ھاوکات لەگەڵ سەردانەکەی روحانی: ٩٠% خەڵکی فەڕانسە ئێران بە رژیمێکی نادیمۆکراتیک دەناسن

ھاوکات لە گەڵ سەردانەکەی سەرۆک کۆماری رژیمی ئێران بۆ فەڕانسە، لە راپرسیەکدا دەرکەوتووە، زۆربەی خەڵکی فەڕانسە لە سەر ئەو باوەڕن کە "وڵاتی ئێران وڵاتێک نیە وەکوو ھەموو وڵاتانی دیکەی دوونیا".

ئاسۆی رۆژھەڵات: بە پێی راپرسیەکی دامەزراوەی "ایلاب" کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی فەرانسە لە سەر ئەو باوەڕن کە تاران ھیچ رێزێک لە ئازادیە بنەڕەتیەکان و دێمۆکڕاسی  دانانێت، لەم راپرسیە کە لە ٢٢ تا ٢٦ی ژانویە ئەنجام دراوە، ٨٩ لە سەد واتە لە ھەر ١٠ نەفەر خەڵکی فەڕانسە ٩ نەفەر لە سەر ئەو باوەرن کە رژیمی ئێران مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و ئێران بە تەواو نادیمۆکراتیکە. ھەروەھا ٨٨ لە سەدی خەڵکی فەڕانسە لە سەر ئەو باوەڕەن کە رژیمی ئێران مافی کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینییەکان پێشل دەکات.

سەبارەت بە چاوپێکەوتن و سەفەرەکەی روحانی لە فەڕانسە خەڵک بیری جیاوازیان ھەیە، ھەندێک لە خەڵک لە سەر ئەو بڕوایەدان کە نابێت رێبەرانی وڵاتێک کە ھیچ مافێکی مرۆڤ لە بەرچاو ناگرن لە وڵاتەکەیان رێ بدەن و پێشوازیان لێ بکەن، ٤٨ لەسەدی خەڵکی فەرانسەش بە پێچەوانەوە لەم چاوپێکەوتنە پشتیوانیان کرد و دەڵێن: بۆ ئەوەی کە بتوانین لە مەنافع ئابووریمان پشتیوانی بکەین مافی ئەوە دەدەین کە سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دیکە سەردانی وڵاتەکەمان بکەن.

 بۆ ٥٦ لە سەدی ئەوکەسانەی کە پرسیاریان ئاراستە کراوە لایەنێکی ڕاستی فەڕانسە ئەمە وەک" رئال پولتیک"، بە پێچەوانەکەشیەوە ٤٤ لە سەدی لایەنگرانی چەپی ئەو وڵاتە باسی ئەوە دەکەن کە فەڕانسە نابیت رێبەرانی وڵاتانی دیکتاتور لە خاکەکەی قەبوڵ بکات. لایەکی دیکە لە خەڵک دەڵێن کە پاریس پێتەخی فەڕانسە دەبێت لە دژی سزای ئێعدامەکان گوشار بخاتە سەر ئێران. سەرباری ھەموو ئەم کێشانە، ھەندێک لە خەڵکی فەرانسە رایانگەیاندوە کە دەبێت ئەرزشەکانی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر وڵاتانی دیکتاتور بەرەنگاری لێ بکرێت.

لە ھەر ١٠ کەس ، ھەشت کەس دەڵێن کە فرانسوئولاند دەبێت لە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ رۆحانی مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران باس بکات ، و ھەروەھا ٦٥ لە سەد لە لایەنگرانی چەپ دەڵین کە سەرۆک کۆمار ئۆلاند لەم چاوپێکەوتنە دەبێت سەبارەت بە پێشیل کاری لە ڕادەبەدەری مافی مرۆڤ لە ئێران رۆحانی مەحکوم بکات.

وا بڕیارە ٢٨ -١ -٢٠١٦ حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران لە رۆماوە بگاتە پاریس و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە، لە بەرانبەردا ٥٤ چالاکوانی سیاسی، مەدەنی و رێکخراو و پارتی سیاسی و مەندەنیی کوردستانی باشوور و رۆژھەڵات بە بلاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئەم سەردانەیان ئیدانە کردووە. بڕیارە رەوەندی کوردی و چالاکوانانی سیاسی کورد لە کاتی گەیشتنی رۆحانی بۆ فەرەنسا خۆپیشاندان ساز بکەن.

AM:10:49:28/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌