانەیە كە لەم ماوەیەدا تا ئێستا لە ئەستۆمان گرتووە و لە ئێستاشەوە بەرەو داهاتوو بە گیانێكی تازەوە لێی بەردەوامین.
بە هەموومانەوە پێویستە جارێكی دیكە ئەم كۆنفرانسە بە ویستگەی پێداچوونەوەی هەنگاوەكانی رابردومان و داڕشتنی پلانەكانی هەنگاوی داهاتوو بگرین و بە گیانێكی شۆڕشگێڕانەوە پەیمان بۆ گەیشتن بە ئاسۆی دیاری كراوی ئازادی و بەرابەری و دادپەروەری ژن لە كوردستاندا دووپات كەینەوە.
رێكخراوی "كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" لە مانگی نوامبری ساڵی 2010 دامەزرا. بێ گومان سەرەكیترین ئامانجی ئەو دامەزراوەیە، هاودەنگ كردنی ژنانی رۆژهەڵاتی لە هەر لایەن و چین و توێژێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگای كوردستانە بۆ كارێكی جەماوەری و یەكگرتوو بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو ستەم و نایەكسانیە كە بەرامبەر بە ژنی كورد و بە تایبەت لە لایەن حكوومەتی ناوەندی كۆماری ئیسلامی پێڕەو كراوە و دەكرێت.  ئەو رێكخراوەیە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئاواتانە و دەستەبەر كردنی ئەو ئامانجانەی كە هەیەتی و هەی بووە، چەندین كومیتەی جیاوازی پێك هێناوە تا كار و چالاكیەكانی خۆی لە رێكخستنێكی سەردەمیانە بەرێوەبەرایەتی بكات و زۆرترین دەسكەوتی لە كەمترین دەرفەت و ئیمكان بەدەست بێنێت، ئەو كومیتەگەلە بریتین لە: 
سیاسی، كۆمەڵایەتی، راگەیاندن، هونەری، پێوەندیەكان، ماڵی، ئیداری و ئەرشیڤ، كە بە دەستی توانای ئەندامانی رێكخراوەكە ئەركەكانیان بەرێوە چووە.
"كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا لە بوارگەلی جۆراوجۆر چەندین سمیناری تایبەتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەی بەرێوە بردووە. بۆ نموونە، لە سەر پرسی ژنان و كێشەكانی ژنان لە ئیران و و كوردستان  و ژن و دەسەڵاتی سیاسی و هەر وەها لە سەر پرس و بۆنەكانی  تایبەت بە ژنان وەكوو 8ی مارس، رۆژی جیهانی ژن و 25ی نوامبر، ئێمە لە ئۆردوگا و لە دەرەوەی ئۆردوگای ناوندی وەكوو شاری سلیمانی و هەولێر، سمینار و ئاكسیۆن و كۆنفرانسمان بەرێوە بردووە. ساڵی 2012 ئاكسیۆنیكی هاوبەش لەگەڵ رێكخراوەكانی باشوور لە هەولێر بەرێوەچوو. ئامانجی سەرەكی لە جێبەجێ كردنی ئەركی لەو شێوە، بردنە سەرەوەی ئاستی زانیاری سیاسی، كۆمەڵایەتی، زانستیی ژنان و هەر وەها ئاشنا كردنیان لە گەڵ ماف و ئەركەكانیان وەكوو نیوەی كۆمەڵگا بووە.
لە جیهانی ئەمرۆدا، پێوەندی و راگەیاندن وەكوو ئامرازێكی بەهێز بۆ خۆناساندن و بەرز كردنەوەی دەنگی هەر جووڵانەوەیەك، خاوەن گرنگی تایبەتە و بێ گومان ماڵپەری ئینتێرنێتی یەكێكە لەو ئامرازانەی كە ئەتوانێت و توانیویە لە نێوان ئێمە و دونیای بەرینی دەرەوەدا پردێكی قایم درووست بكات. هەر بەو بۆنەوە ماڵپەرێكی رەسمی رێكخراوەی "كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" یان "سازمان زنان كردستان"مان دانا كە لە لایەن ئەندامانی كومیتەی راگەیاندنەوە بەرۆژ دەبێتەوە؛ ئەو مالپەرەش بۆخۆی لە چندین بەش پێكهاتووە. لەلایەكی دیكەوە، ئەو رێكخراوەیە لەسەر پرسی ژنان و كێشە و گرفتەكانی ژنان و راێكارەكان و لە سەر بۆنە و مراسمەكانی تایبەت بە ژنان، بەرنامەی باشی هەبووە لە كاناڵی رۆژهەلات تی ڤی. لە بیری نەكەین كە پەروەردە لە دونیای ئەمرۆدا ئامرازێكە بۆ پێگەیاندنی كەسایەتیەكی "ژیر" كە بتوانێت داكۆكی لە مافەكانی خۆی بكات. هاوكات، لە درێژەی پەروەردە و راهینانی ژنان لە بورارگەلی دیكەدا، ئەندامانی ژنان لە چەندین خول و دەورەدا بەشداریان كرد. یەكێك لە دەورەكان وەكوو رێكخراوی دەوڵەتیی هارتلەند" كە خولیكی راگەیاندن بوو و هەر وەها خولێكی فۆتۆگرافی بۆ ئەندامانی ژن بەرێوە برا ئەوەش بۆخوی یارمەتیدەر بوو بۆ باشتر بەڕێوە بردنی ماڵپەری رێكخراوی ژنان و بەرنامە تێلێڤێزیۆنیەكان.
كۆمەڵەی ژنان، لە سەر ئەو باوەرەیە كە جگە لە پەروەردەی زانستی ئەبێت بۆ پەروەردەی هاوتەریبی "جەستە" و "رۆحی" ئەندامانیشی هەنگاو هەڵێنێت و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی داوە خولی راهێنانی هونەری و ورزشیش بەرێوە ببات. لە سەر ئەو ئەو خولانەش دەتوانم ئاماژە بە خولێكی سیاسی-سەربازی  و هەر وەها خولی وەرزشی "جۆدۆ و "مەلە" و خولێك تایبەت بە تابلۆیەكی هەڵپەركێی كوردی بە شێوازی نوێ بكەم. لەلایەكی دیكەشەوە، سەردانی رێكخراوەكانی ژنان و ناوەند و سەنتەرە رۆشنبیریەكان و هەر وەها كەسایەتیە سیاسی و فەرهەنگیە بەناوبانگەكان، بەشێكی تر بووە لە چالاكیەكانی رێكخراوەی "كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات". وەكوو رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی، ناوەندە حكوومی و ناحكوومیەكانی باشووری كوردستان وەكوو "بەرێوەبەرایەتی بەدوواچوونی توند و تیژی" و لایەنە حكوومیەكان وەكوو پارێزگاری و ئاسایش و شوێنەكانی تر لە هەمان كاتدا بانگهێشتی زۆر كەسایەتی و لایەنمان كردووە تا سەردانمان بكەن و لە نزیكەوە لەگەڵ رێكخراوەكەمان و كار و ئەرك و چالاكیەكانمان ئاشنا بن. ئەوەش كاریگەریەكی بەرچاوی لە ناساندنی ئێمە لە ئاست كوردستانی باشوور هەبووە و بووە بە هۆی راكێشانی سەرنج و پاڵپشتی دارایی و مەعنەوەی ئەو لایەنانە و دەستمانی بۆ بەرێوە بردنی ئەركەكانمان لە پانتاییەكی بەربڵاوتر و بەرفراوانتر ئاوەڵا كردووە.
یەكێك لە چالاكیەكانی تری رێكخراوە، سەردانی بنەماڵەی پەنابەرانی رۆژهەڵات و گوێ گرتن لە كێشە و گرفتەكانی ژنانی پەنابەری رۆژهەڵات و هەوڵدان بۆ چارەسەری و گەیاندنی دەنگیان بە كار بەدەستانی حكوومەتی بووە، جگە لەوەش رێكخراوەكەمان چەندین جار سەردانی كەمپەكانی دەرەوەی شاری كردووە، كە زۆربەی دانیشتوانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتین و لە هەلوومەرجێكی زۆر دژواردا بەسەر دەبەن.
 لێرەدا رێكخراوە هەوڵی داوە یارمەتی ئینسانیی لە ناوەندە حكوومی و ناحكوومیەكان بۆ ئەو پەنابەرانە كۆ بكاتەوە و لە لایەكی ترەوە، بە ناساندنی خۆی لەو شوێنانە ئەندامی رسمی ورگرێت و بە دیاری كردنی نوێنەری تایبەت، وێڕای بەرێوەبردنی ئەركی رێكخستن، وەكوو پردێك لە نێوان ئێمە و كێشەكانی ژنانی ستەم لێكراوی ئەو كەمپانە دەربكەون تا لەم رێگاوە بتوانین هەنگاوی ئەرێنی و كاریگەر بۆ چارەسەری گرفتەكان هەڵێنین.
بێ گومان ئامانجی ئێمە لە سەردانی ئەو كەمپانە تەنیا "ژنان" نەبووە، بەڵكو وەكوو ئەركێكی ئینسانی-نەتەوایەتی، هەر تاكێكی ئەو كەمپانە لە روانگەی ئێمە جێگای سەرنج بووە و خۆمان لە كردەوەدا شەریكی مەینەتی و ئاوارەگی و دوورە وڵاتی ئەو خۆشەویستانە زانیوە.
كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات، هەوڵی داوە تا لە بچووكترین دەرفەت و ئیمكان بۆ كاری خێر خوازانە لە ئاست كۆمەڵگای دەورووبەری خۆی كەڵك وەربگرێت، بۆ وێنە ئێمە لە رێگای ناوەندی خێرخوازی "بارزانی" بانگهێشتی تیمێكی پزیشكی "پزیشكانی بێ سنوور" كرد كە لە بارەگای ناوەندی و لە بینای كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات ئامادە بوون و خزمەتگوزاری پزیشكیان بە ئەندامانی كۆمەڵە و هەر وەها خەڵكی گوندەكانی دەورووبەرمان دا؛ هەر وەها كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات خولی هوشیاری و خزمەتگوزاری تەندرووستی و كۆمەڵایەتی و دەرونی بۆ ژنانی گوند لە لایەن فەرمانگە ناحكومیەكان بۆ زۆربەی دێهات و گوندەكان بە هاوكاری مامۆستایانی زانا لەو بوارانەدا بەڕێوە برد. دڵنیاین كە لە داهاتوودا بە هیوا و هێزیكی زۆرترەوە ئەو ئەركەمان درێژە پێ دەدەین و هیچ پێوانەیك جگە لە مرۆڤایەتیش بۆ شێوە و رێژەی خزمەتگوزاریەكان لای ئێمە مانای نیە. لەلایەكی دیكەوە، ئێمە هەوڵمان داوە وەكوو لایەنێكی ئەكتەر و چالاك، سەربەخۆیی و هێزی خوڵقێنەری رێكخراوەكان بسەلمێنین و ئەوەش وەكوو بەشێك لە پرۆسەی ئامادە بوون بۆ چالاكی و بەرێوە بردنی ئەركی گەورەتر لە داهاتوو كەڵكی لێ وەرگرین و هەر وەها ورەی ئەندامانمان بۆ بەشداری لە چالاكیە كۆمەڵایەتیەكان بەرینەكانی بەرزتر بكەینەوە. ئەوەش لە بیر نەكەین كە كۆمەڵەی ژنان داهێنەر و بەڕێوەبەری یەكەمین كۆنفرانسی گشتی "ژنانی رۆژهەڵات" لە باشووری كوردستان بووە. بیرۆكەی رێكخستنی یەكەمین كۆنفرانسی "ژنانی رۆژهەڵات" بە بەشداری ژنانی چالاكی رۆژهەڵات، لە دەرەوەی ئێران و هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و چالاكانی مەدەنی، بێ گومان لە لایەك لە جیهانی ئەمرۆ بۆ دەستەبەر كردنی ئامانجی هاوبەش، كاری هاوبەش پێویستە و لە لایەكی دیكەوە، نەتەوەی كورد و بە تایبەت ژنی كورد لەم قۆناغەدا پێویستی بە یەك ریزی و یەك دەنگی هەیە تا بتوانێت ئامانجی باڵای خۆی بپێكێت. هەر وەها "كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" هەوڵی داوە پێوەندیەكی چروپڕی لە گەڵ ژنانی ناوخۆ یان دەرەوەی كوردستان پێك بێنێت؛ ژنانی ناوخۆ خاوەن گرنگی تایبەتن، بە تایبەت ئەوەی كە لەگەڵ ئاستەنگ و لەمپەری بەربڵاو بەرەو روون، هەر ئەو پێوەندیەش وای كردووە كە توانیومانە لە چالاكی نهێنی ژنانی ناوخۆ بۆ وێنە لە بۆنە تایبەتەكان وەكوو 8ی مارس كاریگەری باشمان هەبێت و بە یارمەتی یەكتر، ژنانی چالاكی ناوخۆ شان بە شانی بەشەكانی دیكەی جووڵانەوەی نەتەوایەتی گەلەكەمان، بۆ خۆیان و بە شێوەیكی سەربەخۆ، چالاكی نهێنی بكەن .
كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەلات لە چەندین ولاتی دیكە لەوانە ئاڵمان، سوید، دانمارك، نۆروێژ، هۆلەند بە شێوەیی كومیتەیی لە لایەن ئەندامانی خۆی سەرقاڵی بەرەو پێش بردنی كار و چالاكیەكانیان بوون. ئەوەش لە بیر نەكەین كە كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات لە وڵاتی هۆلەند و هەر وەها لە كوردستانی باشور لەلایەن رێكخراوە ناحكومیەكان بە شێوەی رەسمی سەبت كراوە و وەكوو ئێن جی ئۆ كار و چالاكیەكانمان رادەپەڕێنین. كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات نەك تەنیا لە پانتای سیاسیدا، بەلكوو لە پانتای نیزامیشدا، وەك چۆن هەمیشە نەریتی ژنانی كۆمەڵە بووە، بەشداری نیزامی بەرچاویان كردووە و هەمیشەش ئامادە بوون بۆ راپەڕاندنی ئەو كارە كە دەتوانین بۆ نموونە ئاماژە بدەین بە بەشداری ژنانی كۆمەڵە لە بەرەكانی شەری دژ بە داعش لە ناوچەكانی باشووری كوردستان و بەرەنگاری ئەو رێكخراوە ئیسلامیە بوونەوە كە بە راستی دژ بە هەموو بنەمایەكی مرۆڤایەتین.
هەموو ئەو بابەتانەی باس كرا، سەلمێنەری گرینگی كاری رێكخراوەییە لە سەردەمی ئێستادا.  ئێمەش بە هەموو توانامانەوە، سەرەڕای درێژەدانی هەموو كار و هەوڵەكانی پێشومان، ئەركی سەرەكی و كاری داهاتوومان خستووەتە سەر بە رێكخراوەیی كردنی ژنان و دەرهێنانیان لە حاڵەتی تودەیی و بێ دەسەڵاتیەوە بە ژنانێكی سازمان دراو و ووشیار كە هەم بۆ ئێستای بزوتنەوەی بەرینی كوردستان و خەبات بۆ كۆمەڵگایەكی یەكسانی خواز و داد پەروەر، كە هەموو پێوەرەكانی دێمۆكراسی خوازی تیایدا زیندووە و بەرچاون و هەم بۆ دوارۆژی دامەزراندنی ئەو كۆمەڵگا پێشكەوتووە رێخۆشكەر و سەرمایەیەكی وزە بەخشن.
لە درێژەی هەوڵەكانمان ئاماژە بە چەند شت، كەم كە پیم وایە پیویستە، ئاماژە دەكەم. بۆ كاری داهاتوومان غافل نابین لە بەرێوە بردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی وەك دانانی باخچەی ساوایان بۆ منداڵانی گوند، كە ئێستا لە دوای هەوڵی چەند ساڵەی كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات، شوێنی بۆ دیاری كراوە و لە هەوڵی ئامادەكردنی بینا و پێداویستیەكانی دیكەیەتی و بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو پرۆژەیەش پێویستی بە هاوكاری  رێكخراوە  مرۆڤ دۆستەكانە و زۆر كاری دیكەی لەو شێوەیە وەك: دابین كردنی سێرڤیس بۆ هاتووچۆی منداڵان لە دێهاتە دوور لە شارەكان بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی وەك ژنان خشتێكمان خستبێتە سەر بینای پەروەردە لە كوردستاندا. لەلایەكی دیكەوە، پیوندی و هاوكاری زیاترمان بخینە گەر لەگەڵ لایەن و ڕێكخراوەكانی ژنان و بە تایبەتی رێكخراوەكانی ژنانی باشوور و خوشكانە و هاودنگ و یەكگرتوو لە پێناو دستەبەر كردنی مافە رەواكانی ژنان بەگشتی و ژنانی كوررد بە تایبەتی، كاری سیاسی و كومەلڵایەتی ئەنجام بدین.


PM:12:12:13/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 281 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌