كرماشان جه‌مسه‌ری هه‌نارده‌ی ئێران بێكارترین پارێزگای ئه‌و وڵاته‌یه‌

پارێزگای کرماشان کە خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی لەبارە و بەھۆی نزیک بوونی لەھەرێمی کوردستان و ساڵانە زیاتر لە ٥٠%ی ھەناردەی ئێران بۆ عێراق لەو پارێزگایەوە ئەنجام دەدرێت.

ئاسۆی رۆژھەڵات: کرماشان بە ھەناردەکردنی بڕی ٣ ملیارد دۆلار  کاڵا بۆ عێراق،  بەھاری ئەمساڵ وەکوو چالاکترین سنووری زەمینی ئێران دەستنیشان کرا ، ئەوەش بە پێی راپۆرتێکی ھەواڵدەریی حکومەتی "فارس". موحسین موستەفایی بەرپرسی گشتی ئیدارەی گومرکی پارێزگای کرماشان، پێشتر بە ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)ی رایگەیاندبوو" لەماوەی ١٠ مانگی رابردوودا ( ٢١ی ئادار ھەتا ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ )، بەبڕی ٥ ملیارد و ١١٩ ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانی ھەناردەی عێراق کراوە کە ١ ملیارد و ٩٨٧ ملیۆن دۆلاری لەرێگای خاڵە سنوورەکانی پارێزگای کرماشانەوە ھەناردە کراوە.

دەروازەی سنووری خوسرەوی کە مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی ھەیە بە یەکێک لە ١٤ گومرکی تایبەتی ئێران لە بواری ھەناردەکردنی بەرھەمە نەوتییەکان ئەژمار دێت. ماڵپەڕی فارس رایگەیاندووە، رۆژانە تیکڕا ٨٠٠ ھەتا یەک ھەزار بارھەڵگر لە سنووری پەروێزخان و ٢٥٠ بارھەڵگرە سنووری خوسرەوی کەلوپەلی ئێرانی ھەناردەی عیراق و و ھەرێمی کوردستان دەکەن.

سەرەڕای ھەبوونی ئەم دوو دەروازە سنوورییە چەندین بازاڕۆچکە لە سنووری ٢٠٠ کیلۆمەتری پارێزگای کرماشان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک شێخ سڵە ، پاوە، شۆشمێ، تیلەکۆ و سومار بکەین . ھەبوونی ئەم خاڵە سنوورییانە کەمترین قازانجیان بۆ خەڵکی ناوچەکە ھەبووە و لەئێستادا وەکوو بێکارترین پارێزگای ئێران بە ئەژمار دێت.

ناوەندی ئاماری ئێران، رێکەوتی ٢٠ی کانونی دووەم، راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە رێژەی بێکاری لە پارێزگای کرماشان بۆ ١٨.٦% بەرز بووەتەوە و لە بواری بێکارییەوە لە سەرووی ھەموو پارێزگاکان جێی گرتووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ساڵی رابردوو، ماڵپەڕی "کرماشان پۆست"  لە راپۆرتێکدا تیشکی خستبووە سەر دیاردەی بێکاری لەو پارێزگایە و خاڵە سنوورییەکانی کرماشان و رایگەیاندبوو، لەماوەی رابردوودا رێژەی بازرگانە ئازەرییەکان لە سنوورەکانی کرماشان زیادی کردووە.

سەرچاوە: خەندان

PM:12:06:03/02/2016




ئه‌م بابه‌ته 205 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌