میدیاكانی ئێران: بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی راپرسیی سەربەخۆیی كوردستان پێداگرە

پاش بڵاوبوونەوەی پەیامی "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پێداگری و سووربوونی حکوومەتی ھەرێم و نەتەوەی کورد لەبارەی بەڕێوەبردنی راپرسی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس، میدیاکانی ئێرانیش گرنگیان بەم پرسە داوە.

ئاسۆی رۆژھەڵات: ئاژانسی "ئیسنا" کە یەکێک لە ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە راگەیاندنی ئەوەی کە ھیچ کەس ناتوانێ پێش بە کورد بگرێت کە مافی خۆیان بەدەست بێنن، یان حاشایان لێ بکات و کاتی ئەوەش ھاتووە راپرسیی سرەبەخۆیی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت." لە درێژەی راپۆرتەکەی ئیسنادا ئاماژە بەو خاڵەی پەیامەکەی بارزانی کراوە کە دەڵێ: "ھەندێ لە بەرپرسانی وڵاتانی ناوچە قسە و ھەڵوێستی نابەجێ لەبارەی چارەنووسی خەڵکی کوردستان و راپرسی دێننە گۆڕێ کە من بەو لێدوانانە سەرم سووڕ دەمێنێ."

ئیسنا ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتر "یەکێتیی ئەورووپا" رایگەیاندبوو کە لە دۆخی ئێستادا دژی بەڕێوەچوونی راپرسیی ھەرێمی کوردستانە. لە درێژەی پەیامەکەی بارزانیدا ھاتوووە: "بەڕێوەچوونی راپرسی بە واتای راگەیاندنی دەوڵەتی سەرەخۆیی نییە، بەڵکوو دەرخستنی ئیرادەی خەڵکە ھەتا رێبەرانی سیاسی ئیرادە و بڕیاری خەڵک لە کات و شوێنی گونجاودا بەجێ بگەیەنن. ئەگەر خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوە بن کە خەڵکی دیکە سەربەخۆییان پێ ببەخشن، ھیچکات ئەم پرسە نابەتە ئاراوە."

ھاوکات ئاژانسی "ئیرنا" کە ئاژانسی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە نووسیویە بارزانی لەو باوەڕە دایە کە پرۆژەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان مافی بێ ئەملا و ئەولا و رەوای خەڵکی کوردستانە." ھاوکات دوێنێ رۆژنامەی "کەیھان" کە رۆژنامەیەکی سیاسی و نزیک لە خامنەییە لە راپۆرتێکدا باسی لە سەربەخۆیی کوردستان کردووە و نووسیویە: "لێدانی خەندەق لە ناوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان راستیی ئەم پرسەیە و بەپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاریی "ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسرائیل و سعوودیە بەتەمای راگەیاندنی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانن."

بەشێکی زۆر لە میدیاکانی ئێران بەو ئاراستەیەدا ھەواڵی پرسی سەربەخۆیی کوردستان رووماڵ دەکەن کە پلانی رۆئاوا و ئەمەریکایە بۆ دابەشبوونی عێراق، نەک مافێکی رەوای نەتەوەیی کورد.

PM:03:40:09/02/2016




ئه‌م بابه‌ته 397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌