لە ساڵی رابردوودا ٧٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە

ئاماری کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لە کوردستانی رۆژھەڵات بڵاوکرایەوە و لە ساڵی رابردوودا ٧٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە ‌و زیاتر لە نیوەیان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، ئەمە بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانه.

ئاسۆی رۆژھەڵات: بنەماڵەی کۆڵبەرانی کوژراو کە قسەیان بۆ ئەو تۆڕە کردووە، باسیان لەوەکردووە لەھەندێک حاڵەتدا ھێزە ئەمنییەکان تەرمی کۆڵبەرانیان بەدوای خۆیاندا راکێشاو، لەھەندێک حاڵەتی دیکەشدا لە بەرانبەر رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان بە بنەماڵەکانیان داوای پارەی ئەو گوللانەیان کردووە کە کۆڵبەرانیان پێ پێکاوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتەکەیدا شیکردنەوەی یاسایی بۆ دۆخی کۆڵبەرانی کورد کردووەو ئاماژەی بەوەکردووە بەپشت بەستن بە بڕگە و ماددەکانی سیستمی یاسایی ئێران، کۆڵبەریی بە تاوان نازانرێت ‌و کوشتنی کۆڵبەران بە"کوشتنی بە ئەنقەست " لەقەڵەم دەدرێت. لە پێشەکی راپۆرتەکەی ئەو تۆڕەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەدیاردەی کۆڵبەری لە زۆربەی وڵاتان کراوە و تێیدا ھاتووە "لەگەڵ ئەوەی کە کێشەی ئابووری ‌و قاچاغچی کاڵا  لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا بوونی ھەیە، بەڵام لە ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا خەڵک بەھۆی گواستنەوەی چەند کارتۆن چا یان چەند تۆپ قوماش و ناکوژرێن".

ھەرچەند لەدوای راوەستانی شەڕی ئێران ‌و عیراقەوە کوژرانی کۆڵبەران لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی ئەو راپۆرتە لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە و پاش دامەزراندنی (رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغی کاڵا و پارە) رێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد بەرزبووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەماوەی ساڵی رابردوودا، ٤٤ کەس بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون ‌و ٢١ کەسیش برینداربوون، ٧ کەسی دیکەش بەھۆی خنکان لە ئاودا، سەرمابردوویی ‌و رووداوی دیکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەم ئامارە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکاری بەرانبەر کۆڵبەرانی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەخۆ ناگرێت ‌و تەنیا ئەو حاڵەتانەن کە لەلایەن (تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان)ەوە تۆمارکراون ‌و کۆکراونەتەوە. بەپێی راپۆرتەکە کە ١٣ لاپەڕەیە، کۆڵبەرانی کورد تەنیا بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان ھەموو ئەو مەترسییانە بەگیان دەکڕن ‌و لە ئێران ‌و بەتایبەت لە کوردستاندا، بەھۆی روانینی ئەمنییانەی دەسەڵاتی ئێران لە بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری ‌و فەرھەنگییەکاندا، بەشێوەی توندوتیژیانەش لەگەڵ ئەم کێشە ئابوورییەشدا دەجووڵێتەوە.

ئەو جۆرە روانینەش بووەتە ھۆی ئەوەی کەسانی ئاسایی و شوانەکانی سەر سنووریش لە گولـلەی ھێزە ئەمنییەکان بێبەش نەبن، لەکۆی ئەو ٧٢ کەسەی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستداوە ٤ کەسیان شوان بوون‌و کەسێکیش کۆڵبەر نەبووە و تەنیا بەگومانی ئەوەی کە کۆڵبەرە لەلایەن ھێزەکانی سەر سنوورەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، ئەمە بەپێی ھەمان راپۆرت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی لەگەڵ بنەماڵەی چەند کەس لەو کوژراوانەدا قسەی کردووە و ئەوان وتویانە کە ھێزە ئەمنییەکان لە ٣ حاڵەتی ئەو کوشتنانەی کۆڵبەران لەساڵی رابردوودا، تەرمەکانیان راکێشاوە و لە ھەندێک حاڵەتیشدا لەبەرانبەر رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان بە بنەماڵەکانیان داوای پارەی ئەو گوللانەیان کردووە کە کۆڵبەرانیان پێ پێکاوە. زۆرترین ئاماری کوژرانی کۆڵبەران لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ئورمیە) تۆمار کراوە و بەپێی راپۆرتەکە لە شاری پیرانشار  ٨ حاڵەت ‌و لە مەریوان ٦ و لە ھەریەک لە شارەکانی ئورمیە و سەردەشت  ٥ حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەران تۆمار کراون.

لەباری تەمەنیشەوە ٤١.٧%ی کوژراوان لە گروپی تەمەن ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ  و ٢٠.٨% لە سەرووی ٣٠ ساڵ بوون‌و ٣٣.٣% ی کوژراوان تەمەنیان نەزانراوە، ھەروەھا ٢.٨%یان تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ و ١.١٤% تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە. دوو لاپەڕەی راپۆرتەکە تەرخان کراوە بۆ شیکردنەوەی یاسایی دۆخی کۆڵبەرانی کورد و تێیدا بە پشتبەستن بە بڕگە و ماددەکانی سیستمی یاسایی ئێران کۆڵبەریی بە تاوان نازانرێت ‌و کوشتنی کۆڵبەرانیش بە "کوشتنی بە ئەنقەست " لە قەڵەم دەدرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر ئەو بروایەیە کە لەو رووەوە کە سزای یاسایی لە یاسای ئێراندا بۆ کاری کۆڵبەری پێناسە نەکراوە، کۆڵبەری بەپێی ماددەی ٢ی یاسای سزای ئیسلامیی، تاوان نییە و ھەر جۆرە دەستدرێژییەک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەر گیان ‌و ماڵی کۆڵبەران، پێشێلکردنی یاساکانی ئێران ‌و مافە نێودەوڵەتییەکانە.

ھەروەھا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەپێی بەندی ٢ی ماددەی ئەلف لە یاسای قاچاخی کاڵا، ئەگەر نرخی ئەو کاڵایە کەمتر لە یەک ملیۆن تمەن ( ٣٤٠ ھەزار دینار) بێت، ئەوا ھیچ سزایەک بەرەو رووی تاوانبار نابێتەوە، لەو رووەوە کە کۆڵبەران ئەو شت و کاڵایانەی کە دەیگوازنەوە نرخەکەی کەمترە لەو بڕە پارە دیاریکراوە، کەوابوو تەنیا دەتوانرێت سزا بدرێن یان دەستبەسەر کاڵاکانیاندا بگیرێت. "بەڵام لە کردەوەدا نەک ھەر کاڵاکانیان زەوت دەکرێت، بەڵکو خۆشیان بەبێ ئەوەی تاوانەکەیان رابگەیەندرێت ‌و بەبێ ھیچ دادگایی کردنێک، دەکەونە بەر دەستدڕێژی گولـلەی ھێزە ئەمنییەکان".

لە راپۆرتەکەدا، بێکاری، نەبوونی ژێرخانی ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار، جیاوازیکردن لە تەرخانکردنی بودجەی ساڵانەی کوردستان بەراورد بەشوێنەکانی دیکە، نەبوونی سەرمایەگوزاری لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، کانزاکان و گەشتوگوزاری و بە گشتی سیاسەتی بێبەشکردن‌و ھەژار ھێشتنەوەی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەگرنگترین ھۆکارەکانی پەرەسەندنی کۆڵبەری لە قەڵەم دراون، کە خەڵک سەرەرای ئاگاداربوون لە مەترسییەکانی بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانیان رووی تێدەکەن. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی سەربەخۆ و ناحکومییە، ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دەستی چەندین پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دامەزراوە.

بڵاوکردنەوەی راپۆرتی رۆژانە لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە سێ زمانی کوردی، فەرەنسی و فارسی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی رێکخراو، تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ‌و بەڵگەمەندکردنیان بەشێوەی نووسراو و ڤیدیۆیی، ناساندنی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەریان، پێکھێنانی بانکی زانیاری لەسەر زیندانیانی سیاسی کورد لە ھەموو زیندانەکانی ئێران ‌و ئامادەکردنی راپۆرتی بەڵگەنامەیی ساڵانە لەسەر پێشێلکاریی بەرانبەر کۆڵبەران ‌و کاسبکارانی کورد، لە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەن.

سەرچاوە: خەندان


PM:04:05:28/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌