رێکخراوێکی بەریتانی: کورد لە ئێران لە نەتەوەکانی دیکە چالاکترن

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی رێکخراوێکی بەریتانی کوردەکان لە ئێراندا لە نەتەوە و ئیتنیکەکانی دیکەی ئەو وڵاتە چالاکترن. ھەروەھا لەو سمینارەدا ئاماژە کراوە کە "لە ساڵی 2015دا لە ئێران 927 کەس لەسێدارە دراون".

ئاسۆی رۆژھەڵات: رێکخراوی "سماڵ میدیا" کە ناوەندەکەی لە شاری لەندەنە و سەبارەت بە بابەتگەلی ئەنتەرنێت و پرسی مافی مرۆڤ و رێکخراوە مەدەنییەکان چالاکی دەکات، راپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی رێکخراوەکانی مەدەنی و ھەلومەرجی ژیانی کرێکاران و پێگەی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئائینیەکان بڵاو کردەوە و لە ھەمانکاتدا بۆ باس لەسەر دۆخی نەتەوەکانی ئێرانی و تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانە کۆبوونەوەیەکی لە واشنتۆن پێکھێنا.

رەحیم رەشیدی رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی کورد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی باسنیوز رایگەیاند لەو کۆبوونەوەیەدا کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ جنێڤ، بەشدار بوو، ئەمنیش وەک رۆژنامەنووسی کورد بە نوێنەرایەتیی گەلانی ئێران یەکێک لە وتاربێژانی ئەو کۆبوونە بەشداریم کرد کە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدانی چالاکوانانی کەمایەتییەکان و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد وتارێکم پێشکەش کرد.

رەشیدی لەو بارەوە گوتی: "تەنیا لە دەورانی حەسەن رۆحانیدا ٩٢٧ کەس لەسێدارە دراون کە زۆرینەیان سەر بە نەتەوەکانی ژێرستەمن، ھەروەھا ٦٨ کەس لە ماوەی ھەفتەکانی رابردوودا و لە بەرەبەرەی کێبڕکێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا ئێعدام کراون." راشیگەیاند" لە گوتارەکەمدا باسم لەوە کرد کە ھاوکات ١٦ کەس لەو ئێعدام کراوانە منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون." لە بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران ئاماژەی بەوە کرد "کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٧١ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون و لە پاڵ ئەمەش بوونی پتر لە ٢٠ ملیۆن مین لە کوردستان بە بەردەوامی ژیان و گوزارانی خەڵکی خسووەتە مەترسییەوە."

رەشیدی لە بەرامبەر پرسی لابردنی گەمارۆکان ئاماژەی بەوە کرد "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە ئابووریی ئێران لە دەستی دەوڵەت و سوپای پاسداران دایە، چاوەڕوان ناکرێ کە ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بێ، جاران نرخی یەک بەریمل نەوت پتر لە ١٠٠ دۆلار بو، کەچی ئێستا بۆتە ٢٥ دۆلار و لە پاڵ ئەمانەشدا، ئێران بە کردەوە لە عێراق بەحرێن و لوبنان و سووریا ھێزی ھەیە و دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە دەکات و ئەوەش تێچووی زۆری بۆ ھەڵدەگرێ." ئەوەشی خستەڕوو لە درێژەی گوتارەکەمدا ئاماژەم بەوەش کرد "کە ئێران ھەموو کاتێک کە دیالۆگ لەگەڵ رۆژاواییەکان دەکات، ئەوا رەوتی سەرکوت و کوشتار لە نێوخۆ توندتر دەکاتەوە و سیاسەتی چاکسازیخوازەکان و کۆنەپارێزەکان لە ھەمبەر پرسی نەتەوەکان لە ئێران وەکوو یەکە."

لە کۆتاییدا گوتیشی "کۆرگێڕان لەو باوەڕەدا بوون کە سەرەڕای ھەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان کوردەکان لە ئێراندا لە نەتەوەکانی دیکە چالاکتر و رێکخراوترن و ئەمن ئەم بابەتەم بۆ ژیانی سیاسیی و حیزبی و خەباتی ئازادیخوازانە لە کوردستان گەڕاندەوە و ئاماژەم بەوە کرد کە کۆڕەکە لە ٧٠ھەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بەڕێوە دەچێ کە بۆ کوردەکان گرینگییەکی بەرچاوی ھەیە". چڤینەکە لە بنکەی سەرەکیی "ایکس" بەرێوە چوو کە ناوەندێکی توێژێنەوەی مافی مرۆڤە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێ وھاوکات وەڤدێکی وەزارەتی دەرەوەش ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

AM:11:17:25/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌