لاوان و چالاکی سیاسی


فواد محەمەدی


گرینگی لاوان لە گۆرانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە هەر وڵاتێک بە تایبەت وڵاتی ئێران کە زۆرتر لە نێوەی لە حەشیمەتی ئێران و کوردستانیش جەمعیەتەکەی گەنجە و یەکێک لە تایبەتمەندیگەل وڵاتی ئێران ئەوەیەکە وڵاتێکە لاو. هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی گرینگی ئەم پوتانسییەڵ و تایبەتمەندیە وەکوو ئیمتیاز و سەرمایەیکی گەورە بۆ گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. لە پێشەکی بابەتەکەدا ئاماژەی بە چەمکی لاو یان گەنج دەکرێت.
لە روانگەی کۆمەڵناسیەوە لاو کەسێکە، کەسایەتی بۆ خۆی قایل دەبێت، نەسڵ یان جیلێکە نەک چینێکی تایبەت و بەردەوام. ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری لە بەر ئەوەی کە وابستە و گرێدراوی وەهای نیە لە بابەت هەندێک بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە (وەکوو ئیش و کار و خێزان و منداڵەوە). ئەم یەکدەست نەبوون و کەسایەتی قایل بوون و هەروەها وابستە نەبوون و حەز و ئاواتی گەنج بۆ ئەزموون کردنی جۆرێکتر لە ژیان یان بە واتایکیتر ئەزموون کردنی ژیانێکی نوێ و هێز و وزەی سەردەمی لاوی فاکتورگەلی سەرەکین لە بەشداری لاوان لە شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دا. هەروەها کە دەبینین زۆربەی خەباتکار و شۆرشگێرەکان لاوانن. لەباری کۆمەڵایەتی و دەروونناسیشەوە کەسایەتی لاو بە جۆرێکە حەزی لەوەیە کە خاوەن شوناسی تایبەت بە خۆی بێت. هەر لە سەردەمی لاویدایە کە گەنج یان لاو دەبێتە لایەنگری حیزب و رێکخراو و بیروباوڕە جیاوازەکان و ئەوەیشەکە حیزب و رێکخراوەکان لە ناو لاوان دا لایەنگری زۆریان هەیە. لاو بە جیابوون لە بنەماڵە و پەیوەست بوون بە گروپ و رێکخراوە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەوڵ ئەدا ئەو هەستی سەربەخۆی خۆیە پیشان بدات. کۆماری ئیسلامیش بە تێگەیشتن لەو راستیانەیە کە بە تەواو هێز و توانایەوە هەوڵ ئەدا بە هەر جۆرێک ئەکرێت، ئەو هێز و وەزەو و تواناییە بۆ گۆڕان کە لە ناخی گەنجانی ئێران و بە تایبەت گەنجانی کوردستان بوونی هەیە، بەری پێبگرێت یان کونترۆڵی بکات. گەنجانێک کە زۆربەیان بیر و هەستێکی بە هێز لە تێکۆشەر بوون و حەق خوازیان هەیە. یەکێک لە سەرەکیترین شێوەگەلی نامرۆڤانەش کە کۆماری ئیسلامی دژ بە لاوان و کونترۆڵ کردنیان گرتوویەتە بەر پەرەپێدانی بەڵای ماڵوێرانکەری ئێعتیادە لە نێو کۆمەڵگا و تووش کردنی لاوانە بە مادە هۆشبەرەکان. بە بێ گرینگی دان بەوەی کە ئێعتیاد و پەرەسەندنی وەکوو خەسارێکی گەورەی کۆمەڵایەتی زەبرێکی کوشندەیە لە بنەڕەتی هەر کۆمەڵگاێک و داهاتووی ئەو کۆمەڵگا و تاکەکانی ناو کۆمەڵگاکەش بەرەو وێرانی دەبات.

داکوکی لە سیاسەت و چالاکی سیاسی
توماس هۆبز لە مودێلەکەیدا باسی لە دەوڵەتێکی نایابی سرووشتی کردووە کە تێیدا هەموو تاکەکان بە یەکسان کەڵک لە سەرچاوەکانی سرووشت وەردەگرن. بۆ هۆبز دەرکەوت کە ئەمجورە رێکخستنە بۆتە هۆی پەیدا بوونی " شەڕی هەمووان دژی هەمووان" جگە لەوەش بۆی دەرکەوت کە مرۆڤەکان لەو حاڵەتەدا دەچنە نێو دۆخی پەیمانی کۆمەڵایەتی و دەستبەرداری مافی رەهای خۆیان بۆ هەندێ جۆری پاراستن دەبن. سیاسەت وەکوو زۆربەی زانستە مرۆییەکان هەڵگری پێناسەگەلێکی جۆراوجۆرە. وشەی سیاسەت( پۆلێتیک) لە وشەی یونانی پۆلێتیکاوە هاتووە. رامیاری یان سیاسەت بە شێوەیەکی گشتی، هەموو ئەو هونەرانە لە خۆ دەگرێت کە شێوەی دابین کردنی پێَداویستیەکانی کۆمەڵگای مرۆیی دیاری دەکات وەکوو چۆن ئەڵێن، سیاسەتی ئابووری یان سیاسەتی پەروەردە و بارهێنان. جگە لەوەش دەتوانین ئاماژە بەم پێناسەگەلە بکەین کە تایبەتیترە: ئەوەی پەیوەندی بە کاروباری گشتیەوە هەیە، زانست و هونەری هەڵسوکەوت و هەروەها هونەری بەرێوبەرایەتی کردن و جێبەجێ کردنی ئەمری مومکینە. ئەزموونە مێژووییەکانی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ پیشانیان داوە کە زۆرداران بە هیچ چەشنیًک ئیزن نادەن خەڵک لە کاروباری گشتی دەس وەربدات. ئەم رژیمانە سیاسەت وەکوو دیاردەیەکی قیزەوەن و دزیو پیشان ئەدەن و پێیان خۆشە خەڵک بیر لە مافە سیاسیەکانی خۆیان کە بریتیە لە رێکخستنی پێوەندی نێوان دەسەڵاتەکان و هاوڵاتیان نەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی یەکێک لە نموونە سەرەکیەکانی ئەو دەسەڵاتانەیە.
رەوتی مێژوویی سەدەی پێشووە سەلماندوویەتی، خەباتگێران و چالاکانی تێکۆشەر و دڵسۆز و لە خۆبردوو و بیرمەندانی سیاسی کردەگەرا، بە چالاکی سیاسی خۆیان، زۆرترین رۆڵ و دەوریان بووە لە جێخستن و بایەخ پێدانی کۆمەڵگا بە بەها مودێرنە دیموکراتیکەکان و چالاکی وشیاریدەرانە

ئەم رژیمە بۆ دریًژەدان بە دەسەڵاتی رەشی خۆی لە هەر ئامرازێک کەڵک وەردەگرێت. کۆماری ئیسلامی هەر لە دەنگ و رەنگەکەیەوە بگرە هەتا رێکخراوی پروپاگەندەی ئیسلامی و کتێبە دەرسیەکان، بیری دژە ئینسانی وڵایەتی رەهای فەقیە پەرە پێدەدات. هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ماڵوێرانییەکی گەورەی بۆ خەڵک بەرهەم هێناوە. ئەم سیاسەتانە وای کردووە کە هاوڵاتیان لە ئاخاوتنەکانیان دا سیاسەت بە درۆودەلەسە پێناسە بکەن. بەم پێیە لاوان دەبێت وشیار بن چوونکو ئەمە هەر ئەو شتەیە کە دەسەڵاتی سەرەڕۆ دەێهەوێت. بە واتای دیکە دەسەڵاتدارانی رژیم ئەوەندە بەهای چالاکی سیاسیان بردووەتە سەرەوە کە خەڵک زۆر بە دوورەپەرێزیەوە بەرەوڕووی چالاکی سیاسی دەبنەوە. ئەمە لە کاتێک دایە کە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا، خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراتیکن. گەیشتن بە وەها قۆناغێکیش بە بێ شارۆمەندانێکی خاوەن وشیاری سیاسی وەدی نایەت. هەر بەم پێیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی لاوانی ئێران بەگشتی و لاوانی کورد بە تایبەتی، تەیار کردنی خۆیان و کۆمەڵگاکەیانە بە چەکی وشیاری سیاسی.
ئەرەستوو مرۆڤی بە ئاژەڵی سیاسی پێناسە کردووە و ئەمەش ئاماژەێکە بە گرینگی و کاریگەری سیاسەت لە سەر ژیانی مرۆڤ. بەم پێیە دەتوانین بڵێن کۆماری ئیسلامی دەێهەوێت کە زۆربەی خەڵک تووشی لە خۆ نامۆ بوون بکات و لە ئەسڵی خۆیان کە هەمان سیاسی بوونە دووریان بخاتەوە. لاوان دەبێ لەم راستیە بگەن کە خەباتی سیاسی لە وڵاتێکی وەکوو ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، ئەمرێکی پێویستە. تێکۆشەرانی سیاسی لەم وڵاتە زۆربەیان خاوەن سرووشتێکی حەق خوازانەن و بۆ مافە سەرەتاییەکانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان تێدەکۆشن. هەروەها لە بەرانبەر رژیمێکی دڕندە راوەستاوەن کە لە هیچ کردەوەێکی نامرۆڤانە خۆ نابوێرێت. لە زیندان و ئەشکەنجەوە بگرە تا دەستدرێژی و لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بە درێژای سی ساڵی رابردوو لە ئێران و کوردستان بەرێوە چووە. سیاسەت تێکوشانێکە بۆ بە دەست هێنانی دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ خزمەت کردن بە خەڵک بە پێی پرۆگرامێک کە هەڵقوڵاوی داخوازییەکانی خەڵکە. بەڵام سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی کە بەسەر خەڵکدا سەپاوە، کاریگەری نێگەتیڤی کولتووری و کۆمەڵایەتی زۆری لەم بوارەدا بە جێهێشتووە. بە پێچەوانەوە رەوتی مێژوویی سەدەی پێشووە سەلماندوویەتی، خەباتگێران و چالاکانی تێکۆشەر و دڵسۆز و لە خۆبردوو و بیرمەندانی سیاسی کردەگەرا، بە چالاکی سیاسی خۆیان، زۆرترین رۆڵ و دەوریان بووە لە جێخستن و بایەخ پێدانی کۆمەڵگا بە بەها مودێرنە دیموکراتیکەکان و چالاکی وشیاریدەرانە. ئەزموونەکانی مێژوویی هاوچەرخ پێمان دەڵێن کە هێزی خەڵک بە وشیاری سیاسی و بوێری و خەباتی بەردەوام توانیویانە گەورەترین دیکتاتورەکانی سەردەم لە سەر دەسەڵات بێننە خوارەوە و چارەنوسێکی دیکە بۆ خۆیان بێننە ئاراوە.
هەر بەم پێیە هەر وا کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، لاوانی ئێران بە گشتی و لاوانی کوردستان بە تایبەتی وەکوو هێزی سەرەکی گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە هەست بە بەرپرسایەتی و باوەر بەخۆ بوون دەتوانن هەوڵەکانیان بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بازنەی سیاسی وڵاتەکەیان دا چڕتر بکەنەوە و بە وشیاریەوە بەرەو داهاتووێکی روون بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان هەنگاو هەڵهێنن.

سەرچاوە: رۆژنامەی ژمارە(85)ی ئاسۆی رۆژهەڵات

PM:02:34:05/11/2012




ئه‌م بابه‌ته 1156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌