راگەیاندنی كۆتایی پێنجەمین پلینۆمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە

 بەپێی پێڕەوی ناوخۆی كۆمەڵە هەر شەش مانگ جارێك پلینۆم دەگیرێ. كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە هەڵبژێردراوی كۆنگرەی 14 هەر بەپێی ئەو ڕاسپاردەیەی پێڕەوی ناوخۆ لە رۆژانی رابردوودا پێنجەمین پلینۆمی خۆی بە بەشداری هەموو ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی، جێگرەكان وهاوكارانی بەڕێوەبرد.

    ئاسۆی رۆژهەڵات: پلینۆم سەرەتا بە سرودی" بانگەواز" سر‌وودی ڕەسمی كۆمەڵە و دەقیقەیەك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەی هەموو گیانبەختكردووانی كۆمەڵە دەستی پێكرد. پاشان لێژنەی ئامادەكاری پلینۆم كە لە ماوەیەك لەوەو پێشەوە بۆ ئامادەكاری پلینۆم دیاری كرابوو ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بە بەشدارانی پلینۆم كرد.

    خاڵ وبابەتەكانی دیاریكراو بۆ پلینۆم تا ببنە دەستوری كاری پلینۆم كەوتنە بەر دەنگدانی هاوڕێیانی پلینۆم و ئەم خاڵانە پەسەندكران:

1- ڕاپۆرتی سیاسی سكرتێری گشتی كۆمەڵە 2- ئەرك و ئەولەویەتەكانی ئەم دەورەیە 3- هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی
    لە ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی كۆمەڵەدا تیشك خرایە سەر ڕ‌ووداوەكان و ئاڵوگۆڕەكانی پێشهاتوو لە نێوان دوو پلینۆمدا، كە لە سێ تەوەری گرینگ واتە  ئێران، ناوچەكە و كوردستان پێكهاتبوو.

ئێران:
      لە ڕاپۆرتی سیاسی كە هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتەدی پێشكەشی پلینۆمی كرد لە سەر ئێران بە وردی ڕ‌ووناكی خستە سەر  ڕێككەوتن و شكستی ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمی  و هاتنە كایەی " بەرجام" و پاش "بەرجام"  كێشە و ململانێ ناوخۆییەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران و قەیرانی ئابووری، هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان كە لە رۆژانی داهاتوودا لە ڕاگەیاندنێكدا هەڵویستی كۆمەڵە سەبارەت بە هەڵبژاردن بڵاودەكرێتەوە. پێكهاتنی كۆمەڵێك هاوپەیمانی ناوچەیی دژی سەرەڕۆییەكانی ئێران و كێشەی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودیە لەم دواییانەدا.  ئیعدامەكان و  مەسەلەی مافی مرۆڤ ، خەبات و ناڕەزایەتی خەڵك و كۆمەڵگای مەدەنی دژی نیزامی كۆماری ئیسلامی و هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە بارودۆخی ئێستای ئێران،ناوەرۆك و كاكڵی خاڵە گرینگەكانی ڕاپۆرتە سیاسیەكە لە سەر ئێران بوون.

بارودۆخی ناوچەكە:
    لەم بەشەی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی كۆمەڵە ئاماژە بەم باسانە كرا.  ئاڵۆزتربوونی ناوچەكە لەڕووی سیاسی، ئابووری و پەرەگرتنی زیاتری شەڕو ناكۆكی بە نیسبەت چەند مانگی ڕابردوو. پاشەكشەی داعش و لێوەرگرتنەوەی بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی ژێردەستی، دەورو نەقشی وڵاتە زلهێزەكان لەم شەڕانەدا، بەرگری ئازایانەو لە خۆبووردویی هێزی پێشمەرگە لە كوردستانی باشوور، هەروەها بەرگری هێزەكانی كورد لە ڕۆژئاواو وەستانەوە لە ڕووی داعش بە گرینگ و خاڵی وەرچەرخان بۆ كورد وەسف كرا. هاتنی ڕ‌ووسیا و كێشەی نێوان توركیا و روسیا، تێكچوونی پەیوەندی نێوان عەرەبستان وئێران و ئاكامەكانی، مانەوەی رژیمی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، ناسەقامگیری لە عێراق و كێشە نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها كۆی دەستێوەردانەكانی ئێران لەم ناوچەیە. هەر لەم بەشەدا هەڵسەنگاندنێ بۆ بارودۆخی كوردستانی رۆژهەڵات، هەرێمی كوردستان، بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای كوردستانی باكورو رۆژئاوا كرا، سەرەڕای جیاوازی بارودۆخی هەر كام لەم بەشانەی كوردستان گرینگی یەكگرتووی كورد بە پێویست زانرا لە هەموو بەشەكانی كوردستان كە دەكەوێتە چەقی ئەم ناوچە ئاڵۆزە كە بوەتە شوێنی ملمڵانیی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ناوچە و وڵاتە زلهێزەكان.

     ئەرك و ئەولەویەتەكانی كۆمەڵە:
لەم بەشەدا تەئكید لە سەر دروستی هەڵویستە سیاسیەكان و پێشبینەكانی پلینۆمی پێشوو بە گشتی و بەتایبەتی بڕیانامەكەی كرایەوە
     بۆمب دانانەوەی كۆماری ئیسلامی و هەوڵەكانی دیكەی رژیم بۆ زەربەلێدان لە كۆمەڵە، چۆنیەتی پاراستی كۆمەڵە لە بەرابەر پیلانەكانی رژیم كە ماوەیەكە بە شێوەیەكی بەرچاو هەست بە هەوڵ و جموجۆڵەكانیان دەكرێ. هەوڵدان بۆ باشتر كردن باری ئابووری كۆمەڵە، گۆڕان و باشتر كردنی بوارەكانی راگەیاندنی كۆمەڵە كە گونجاو بێ لەگەڵ ئەم سەردەمە.كاری رێكخستن و چۆنیەتی پەرەپێدانی لە ناوخۆی وڵات هەوڵدان وپەرەپێدان وپتەوتركردنی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لە ئاستی نێونەتەوەیی، ناوچەیی و كوردستانی. كاركردن بۆ جێەجێ كردنی چەند خاڵێكی پێڕەوی ناوخۆ، هەوڵدان بۆ زیاتر دامەزراوەتر كردنی ئۆرگانەكانی حیزب لە هەموو بوارەكاندا گرینگترین ئەرك و ئەولەویەتەكانی ئەم دەورەیەی رێبەری كۆمەڵەیە. جێی ئاماژەیە كۆی ئەم باسانە لە پلینۆمدا لە لایەن هاوڕێیانی بەشداری پلینۆم بە وردی تاوتووی كران و پێشنیارو تێبینیەكان لە بەرچاوگیران، لێكدانەوەیان لە سەر كراو سەرئەنجام پەسەندیش كران. شیاوی باسە بەشی زۆری ئەم راپۆرتە لە رۆژانی داهاتوودا لە رۆژهەڵات تیڤی بڵاو دەكرێتەوە.
ئاخرین خاڵی كاری پلینۆم هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی كۆمەڵە بوو، پلینۆم بە كۆی دەنگی ئەندامانی خاوەن دەنگ هاوڕێیانی پێشووی دەفتەری سیاسی هەڵبژاردەوەو دواتر كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا.

كۆمیتەی ناوەندیی
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
25/ بەفرانباری/1394
15/ژانویەی/2016







AM:08:04:17/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 1657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌