ساڵی رابردوو لە ئێران نزیكەی ١٠٠٠ كەس لەسێدارەدراون

رێكخراوێكی ناسراوی ئێرانی باس لهئەوە دەكات كە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ئێران "ساڵی ڕەش" بووە و ڕوونیشیدەكاتەوە كە لەو ساڵەدا ٩٦٧ شارۆمەندی ئێرانی بەشێوازی جیاجیا لە سێدارە دراون.

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باس لە لەسێدارەدانی ٩٦٧ هاوڵاتی ئێرانی لە ساڵی ڕابردوو دەكات و دەڵێت ٩٥%ی ئەو لە سێدارەدراوانە كە لە ناوچە ئیتنیكییەكان بەڕێوەدەچن بڵاوناكرێنەوە. 

لەو ڕاپۆرتەدا كە هەشتەمین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانییە كە ڕێكخراوێكی ناسراوە و بارەگاكەی لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە و (مەحمود ئەمیری موقەدەم) سەرۆكایەتی دەكات هاتووە، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥، سزای لەسێدارەدانی ٩٦٧ هاوڵاتی لە زیندانەكانی ئێران بەڕێوەچووە كە ١٩ كەسیان ژن بوون.

ئەم ئامارە لەحاڵێكدایە كە ساڵی پێشتر لەئێراندا ٧٣٥ كەس لە سێدارەدرابوون و بەم پێیە رێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠١٥ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری ٢٩% بەرزبووەتەوە و بەشێوەیەكەی بەردەوام رۆژانە ٢ هەتا ٣ كەس لەسێدارەدراون.

بەپێی داتاكانی ئەو ڕێكخراوە، ٦٣٨ كەس تەنیا بەهۆی تاوانەكانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە لەسێدارەدراون كە دەكاتە ٦٦%ی كۆی لەسێدارەدراوان. دوای تاوانەكانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكان، زیاترین رێژەی لەسێدارەدان بەهۆی "كوشتنی بەئەنقەست" بووە كە ٢٠٧ كەس بەهۆی ئەو تاوانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و سزاكەیان جێبەجێكراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاشیگەیاندووە:  "كە ٩٥%ی ئەو لەسێدارەدراوانە كە لەناوچە ئیتنیكییەكان بەڕێوەدەچێت حكومەتی ئێرانی ڕێگا بە بڵاوبوونەوەیان نادات لە میدیاكاندا و هەروەك لە ساڵی ٢٠١٥دا  ١٣ كەس بەهۆی چالاكیی سیاسی و ئەمنیەوە لە سێدارەدراون كە ٦ كەسیان كوردبوون.

ڕاپۆرتەكە ڕوونیشیدەكاتەوە كە "١٠٥ كەس لە زیندانەكانی پارێزگای سنە لەسێدارەدراون كە بەشی هەرە زۆریان كوردبوون، بەپێی ڕاپۆرتەكە ٧٦ كەس لە زیندانی ئورمیە، ١١ كەس لە زیندانی كرماشان، ١٠ كەس لە سنە، ٥ كەس لە لوڕستان و ٣ كەس لە زیندانی ئیلام لەسێدارەدراون.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان لەئێراندا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر بووە، بە چەشنێك بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٨ ئەو ڕێژەیە ٣٠٠% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە، چونكە لە ساڵی ٢٠٠٨ تەنیا ٣٥٠ كەس لەسێدارە دراون، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ئاشكرایشدەكات كە "لەماوەی دوو ساڵ و نیوی دوای هاتنە سەر كاری حەسەن رۆحانی وەك سەرۆك كۆماری ئێران ٢١٦٢ كەس لەسێدارەدراون كە بە بەراورد بە ئامارەكانی پێش ئەو ڕێكككەوتە ڕێژەكە ٦٧% بەرزبووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە كە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥دا، ٢٦٢ هاوڵاتی كە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، بەهۆی ڕەزامەندی و لێبوردنی لایەنی سكاڵاكەر ڕزگاریان بووە و سزاكەیان جێبەجێ نەكراوە.


PM:03:09:10/03/2016




ئه‌م بابه‌ته 475 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌