نەبی، ئەو نیشتمانەی تەرمی تۆی تێدا نەنێژرێت، کوا نیشتمانه

ن/ساسان ئەمجەدی


نەبی زەندی ناناسم، بەڵام نەبی زەندی مرد. نەبی زەندی خەریکە دەمرێت. نەبی زەندیان کوشت. کاتێ شۆڕش کرا، نەبی تازە پێگەیشتبوو. سمێڵێکی خنجیلانەی ھەبوو، جامانەیەکی رەش و چەرمگ و ھەمیشەش پێ دەکەنی. من نەبی زەندی ناناسم، بەڵام دەبێت لە بنکەکانی ناو شار ھاتووچووی زۆری کردبێت، نەبی. 

دەمێکە نەبی لە سنە نەمابوو، رۆژێ لە گەڵ رەفێقەکانی سەری خۆیان ھەڵگرت و چوون. لەو رۆژەوە کە نەبی و ھەڤاڵانی شاریان بە جێ ھێشت، بنکەکانیش چۆڵ و ھۆڵ، وەک قەور مردگیان لێ ھاتبوو. ھەندێ کەس دەیانگۆت، ئەم شارە قەد بنکە و شتی وای لێ نەبووە. دەیانگۆت بنکە ی چە و شت چە. بەڵام من قەد بڕوام بە قسەی ئەوانە نەکرد. دایکم رۆژ نەبوو باسی ئەو بنکانەم بۆ نەکات. دایکم نەبی و شتی ئەناسی. دەیگوت ئەو شەڕ ٢٤ رۆژەی "کورسانە"، وا خەلک باسی دەکات، ھەر نەبی و رەفێقەکان نەبی کردیان. جارێ لە شوێنێ خوێندم، ھیچ مرۆڤێ بە قەد ئەوانەی کە لە شاری خۆیان شەڕی مان و نەمان دەکەن، گیرۆدەی خاک نابن.

نەبی دەمێ بوو کۆچی کردبوو، بەڵام چەند جار بیستم دوای ئەو کۆچە بە کۆمەڵ و زۆرە ملێیە، ئەوان شارەکەشیان لە گەڵ خۆیان گواستەوە. دەڵێن ئەوەی پاش ئەوان بە جێ ما، سنە نەبوو. شارێکی ھاوشێوەی سنە بوو، کە ھیچێ لە سنە نەدەچوو، ناوەکەی نەبێت. بەڵام ئەوان ئەوەندە گیرۆدەی ئەو خاکە بوون، کاتێ کۆچیان کرد ھەموو خاکی ئەو شارەشیان لە گەڵ خۆیان برد و رویشتن. رۆیشتنێکی خێرا و لە ناکاو. خاکیش لە گەڵ ئەوان کۆچی کرد. کێ دەڵێ خاک توانای کۆچی نیە. ئێستا دەڵێن نەبی کۆچی کردووە، دەڵێن مردووە. زۆرێک لە دۆستانی نەبی کە لە گەڵ نەبی کۆچیان کرد، دوایی یان شەھید بوون یان دێقیان کرد. فرەیەکیان دێقیان کرد.

نەبی دەڵێ، داخی ئێمە، تەنیا داخی کۆچی خۆمان نەبوو. ئەو خاکەی کە ئێستا لە سنە و مەریوان و مەھاباد بە جێ ماوە، دەڵێن چی تر بۆنی نیشتمانی لێ نایەت. دەڵێم نەبی، نیشتمان لە پاش کۆچی ئێوە ون بوو. ئەوەی پاش ئێوە لەوێ بە جێ ما، نازانم ناوی چیە، بەڵام باوەرت بێ نەبی ھیچی لە نیشتمان ناچێت. دەڵێم نەبی، نیشتمان تۆی، تۆ! کە تۆ کۆچت کرد، نیشتمانیش کۆچی کرد. دەڵێم نەبی، ئەو شارەی تەرمی تۆی تێدا نەنێژرێت، کوا نیشتمانە. ئەو خاکەی تۆ نەگرێتە باوەش، کەی خاکی نیشتمانە. نەبی پێ دەکەنێ. نەبی ھەر ھەمیشە پێ دەکەنی. زۆر جەوان بوو نەبی کە ئەو شارەی بە جێ ھێشت. نەبی ناناسم، بەڵام زۆر غەریبی نەبی دەکەم.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیس بووکی ساسان ئەمجەدی

PM:05:04:31/12/2015




ئه‌م بابه‌ته 1229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌