فێدراسیونی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران دەستپێکی خولی دووهەمی کارەکانی راگەیاند

فێدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە هەڵبژاردنی سکرتێرو چەندین پۆستی تر دەستپێکردنی خولی دووهەمی کارەکانی خۆی راگەیاند.

ئاسۆی رۆژ: رۆژی دووشەممە 3ی دێسامبری 2012 بە پێی راگەیەندراوی فێدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران کۆتایی خولی یەکەمی کارەکانی خۆی راگەیاندوەو دەستپێکی خولی دووهەمی کارەکانی راگەیاندوە. ئەم فێدراسیونە پێکهاتوە لە هەموو ئەو رێکخراوەنەی کە کار دەکەن بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لە خۆلی دووهەمدا سکرتێری فێدراسیون و  وتەبێژو چەندین پۆستی تر هەلبژێردراوە.

 ئاوات قورەیشی کە وەک سکرتێری ئەم فێدراسیونە هەڵبژێردراوە  ئەم فێدراسیونە بە ئەزموونێکی نوێ وەسف دەکات و لەسەر مەبەستی دانانی ئەم فێدراسیونە لە لێدوانێکی کورتدا بە ئاسۆی رۆژ ئەڵێت: دامەزراندنی فێدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لە خۆیدا ئەزموونێکی تازەو بەرهەمی هاوبیری و تێکۆشانی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵاتە بە جۆرێک کە هەر لە خاڵی دەسپێکەوە چ وەک ئیدەی فێدراسیونەکە و چ وەک پرۆسەی دامەزراندنی چوارچێوە و قەوارە، هەتا بەڕێکردنی دەورەیەکی کاری ئەو فێدراسیونە، جۆرێکی تازە لە هاوکاری تەجرەبە کراوە کە بێگومان پێویستە دووپات و چەندپات بێتەوە.
 سکرتێری فێدراسیونی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران وتیشی: ئێمە لەو فێدراسیونەدا خاڵە هاوبەشەکانمان بە هێز کردووە و مافی هەبوونی جیاوازیی لە گەرایشی سیاسی و جیهانبینی و روانینی پرسە جۆراوجۆرەکەمان  بۆ  یەکتری و بۆ خۆمان بە رەسمی ناسیوە و هیوادارین بە گەشەپێدانی هەرچی زیاتری ئەو کلتورە لە داهاتوی خەباتی لاوانی کوردستان لە عەینی هاوخەباتیدا. هەروەها بۆ دەورەی تازەی کاری ئەو فێدراسیونە کۆمەڵێک پلانی تازەمان هەیە کە تێدەکۆشین لە بە ئەنجام گەیاندنیاندا سەرکەوتوو بین. 


راگەیاندنەکە لە خوارەوە ببینە: 

راگەیاندنی كۆتایی دەورەی یەكەم و دەسپێكی دەورەی دووهەمی كاری فێدراسیونی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ئێران

بەم جۆرە بە ئاگاداری هەمووان و دڵسۆزانی بواری خەباتی لاوانی كوردستانی دەگەیەنین كە كە فێدراسیونی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ئێران رۆژی دووشەممە رێكەوتی3/ 12/2012 كۆبوونەوەی گشتی و كۆتایی دەورەی یەكەم و هەڵبژاردنی سكرتێر و دەستەی بەڕێوەبەری تازە و بەرپرسی بەشەكان، بۆ دەوری دووهەمی كارەكانی، بە میوانداری یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە برد.

لەم كۆبوونەوە گشتییەدا كە نوێنەرانی سەرجەم رێكخراوە پێكهێنەرەكان بەشدار بوون، لە فەزایەكی هاوكاری و هاوخەباتیدا، ئەزموونی دەورەی رابردوو وەك ئەزموونێكی پڕبایەخ بۆ خەباتی لاوانی كوردستان كە تێیدا بناغەكانی هاوكاری و هاوخەباتی و لێكتێگەیشتن و كرانەوەی درگاكانی دیالۆگ و ئاڵ و گۆڕی بیرورا لە نێوان لاوانی خەباتكاردا، بە بیر و باوەڕی جیاوازەوە بونیاتنراوە، بەنرخ هەڵسەنگێندرا و سەبارەت بە كۆمەڵێك كار و پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ دەورەی تازە گفتوگۆ كرا.

لەم كۆبوونەوە گشتییەدا جیا لە هەڵبژاردنەكان و دانانی پلانی تازە بۆ هاوكاری زیاتر و دەركردنی چەند بڕیارێكی ئیجرایی نوێ بۆ فیدراسیونەكە، باس لە دیاری كردنی رۆژی 12ی جوزةردان وەك رۆژی لاوانی كوردستان كرا كە لەو رۆژەدا 59 لاوی كوردی مهابادی بە دەستی كۆماری ئیسلامی ئێعدام كران و بڕیارە لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەو فێدراسیونەدا ئەو بابەتە دەنگی لە سەر بدرێت.

لە هەڵبژاردنەكانی ئەو كۆبوونەوە گشتییەدا هاوڕی ئاوات قورەیشی لە كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵاتەوە بۆ سكرتێری فیدراسیون و هاوڕێ حیسام احمدی لە یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە بۆ وتەبێژیی فێدراسیونەكە هەڵبژێردران و هەروەها هاوڕێ مەنسوور سەممار لە یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ بەشی پێوەندییەكان و تەوار شەریفی لە كومیتەی لاوانی یەكیەتی شۆڕگێڕانەوە بۆ بەشی راگەیاندن و فوئاد جەعفەری لە ناوەندی خەباتی لاوانەوە بۆ بەشی ماڵی هەڵبژیردران.

رێكخراوەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەی كۆتایی دەورەی یەكەم و دەسپێكی دەورەی دوهەمی كاری فێدراسیونی رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ئێران بریتی بوون لە:

1: یەكییەتی لاوانی دێمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان

2: ناوەندی لاوانی پێشڕەو

3: ناوه ندی خه باتی لاوانی کوردستانی ئیران
 
4: یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

5: كومیتەی لاوانی یەكیەتی شۆڕشگێرانی كوردستان

6: كومیتەی لاوانی یەكییەتی دێمۆكراتیكی كوردستان

7: كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

PM:08:01:04/12/2012




ئه‌م بابه‌ته 965 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌