کوردەکان: خەڵکانێک کە بە شوێن وڵاتەکەیاندا دەگەڕێن



ئاسۆی ڕۆژھەڵات: کێڤین مکیرنان  (Kevin McKiernan)  لە ساڵی ١٩٩١ەوە، دەربارەی کوردەکان لە عێراق، ئێران و تورکیا و سووریا نووسیویەتی بەڵام ئەو ساڵی ١٩٧٠ پیشەکەی خۆی وەک رۆژنامەنووس و ژۆڕنالیست دەستپێکرد و پەرژایە سەر تێکھەڵچوونە چەکدارانییەکانی ئەمریکییە رەسەنەکان. لە کتێبی کوردەکان خەڵکانێک کە بە شوێن وڵاتەکەیاندا دەگەڕێن (The Kurds a people in search of their homelands) وێکچوونەکان دەخاتە روو- نموونە ھاوبەشەکانی وەک کەلتوور و زمان و جینۆساید بەکار دەبات- لە نێوان مێژووی ئەمریکییە رەسەنەکان و ئەزموونی کوردەکان. کوردەکان بە حەشیمەتێکی زیاتر لە 35 میلیۆن کەسەوە  گەورەترین گرووپی ئیتنیکین لە دونیا کە دەسەڵاتی خۆیان نییە، بەڵام تا ئێستا بەردەوام لە ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی. دوای جەنگی یەکەمی جیھانی بەڵێن بە کوردەکان درا کە وڵاتێکی خۆیان ھەبێت، بەڵام خەونەکان بە ھۆی گوشاری ناسیۆنالیستە تورکییەکان و سەرلەنوێ خۆ نوێکردنەوەی ھاوپەیمانەکانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رووخان. ساڵەکانی دواتری سەدە- سەدەی بیستەم- مێژووی کوردەکان پڕ بووە لە تێکھەڵچوونێکی بەردەوام. 

کێڤین مکیرنان (Kevin McKiernan) مێژووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لە گەڵ گێڕانەوەی تایبەتی خۆی تێکەڵ کردووە، بەو شێوەیەی کە خۆی رووبەڕوو کوردەکان لە شاخەکان لە ئێران و عێراق و شانە  نھێنیەکان لە تورکیا و خانووی ئەمنی گەریلاکان لە سووریا و لوبنان بینیوە . ئەم کتێبە ٣٩٠ لاپەڕەییە لە ٥ بەش یان وەک نووسەر دیاری کردووە لە ٥ کتێب پێک ھاتووە. لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسەر دەڵێت :" لە ماوەی ١٥ ساڵ سەفەرمدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەکی زۆر کوردم بینی، ئەو کەسانەی کە منیان بانگھێشت دەکرد بۆ ماڵی خۆیان بەوەی کە ژیانیان لە نزیکەوە ببینم. گوێم لە چیرۆکەکانیان گرت و لە خەونەکانیاندا ھاوبەش بووم و بەم بۆنەوە زۆر ھەستم بە خۆشی دەکرد.

تیموسی وارگێر (Timothy warger) لە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی (Sandra Dijkstra ) پێشنیاری پێکردم بەوەی کە کتێبێک دەربارەی کوردەکان ئامادە بکەم دوای ئەوەی راپۆرتێکم دەربارەی عێراق خوێندەوە. " لە کتێبی یەکەمدا یان بەشی یەکەمی کتێبەکەدا کە بە ناوی (The stage of set)   ٧ باس دێنێتە گۆڕ.  باسی یەکەم بە ناوی (Viva La fiesta   ) (بژی جیژن و خۆشی). ئەم بەشە بەم شێوەیە دەست پێدەکات. لەگەڵ ئەوەی بۆڵدزێرەکان تەرمی ٥٤ کەسیان ھەڵدایەوە کە ساڵی ١٩٨٣ لە لایەن سەربازەکانی سەدام حوسێنەوە ئێعدام کرابوون، ژمارەیەک لە کوردەکان کە لە کەمپە زۆرە ملێکاندا دەژیان بە شێوەیەکی کونجکۆڵانە دەستیان کرد بە ھەڵدانەوەی زەوی. "ئەو تەرمانە تەنھا کۆمەڵێک ئێسک بوون بە جل و بەرگەوە." یەکێک لە پەنابەرەکان ئەوەی گوت. زۆربەی دیلەکان دەستیان بەسترابوو. پەنابەرێکیتر ئەمەی گوت. ئاماژە بوو بەوەی کە ئەم کەسانە زۆر بە پەلەپڕووزە و خێرا ئێعدام کراون. 

باسی دووھەمی کتێبی یەکەم بە ناوی نەتەوەی شاراوە یان گەمارۆدراوی فەرامۆشکراو ( ١٩٩١: secret Nation or forgotten Enclave?  ) باس لە شەڕی کوێت و دواتر ھۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕش لە کوردستانی باشوور دەکات.  لە باسی سێھەمی کتێبی یەکەمدا بە ناوی "جاری دووھەم کە سەردانی کوردستانم کرد" (A second Visit to Kurdistan) لەم بەشەدا ئەڵێت :" بۆ جاری دووھەم گەڕامەوە بۆ عێراق و تورکیا لە پاییزی ١٩٩١ بە ڤیزەیەکی تایبەتەوە بۆ فێربوون و زانیاری وەرگرتن دەربارەی کوردەکان و ئەوەی کە بۆچی ئەمریکییەکان گرینگی بەم ناوچەیە دەدەن." ئەو ئەڵێت لە ئیستانبووڵەوە کۆرسی تایبەتم دەسی پێکرد.

لەوێوە سەردانی دیاربکەر دەکات. " لە بەرەبەیانێکدا خۆم لە بەشی باشووری رۆژھەڵاتی تورکیادا بینییەوە لە شارێکدا کە پێی دەڵێن دیاربەکر. دیاربەکر بە پێتەختی کوردەکان دەژمێردرێت. باس لە مێژووی دیاربەکرد و فەزای شاری شاری دیاربەکر و تەنانەت جۆری جل پۆشینی خەڵکی ئەو ناوچەیە و رەفتار و ھەڵسووکەوتی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکات. ھەروەھا باس لەوە دەکات کە لەم شارە ژمارەیەک ئەمریکیم بینی کە ئەوانیش بە مەبەستێکی ھاوشێوەی مەبەستی من، واتە بۆ کارکردن و لێکۆڵینەوە لەسەر کلتووری کوردەکان ھاتبوونە ئەم شارە. لە باسی چوارەمی کتێبی یەکەمدا بە ناوی تاوانەکان  (Atrocities) باس لە تاوانەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کوشتنی بەکۆمەڵی بارزانییەکان و سەرجەم ئەو رووداوانە دەکات کە لە کوردستانی باشوور روویانداوە تا بەھاری ١٩٩١ و ھەر لەم بەشەدا باس لە سولەیمانی ١٩٩١ دەکات و باس لە شوێنگەی جوگرافیایی سلێمانی دەکات. 

لە بەشی ٥ی کتێبی یەکەمدا باس بە ناوی The Leadership باس لە مێژووی دەسەڵاتدارێتی کوردستان ئەکات. یەکەم باس لە سەرۆک کۆماری بوونی مام جەلالەوە دەست پێدەکات لە ساڵی ٢٠٠٥. ئەڵێت :" کە ساڵی ٢٠٠٥ جەلال تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق مەسعوود بارزانی بوو بە سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، ھەواڵەکە وەک بۆمب تەقیەوە. لێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ دیداری خۆی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و ئەنووسێت :" ساڵی ١٩٩١ کە جەلال تاڵەبانیم بینی ٥٦ ساڵی تەمەن بوو. کەسێکی قسەخۆش و زانا و ئەتەکێتی سیاسی ھەبوو. ئەو یاسای خوێندبوو لە بەغداد. دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ بوو بە ئەندامێکی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان، لە دەیەی ١٩٧٠ دا تاڵەبانی چەند ساڵێک لە مۆسکۆ ژیا، پاشان لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠دا PUKی دامەزراند. بەم شێوەیە باس لە سەرۆک کۆماری بوونی مام جەلال و کەسایەتی مام جەلال و ژیانی ئەو وەک سەرۆک کۆماری عێراقی نوێ دەکات و پاشان ئەو قسەیەی سەدام حوسێن دێنێتەوە کە عەفواتی بۆ ھەموو کورد دەرکردووە جگە لە مام جەلال.

ھەر لەم بەشەدا باس لە پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا دەکات ئەڵێت :" کوردەکان زۆریان پێ خۆشە بەوەی کە لە گەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی دۆستانەیان ھەبێت، لە سەر ئەساسی پاراستنی بەرژوەندییەکی دوو لایەنە. بەڵام ئەم پەیوەندییە تا چەند پەیوەندییەکی دولایەنەیە؟ لەم بەشەدا دەپەرژێتە سەر پەیوەندییەکانی کورد و پارتە کوردییەکان لەگەڵ ئەمریکا و لای وایە کەمتر ئەم پەیوەندییە بە شێوەی دیپلۆماتیکی بەڕێوە چووە ." ھەر لەم بەشەدا باسێکی کورد لە کۆماری کوردستان و مێژووی کۆمار دەکات. 

ئەم کتێبە لە بەشەکانیتردا دەپەرژێتە سەر کۆمەڵێک بابەتیتر وەک " ئەلقاعیدە لە کوردستان" و تیرۆریسم لە کوردستان. ھەروەھا ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی بینیوەو وتووێژی لەگەڵ کردوون لەوانە "شاڵاو عەلی عەسکەری" و لەو رێگاشەوە باس لە ژیان و کەسایەتی "عەلی عەسکەری دەکات. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠١٠لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی Martin press لە نیۆیۆرک  چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

PM:04:41:02/12/2015




ئه‌م بابه‌ته 1183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌