چەن کۆبوونەوەی ناڕەزای لە لایەن ئۆپوزیسیونی کوردی و ئێرانی لە کاتی سەردانی روحانی بۆ پاریس

حەسەن روحانی، سەردانی ھەردوو وڵاتی ئیتالیا و فەرەنسای کرد، ئەوەش پاش دە رۆژ لە لابردنی سزا ئابوورییەکانی سەر تاران. ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی و حیزبەکانی رۆژھەڵاتیش چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دژ بە سەفەری روحانی بۆ فەرەنسا ئەنجام داوە.

ئاسۆی رۆژھەڵات: ھەر لەو پەیوەندییەدا و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانی و حیزبەکانی رۆژھەڵات چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دژ بە سەفەری روحانی بۆ فەرەنسا ئەنجام داوە.

ئەندامانی گرووپی فێمێن کە گرووپێکی فێمنیستییە ھاوشانی ئێرانییەکانی نەیاری ئەو سەردانە بە ڕووتکردنەوەی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. یەکێک لە ئەندامانی گرووپی فێمێن بە کەناڵی یۆرۆنیوزی راگەیاند" لەئێراندا ژنان لەمافەکانی خۆیان بێبەش کراون و لەسێدارە دەدرێن و ئێمەش بەم شێوەیە ناڕەزایەتی دەردەبڕین و داواکارین بەرپرسانی وڵاتی فەرانسە مافی مرۆڤ نەکەنە قوربانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان."

ئابووری وڵاتی ئێران کە لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا بەھۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لاواز بووە، دوای ھەڵگیرانی گەمارۆکان  ئەو وڵاتە بەنیازە رێژەی ھەناردە کردنی نەوتی خۆی بەرز بکاتەوە و بە گەڕاندنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران، ئابوورییەکەی نۆژەن بکاتەوە. رۆژنامەی ئێران چاپی تاران چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند کە ئێران بەنیازە لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەناردەی نەوتی نەپاڵێوراوی خۆی رۆژانە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرز بکاتەوە و پاش مانگێک ئەو رێژەیە دەگەیەنێتە ١ میلیۆن بەرمیل.

ئەمڕۆ ماڵپەڕی BBC لەراپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە ئێران و فەرەنسا رێک کەوتوون کە ١٨٨ فڕۆکەی ئێرباس لەلایەن ئەو کۆمپانیاوە رادەستی ئێران بکرێت. نرخی ئەو ١١٨ فڕۆکەیە ٢٥ میلیارد دۆلار راگێندراوە. روحانی لە سەفەرەکەیدا بۆ فەرەنسا کە لێژنەیەکی ١٢٠ کەسی لە ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی و بەرپرسانی بازرگانی ئێران یاوەری دەکەن، بڕیار وایە ٢٠ گرێبەستی ئابووری واژۆ بکات.

ھەروەھا بڕیارە پاش ٤ ساڵ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلی پێژۆ بۆ جارێکی دیکە چالاکییەکانی لەئێران بە مەبەستی مۆنتاژ کردنی ئۆتۆمبێلی ھاوبەش دەست پێ بکاتەوە. ئەو کۆمپانیایە بە پێی رێکەوتنێکی پێشوو  خۆی دەبوو ھەتا ساڵی ٢٠١٧ ساڵانە ٢٠٠ ھەزار  ئۆتۆمبێل لەئێراندا بەرھەم بێنێت، بەڵام ساڵی ٢٠١٢ و دوای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران، کۆمپانیای پێژۆش چالاکییەکانی لەو وڵاتە راگرت.

سەرۆک کۆماری ئێران لەسەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا لەگەڵ ھەر یەک لە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوە و فڕانسوا ئۆلاندا سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی ئەنجام دا. پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و فەرەنسا لەکاتێکدایە کە ئۆلاندا سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پرێس کۆنفرانسیکی ھاوبەش لەگەڵ روحانی رایگەیاندووە : " باشتربوونی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران گرێدراوە بە پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە چوارچێەوە رێکەوتنی ناوەکەی". حەسەن روحانیش بەڵێنی بە سەرۆک کۆماری فەرەنسا داوە کە ئێران پابەندە بە بەڵێنەکانی.

سەرچاوە: خەندان

AM:10:04:30/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 475 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌