خەتەنەکردنی ژنان جینایەت دژی مرۆڤایەتی

ن: سروە فەتاحی


(٦ فێوریە، رۆژی جیھانی خەبات بۆ نەھێشتنی خەتەنەی ژنان)

خەتەنەکردنی ژنان وەک یەکێک لە نیشانەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە نەبوونی زانیاری و نائاگایی کۆمەڵگادا سەرچاوە دەگرێ. خەتەنە یەکێک لە بەرچاوترین دیارەکانی توندوتیژی دژی ژنانە. رۆژی شەشی فێوریە، رۆژی جیھانی پێش گرتن لە خەتەنەی ژنان ناساندراوە و ماوەی چەند ساڵە کە چالاکانی ماف مرۆڤ و ژنان لە ھەوڵی بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە دان. رێژەی ژنان و کچانی خەتەنە کراو لە جیھان دا زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن کەسە. خەتەنەی ژنان لە دنیادا مێژوویەکی چەند ھەزار ساڵەی ھەیە و پێ‎داگری لە سەر ئەوە دەکرێ کە نە تەنیا شەرع پشتیوانی دەکا بەڵکوو سەرچاوەی کلتووریشی ھەیە. ئەو مەسەلەیە بۆ کلتووری پیاوسالاری کۆمەڵگە دواکەوتوەکان دەگەرێتەوە کە ژنان بە درێژایی تەمەنیان لە ژێر رکێفی پیاوان دا دەمێننەوە.

پیاوان بۆیان گرینگ نیە کە ژن لە کاتی سێکس دا چێژ وەردەگرێ یان نا، ئەوان وەک ھەموو شتێکی دیکە لەو کارەشدا ھەر خۆیان لە سەرووتر دەزانن و پێیان وایە ژن تەنیا وجوودی ھەیە کە چێژ بە پیاو ببەخشێ. لە لایەکی دیکەشەوە پێی وایە ژنی خەتەنەکراو پابەندی ژیان و مێردن ھەر بۆیە پێیخۆشە ژن وەک کۆیلە لە ژیانیدا بمێنێتەوە و کاری تەنیا چێژبەخشین بەو بێ. بە پێی ئامارەکان ساڵانە زیاتر لە ٣ میلیۆن کچ لە جیھان دا خەتەنە دەکرێن. ھۆکاری خەتەنەکردنی کچان لە فەرھەنگی ئاسیا و ئافریقادا زاڵ بوون بە سەر ھەستی جنسی و راگرتنی پەردەی کچێنی تا کاتی ھاوسەرگیرییە.

خەتەنە لە راستیدا بڕینی شوێنێک لە ئەندامی زاووزێی ژن بە نێوی "کۆلیتوریس"ە کە بە بڕینی ئەو بەشە ھەستی ژنانەیی دەمرێ و ژن تا کۆتایی تەمەنی چێژ لە سێکس وەرناگرێ. خەتەنە شێوازی جۆراوجۆری ھەیە کە وەحشیانەترین شێوە لە سوودان ئەنجام دەدرێ. لەو شێوەیە دا کۆلیتوریس بە گشتی لادەبردرێ و دەرەوەی ئەندامی زاو و زێی کچ دەدووردرێتەوە تا ئەو کاتەی کە ئەو کچە ژیانی ھاوسەری پێک دێنێ و ھەر کاتیش کە ئەو ژنە ھاوسەرەکەی لە دەست بدا یان بە ھەر ھۆکارێک ھاوسەرەکەی لێی دوور کەوێتەوە دووبارە ئەندامی زاو و زێی ژن دەدووردرێتەوە. 

بە باوەڕی بیرمەندانی ئەو سووننەتە، ئەو دیاردەیە نەفسی ژن دەپارێزێ و ژن تووشی زینا نابێ.  پاراستنی پەردەی کچێنی و پێوەندی نەگرتنی سێکسی لەگەڵ ھیچ پیاوێک تا کاتی ھاوسەرگیری و ھەروەھا دوای لە دەست دانی ھاوسەریش ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەو کردەوەیەن. خەتەنە یان نوقستان کردنی ئەندامی زاووزێی ژنان زیاتر لە لایەن ژنانی پیر و ماما ناوچەییەکان ئەنجام دەدرێ. ئەو کەسانە بە بێ رەچاوکردنی خاڵەکانی بێھداشتی و پاکوخاوێنی و بە کەرەستەگەلێکی زۆر پیس وەک تیغ، شووشە، چەقۆ، بەرد یان ھەر شتێکی تیژ... بە بێ کەڵک وەرگرتن لە ھیچ دەرمانێک بۆ لە بەین بردنی ئازاری لەشی ئەو کچە منداڵە بە بێ‌بەزەییانەترین شێوە مل دەنێن لە بڕین و لابردنی بەشێک لە لەشیان و بۆ ھەتاھەتایە ھەستی ژنێتیان لێ دەستێننەوە.

زۆر لە زانایان پێیان وایە کە ئەو دیاردەیە تایبەت بە "سامییەکان"بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ عەرەبەکان زۆر پابەندی ئەوەن و لایەنگرییەکی توندی لێ دەکەن. لە نێو عەرب دا ناخۆشترین جنێو "کوڕی دایک خەتەنە نەکراوە". چوون ژنی خەتەنە نەکراو ھەستی سێکسیان زۆرترە و پێیان وایە ئەوە دەبێتە ھۆی بەلارێداچوونی ئەو ژنە، و بە ناپاک و داوێن پیسی دەزانن تەنانەت زۆر باسکراوە و بیستراوە کە شتی دەستی ژنێک کە خەتەنە نەکراوە حەرامە و نابێ بخورێ.

لەو دیاردەیەی کە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و دواکەوتوو و پیاوسالار لە سەر ژنان ئەنجامی دەدەن ھێندێک کەس بە دژی وەستاون و بە نامرۆڤانە و سەدەی ناوەراستی دەزانن و ھێندێکیش (کەسانی لایەنگری ئایین) پشتگیری لێ دەکەن ئەویش تەنیا لایەنە سوننەتیەکەی لێک دەدەنەوە و چێژ وەرگرتن لە مەسایلی جنسی تەنیا بە پیاوانەوەی گرێ دەدەن و ژن لەو واقیعە بێبەش دەکەن.

نوقستان کردنی ئەندامی زاووزێی ژنان (خەتەنە) کردەوەیەکە کە چێژ وەرگرتن لە سێکس لە ژنان دا تا رادەیەکی زۆر، یان بە تەواوی لە نێو دەبا. ئەو کردەوەیە زیاتر لە نێوان ژنانی عەرەب باو بووە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆر لە باشوری ئێران و کوردستانیشی گرتۆتەوە. خەتەنەکردنی ژنان لە لای چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان توندوتیژی دژی ژنان بە ئەژمار دێ و بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی ژنان پێشێل دەکرێ و زیانی زۆر دەگەیەنێ بە سڵامەتیان و ھەر بۆیە رۆژی ٦ی فێوریەیان وەک رۆژی جیھانی دژی نوقستان کردنی ژنان ناساندوە.

بە پێی ئامارێک کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان باسی دەکا، تا ئێستا لە نێوان ١٢٠ تا ١٤٠ میلیۆن کچ خەتەنە کراون و ھەموو ساڵێکیش زیاتر لە ٣ میلیۆن کچ لە جیھان دا ئەو کردەوەیان لە سەر ئەنجام دەدرێ. لە باشووری ئێران و کوردستانیش ژنانێکی زۆر تووشی ئەو حاڵەتە ھاتوون کە زۆربەیان لە تەمەنی ٤ بۆ ٥ ساڵی خەتەنە کراون و ئێستاش زۆر کچ لە خەتەری رووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەو کلتوورە قێزەونە دان. زۆربەی ئەو منداڵانە لە لایەن ژنانی بەساڵاچوو و مامانە ناوچەییەکان بە دانی وەعدە و وەعید لە لایەن دایک، خوشک، مامان و.... دەکێشرێنە شوێنی خەتەنە کە شوێنێکی زۆر پیسە و بە کەرەستەی زۆر سەرەتایی و دوور لە پاک و خاوێنی ئەو کارەیان لە سەر ئەنجام دەدرێ و ژیانی پڕ لە دەرد و ئازاری ژنان دەست پێدەکا بێ ئەوەیکە بۆخۆیان لە چارەنووسیان دا رۆڵێکیان بووبێ.

خەتەنەکردنی ژنان دەرئەنجامی زۆر خراپ ھەم لە سەر جەستەی ژن و ھەم لە سەر رووح و رەوانی  ژن دادەنێ. خەتەنە زیان بە کۆ ئەندامی زاووزێ دەگەیەنێ، دەبێتە ھۆی خوێنرێژی، ئەگەری تووشبوون بە شۆک یان تەنانەت مردنی کچەکە بە ھۆی کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی پیس و تووشبوون بە ئیلتھاب لە بەشی ئەندامی زاووزێ، کەمبوونەوە یان نەمانی ئیشتیای جنسی و.... بەدوادوە دەبێ.

ھەروەھا بەشێک لە زیانە دەروونی یەکانی خەتەنەکردنی ژنان توشبوون بە خەمۆکی، ترس و دڵەڕاوکێ، ساردوسڕی پێوەندییەکان، دابەزینی ھەست و ئیشیای جنسی ژنانەیان و خۆشکردنی بوار بۆ سەرھەڵدانی کێشەی خێزانی و قوڵبوونەوەی ئەو کێشەو گرفتانە تا ئاستی تەڵاق و جیا بوونەوەیە. بردنە سەری ئاستی زانیاری خەڵک و تێگەیاندیان لەوەیکە ئەو دیاردەیە نەک پێگەو کەسایەتیی ئەوان بەرز ناکاتەوەو متمانەو دڵنیاییان پێ نابەخشێ، بەڵکوو جینایەتێک و کردەوەیەکی دژەمرۆییە کە دەرحەق ئەوان ئەنجام دەدرێ.

PM:03:50:06/02/2016




ئه‌م بابه‌ته 971 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌