توندوتیژی دژی ژنان و پاڵنەرەکانی

ئا: فەرانەک ئەڵماسی


توندوتیژی دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە بەڵکو جیھانییە و تایبەت بە شوێنێک یان وڵاتێک نییە، بەڵکو بە پێی بەڵگەکان و ھەواڵەکان و راپورتی مافەکانی ژنان و ئەوەی کە خۆمان دیتومانە  لە ھەر شوێنێک ژن ھەبێت توندوتیژیش ھەیە، جا چ بە شێوەی نھێنی بێت یان چ بە شێوەی ئاشکرا، توندوتیژی سنووری نییە ، ژنان چ لە ماڵەوە بن ، چ لە دەرەوە بن، چ خوێندوار بن،چ نەخوێندوار و سەرقاڵی کار ی نێو ماڵ بنە، چ لە بواری ئابوری دوڵەمەند بن و چ ھەژار و دەست کورت بن، چ جوان بن و چ ناشرین بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی جینسی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و تەنانەت سێکسیش دەبنەوە.

توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی جیھانییە و لە ئێستادا ھەموو میدایاکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە،کۆمەڵێک تایبەتمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی و و سیاسی و ئابوری لە پشتە، ئەگەرچی  بەو پێیە توندوتیژی دژی ژنان کات و شوێنی تایبەتی نییە و ھەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چ بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و چ بە کۆمەڵگای دواکەوتوو دەگرێتەوە. ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک ، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵو ومامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، .بە پێی دەرەنجامی لێکۆلینەوەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ و خراپی دەبێت لەسەر ژن وەک تاک بەڵکە کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری دەبێت لە سەر تەندروستی خێزان و کۆمەڵگا ، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیرازەی خێزان و کۆمەڵگاش لێک بترازێت.

شێواز و رەھەندەکانی  توندوتیژی دژی ژنان

١: سەرەتا لە سەر توندوتیژی جەستەیی قسە دەکەن: بەھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان وەک لێدان ، سوتان ، بڕین و دڕین و کوشتن ، لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەواری توندوتیژی بە تەواوی بە جەستەی کەسی لێدراو دیارە، کە بە پێی نوێترین ئامارەکان ٢٥ % ژنانی کۆی  جیھان دا بەرەوڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە و ژنان لە ترس و یا لە بەر شەرم وحەیا و ئابرو چوون باسی لێوەناکەن و زیاتر بێدەنگی ھەڵدەبژێرن، ھەندێ جار ژنان وا بیردەکەنەوە کە ڕەنگە ئەرکەکانی خۆیان بەرانبەر بە ھاوسەرەکانیان لە نێو خیزاندا  یان کەسوکاریان بە باشی بە ئەنجام نەگەیاندووە ھەقی خۆیانە کە توندوتیژیان بەرانبەر بکرێت.

٢: توندوتیژی دەروونی: ئەم جۆرە توندوتیژییە بە رواڵەت ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و ناوەکی و دەروونییە و شمولی سووکایەتی پێکردن ، تانە، تەشەر، جنێودان، بێ حورمەتی لە لایەن کەسانی جگە لە بنەماڵەو خێزانی خۆیان، تۆقاندن و بەکارھێنانی زمانی رەق و تەق و ھەڕەشەو گوڕەشەیە. ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتر پێوەیە و کەسێک کە تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێت زیاتر گۆشە گیر و بێزار و خەمۆکە دەبێت و بە پێی وتەی پزیشکان ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن کەکەنەوە.

٣: توندوتیژی سێکسی:
ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە لایەن ھاوسەر و و کەسوکاری نزیکی ژنانەوە دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات. دەستدرێژی سێکسی و دووگیانبوونی زۆرە ملێ و لەباربردن و…. لە خۆ دەگرێت کە ئەم جۆرە لە توندو ت یژی ھیچکات لە دلی و جەستەی ژنان سارێژ نابێت .

٤: توندوتیژی خێزانی: باوترین شێوەی توندوتیژییە بە دژی ژنان کە تێدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانووی پرو پوچ و دواکەوتوانە بەرەو رووی توندوتیژی دەبنەوە ، دڵپیسی یەکێک لەو  ھۆکارە  سەرەکیەکان  و ھەندێ جار نەزۆکیش(نازایی و بچەدار نشدن) دەتوانێت ھۆکارێک بێت بۆ توند وتیژی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و بێکای پیاوان و توڕەبوون و ناھۆشیاری پیاوانیش خۆی ھۆکارێکە بۆ توندوتیژی.

٥: توندوتیژی کۆمەڵایەتی: زۆرجار بە بیانووی لادان لە نەریتی باو باپیران و لەکەدار کردنی شەرەف و ناموسی خێزان و ھەڵسوکەوتی ناشیاو و ئابرووبەرانە ژنان لە لایەن باوک و برا و ھاوسەر  و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. ھەندێ جار ژنان بە توندی دەکەونە ژێر چاودێری و ھەموو ئازادی و سەربەستییەکیان لێ زەوت دەکرێت و لەناو کەشوھەوایەکی پۆلیسی دا دەژین. بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لە بەرکردن و بێ بەری کردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە.

٦: توندوتیژی ئابووری: لەم جۆرە توندوتیژی دا ئەو ژنانەی کە لە دەرو  کار دەکەن ھەر چەند شان بە شانی پیاوان کاردەکەن بەڵام حەقدەستەکانیان،  کەمە و زۆر جار لە لایەن بەرێوەبەر یان ھاوکاران چ لە لایەنی جەستەیی یان دەروونی توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. یان لە ماڵەوە لە لایەن ھاوسەرەکانیانەوە  یان کەسوکاریان بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.ھەندێ کاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرین و لەمافی سروشتی خۆیان دوور دەخرێنەوە، دەست درێژ کردنی ژنان و سەر بە خۆ نەبوونی ژنان بە بواری ئابوریدا خوی سەرەکیترین و ھاندەرترین و کاریگەر ترین ھەنگاوە بۆ توندوتیژی نواندن دژی ژنان.

ھۆکارەکانی توندوتیژی بۆ سەر ژنان زۆر ن و تاکۆ ئێسا بە سەدان جار باسی لە سەر کراوە بەڵام لێرەدا ئاماژە بە قسەی فیلسوفێکی گەورە دەکەم سەبارەت بە سەرکەی ترین ھۆکاری توندوتیژی پیاوان دژ بە ژنان( فەیلسوفی بەناوبانگی "جان ئیتیوارت مل" لە  کتێبەکەی خوێدا " کە لە ژێر ناوی بە کۆیلە کردنی ژنان نوسراوە و چاپ و بڵاو کراوەتەوە،  لەسەر ئەو باوەردایە کە: سەرچاوەی بارودۆخی نالەباری ئێستای ژنان  بۆ سەرەتاکان، دروست بوونی کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە لە دەست پێکی مێژوو ، ژنان  خۆی وەک کۆیلەی پیاو بینی لەوانەیە ھۆکارەکەی بۆ لاوازی ھێزی جەستەیی بگەڕێتەوە , ھەروەھا دکتۆر (نادیە رمسیس) ئاماژە بەوە دەکات‌و دەڵێت” ئەو کاتەی کە پەیوەندی ژن‌و مێرد باشە یاسا وەدەر ناکەوێت, بەڵام ئەگەر پەیوەندیان خراپ بوو یاسا وەک شمشێر بۆ سەر ژنان دەردەکەوێت‌و گشت مافەکان‌و دەسەڵات‌و ھێز بۆ پیاو لە نێو دەستی یاسادایە بە بێ ئەوەی بۆ ئافرەت شتێ پێ بێت, لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا  واتە ئێران بە گشتی و کوردستانی رۆژھەڵات بە تایبەتی یاساکان ڕێخۆشکەرن بۆ زیاترو فراوانتر بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ژنان.

PM:05:38:07/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌