کۆنفڕانسی زانستی "کورد و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کانی جیهان" به‌ڕێوه‌ چوو

ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەمە ۲۷ی ڕێبەندان لە ھۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستان کۆنفڕانسی زانستی "کورد و فەرھەنگی نەتەوەکانی جیھان" لە سنە بەڕێوە چوو.

ئاسۆی رۆژهەڵات: ئەم کۆنفڕانسە بە ھاوکاری ناوەندی کوردناسی لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.

یەکەم وتاری ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن دوکتور بەختیار سەجادی و لە ژێر ناوی "لێکدانەوەی ڕەخنەگەرانە لە ڕوانینی ڕۆژھەڵات‌ناسانەکان بۆ کورد" پێشکەش کرا و وتی: ئێمە کاتێک لە بابەتە ڕۆژھەڵات ناسییەکان لەسەر کورد دەڕوانین ھەر لە یەکەم خاندا دەبێت ڕابوەستین و سەبارەت بە وشەی "کوردۆلۆژی - Kurdology" لە خۆمان بپرسین ئایا ئەم دەستەواژەیە درووستە، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین دەبێت لە خۆمان بپرسین؛ ‌ئایا ئێمە فەڕەنسی لۆژیمان ھەیە، عەرەب لۆژیمان ھەیە، ئاڵمانی لۆژیمان ھەیە؟ دەبینین ھیچی ئەمانە بوونی نییە کەواتە ئەم دەستەواژەیە یەکەم خانی خراپ تێگەشتنی ڕۆژئاوایە لە کورد.

دوکتور سەجادی درێژەی دا: یەکەم جار واسیلی نیکیتین لە سالی ۱۹۳۲ لە گۆڤارێکی فەڕەنسی لەم دەتسە واژەیە سوودی برد. ئەو جەختی کرد: یەکەم خەساری شلگێرانەی ئەم دەستە واژەیە ئەوەیە کە ئێمە دەکەوینە بازنەیەکی تەنگی جۆرناسیەوە،‌ وەک کەل و پەل ناسی، ئەمە ئێمە کێشەیەکی مەعرفی گەورە لە ھەمان سەرەتا لەسەر کورد درووست دەکات، بەڵام لە جێگەی ئەمە دەبێت دەست واژەی "توێژینەوە لە کورد – Kurdish Studies" بەکار ببەین کە بۆ ھەموو گەلانی دیکەش ھەر لەم تێرمە سوود دەبرێت.

ئەم مامۆستای زانکۆیە وتی: ئەوەی کە گرنگە و ئێمە دەبێت لەم باسەدا ڕچاوی بکەین ئەمەیە کە ئێمەی کورد بە ھۆی ڕۆژھەڵاتەناسە ئەوروپییەکان بە قەوارەیەکی فراوان بە جیھان ناسێندراوین و کتێبەکانیان بە زمانە ئەورووپییەکان نووسراوە. دوکتور سەجادی درێژەی دا: بەڵام لە خوێندنەوەدا ئەوەی کە نابێت فەرامۆشی بکەین ئەمەیە کە ھەر کام لەم کەسانە بە چ ھۆیەک ئەم کارەیان کردوە و ئەمە دەتوانێت ھاندەرێکی باش بۆ ئێمە تاکوو بە درووستی ڕەخنەیان بکەین، بۆ نموونە قەشەیەکی ئیتالیایی بە ناوی گاتسۆنی وەک باوکی کوردناسی ناسراوە، بەڵام ئەم قەشەیە لە لایەن واتیکانەوە ئەم ئەرکەی پێدرابوو کە ئەنجیل بکاتە کوردی و لە نێو کوردەکان بڕەوەی زیاتر بە ئەنجیل بدات و ھاوکات لەگەڵ ئەم سەردانانەی یادداشتەکانی خۆی لەسەر کورد بۆ واتیکان دەنووسێتەوە، واتا ئێمە بەم شێوە دەتوانین باشتر خەسارناسی نووسینەکانی ئەم قەشەیە بکەین و ڕاست و درووستەکانی لێک جیابکەینەوە.

دوکتور حەسەن سەرباز دووھەم کەس بوو کە وتارەکەی خۆی لە ژێر ناوی "کورد لە سەرچاوە ئیسلامییەکان" پێشکەش کرد و وتی: من سەرتا بۆ ئەوەی گرنگی باسەکە بخەمە ڕوو کە چۆن کورد لە لایەن خودی موسوڵمانانیشەوە ڕۆژھەڵات‌ناسییەکی دیکەی بەسەر ھاتووە، دەبێت ئاماژە بە چەند ئایەتیکی قورئان بکەم کە تێیدا باسی جیاوازای زمانەکان و نەتەوەکان لە جیھاندا دەکات و ئەمە جیاوازییە بە کەرامەتی خودا دەزانێت و لە ھەمووشی گرنگ‌تر لە ئایەی دواتردا دەڵێت ئەم جیاوازیانە نیشانەیەکی زیاترە بۆ زانایان تاکوو زیاتر لێکنزیک ببنەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەن.

ئەم مامۆستای زانکۆیە درێژەی دا: ئەم ئایانە ئەوەندە ڕوون و ئاشکرایە کە تەنانەت تەفسیر ھەڵگریش نین، بەڵام سەیر ئەوەیە کە لە سەدەی ۴ی ئیسلامی بەملاوە کتێبی مامۆستایان و موفەسرانی دین و قورئان پڕ دەبێت لە بابەتی دژە کورد، کە زۆربەشیان جەختیان لەسەر ئەوەیە کە بیسەڵمێنن کورد لە نەوەی جنۆکەیە و نابێت زەماوەندیان لەگەڵ بکەن و شتیان لێ بسێن و یان پێیان بفرۆشن.

دوکتور سەرباز درێژەی دا: ئەم بابەتە ھەم لە سەرچاوە شیعییەکاندا ھاتووە ھەم لە سەرچاوە سونییەکاندا، لە سەرچاوە شیعیەکان وەک حەدیس لە زمانی ئیمامی سادقەوە ڕەوایەتی دەکەن و سەرچاوە سونییەکانیش وەک حەدیس لە پیغەمبەری ئیسلام ڕەوایەتی دەکەن کە حەزرەتی عومەر پشت ڕاستی کردوەتەوە، بەڵام تاکوو سەدەی ۴ ھیچ حەدیسێکی وەھا بوونی نەبووە و لەم سەدە بەولاوەیە کە ئەم حەدیسە ساز دەکرێت کە وەک سەرتاش وتم دژی دەقی سەرێحی قورئانیشە.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکەدا دوکتور نەجمەدین جەباری وتارەکەی لە ژێر ناوی "سیمای کورد لە دەقە ئەدەبیە کوردییەکان" پێشکەش کرد و وتی: ئەو وێنەیەی کە دەقە فارسی و عەربی و تورکی و ڕۆژئاواییەکان لە کوردیان نیشان داوە بە تەواوی جیاوازە لەو وێنەیەکی کە کورد لە خۆی لە کتێبە ئەدەبییەکانی خۆی نیشانی داوە.

ئەو درێژەی دا: بە لای منەوە شەڕف خانی بەدلیسی باوکی کورد و ئەدەبی کوردییە، واتا ئەگەرچی شەرف‌نامە بە زمانی فارسی نووسرا، بەڵام دەقێق لە دوای ەم کتێبەیە کە بە دەیان شاعر و ئەدیبی کوردیی سەر ھەڵدەدات و ئەدەبیاتی کوردی لە دایک دەبێت. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێەوە کە شەرف‌خانی بەدلیسی لەم کتێبە بۆ یەکەم جار نەستی کورد لەو خەوە مێژووییەی ڕادەچڵەکێنێت و ھۆشیارییەکی کوردی بە سایکۆلۆژیای کوردیی دەبەخشێت، ئەم ڕاچڵەکانە ھەمان ھۆی لە دایک بوونی ئەو ھەموو شاعرە کوردەیە لە دوای شەرفخانەوە.

دوکتور جەباری لە درێژەدا وتی: ئەدەبی کوردی گۆڕانکاری زۆری بە خۆوە دیوە، واتا ئەم ئەدەبە ھەوڵی داوە تاکوو ئیگۆی ڕاستەقینەی کوردی بە دەوروبەری خۆی بناسێنێت و چون ئەم کوردە پێشتر سیما و پێناسەیەکی بۆ دڕاژبوو ئاوا بە ناچاری دەکەوتە بەرانبەرکێی ئەو سیمایەی کە پێشتر لێیان درووست کرد بوو، ئەمەش دەبووە ھۆی ئەوەی کە لە زۆر جێگەدا ئەم ئەدەبیاتە سەرکوت بکرێت، بەڵام ئێمە دەبینین کە تاکوو ئەمڕۆ کەم تا کورت ئەم بوونە بەردەوامە لە ناساندنی خۆی.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکە دوکتور ئەحمەد پارسا وتارەکەی بە ناوی "ڕەنگدانەوەی کورد لە دەقە فارسییەکان" پێشکەش کرد و وتی: سیمای کورد لە زمانی فارسیشدا بە دوو جۆری باش و خراپ بە کار ھاتووە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوە کە تێبگەم چی بووەتە ھۆی ئەوەی ئێمە لە زمانی فارسیدا ھەم کەمڕەنگ بین ھەم خراپ لێشمان تێگەیشتبێتن، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کورد لە ئێران ھەمیشە ئەوە بووە کە ھەم لە ڕووی جوغرافیەوە و ھەم لە ڕووی سیاسیەوە لە ناوەند زۆر دوور بووە،‌ ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە کەسانێک بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان کوردیان لە دەقە ئەدبییەکانی خۆیان و بە دڵی خۆیان کێشابێتەوە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە درێژەی دا: بەڵام کاتێک کە ئێمە لێک نزیک بوون دەبینین ئەم سیما ناشرینە یەکسەر ۱۸۰ پلە خۆی دەگۆڕێت، بۆ نموونە شاعیری بە ناوبانگی ئێرانی کاتێک دێتە سنە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئایتەوڵڵا مەدوخ ئاشنا دەبێت شیعرێک لە وەسفی ئایەتوڵڵا دەنوسێت کە بە دەگمەن عارفی قەزوینی وەھا شێعرێکی بە کەسێکدا وتبێت، عارف قەزوینی بە ئایەتوڵا مەردوخ دەڵێت؛ سنە سەھلە ئێرانیش بۆ تۆ ئەندێشەکانت بچووکن و تکات لێدەکەم بێن بۆ تاران، بەڵام ئایەتوڵا قبووڵی ناکات.

دوکتور پارسا درێژەی دا: یان کەسێکی وەک شەفیعی کەدکەنی کە بۆ کەس شێعری نەوتووە شێعرێکی بۆ ۸۱ ساڵەگی محەمەد قازی نووسیوە کە بەڕاستی جێگەی شانازیە، واتا کێشەی سیمای کورد لە ئەدەبی فارسیدا جۆریەکە لە لەیەک تێنەگەیشتن لە نێوان ئەم دوو زمانەدا کە ھۆکەیشی زیاتر بۆ دووریان لەیەکتر دەگەڕێەوە و ھەرچی زیاتر لە یەک نزیک دەبنەوە زیاتر دەبنە ھاوڕێ، بە تایبەتی کە زمانی فارسی زیاتر دەکوێتە ژێر کاریگەری زمانی کوردیەوە.

AM:11:56:18/02/2016




ئه‌م بابه‌ته 1162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌